کوردستانی

فایەق گوڵپی: تادێت گۆڕانخوازان لە یەکێتی دووردەکەونەوە و لە پارتی نزیکدەبنەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


فایەق گوڵپی: تادێت گۆڕانخوازان لە یەکێتی دووردەکەونەوە و لە پارتی نزیکدەبنەوە
مەودا میدیا-

فایەق گوڵپی، سیاسەتمەداری کورد لە نووسینێکدا باس لە کتێبی "لە بری بیرەوەری" مەلا بەختیار دەکات و چەند راستییەک لەسەر مێژوو و هەڵوێستەکانی نەوشیروان مستەفا و مەلا بەختیار باس دەکات و رایدەگەیەنێت ئەم گۆرانخوازانە بە یەک چاو سەیری کاک نەوشیروانی سەردەمی یەکێتی و شاخ و کاک نەوشیروانی سەردەمی گۆڕان دەکەن.

لە نووسینەکەیدا فایەق گۆڵپی رایگەیاندووە "لە کتێبی لە بری بیرەوەری مەلا بەختیارم خوێندەوە، وەک پێشمەرگەیەکی شۆرشی نوێ، ئاگاداری بەشێک لەو رووداوانەم کە مەلا بەختیار دەیانگێڕێتەوە، ئاگادارم کە ململانێییەکی توندی ئایدۆلۆژی و سیاسی لەسەر کوردایەتی و دەسەڵات، لە نێوان کاک نەوشیروان و مەلابەختیاردا هەبوو، ململانێکەی ئەو کاتە بە سەرکوتکردنی مەلا بەختیار و بە سەرکەوتنی کاک نەوشیروان کۆتاییهات".

ئاماژەی بەوەشکردووە "لە بری بیرەوەریدا، مەلا بەختیار خۆی و هاورێکانی ( کۆمیتەی هەرێمەکان) بە زوڵملێکراو دەزانێت و داکۆکی لە خۆیان دەکات، وەڵامی کتێبەکەی ئیبراهیم جەلال و کتێبەکانی نەوشیروان مستەفا و هەڵویستەکانی مام جەلال و هەڵوێستی بەرپرسەکانی تر دەداتەوە کە دژی وەستاونەتەوە، لە کاتی خۆپاراستندا، مەلا بەختیار هەندێک لاپەرەی لەسەر بارودۆخی ناوخۆیی ئەو سەردەمەی یەکێتی و ژیانی سیاسی بەرپرسەکان هەڵداوەتەوە، هەروەها بە لای منەوە سروشتییە مەلا بەختیار بیرەوەری خۆی بنوسێت و داکۆکی لە خۆیبکات و وەڵامی رکەبەرەکانی بداتەوە، ئەوەی بە لای منەوە سروشتی نییە و دژە دیموکراتیە، ئەو ئاگرگرتنەی گۆرانخوازنە کە بە هەموو شێوەیەک پەلاماری مەلابەختیار دەدەن و کوێرانە داکۆکی لە کاک نەوشیروان دەکەن".

ئەوەشی خستووەتەڕوو "ئەم گۆڕانخوازانە بە یەک چاو سەیری کاک نەوشیروانی سەردەمی یەکێتی و شاخ و کاک نەوشیروانی سەردەمی گۆڕان دەکەن، نازانن کاک نەوشیروان لەسەردەمی یەکێتی و شاخدا خاوەنی کۆمەڵێ سیفاتی سیاسی بووە لەو سیفاتە سیاسیانەی سەردەمی گۆڕان جیاوازبووە، ئەو سفاتە سیاسیانەی سەردەمی یەکێتی کاک نەوشیروان، بە دڵی مەلابەختیار و هاوڕێکانی نەبووە و تا ئێستاش دژی وەستاونەتەوە، بەڵام بە دڵی هەزاران بەرپرس و کادری تری یەکێتی بووە و تا ئێستاش داکۆکی لێدەکەن".

فایەق گوڵپی نووسیوویشیەتی "من بەو گۆرانخوازانە دەڵێم ئێوە هەڵەن، ئەوەی ئێستە مەلا بەختیار لە کتێبەکەیدا لەسەر کاک نەوشیروان باسیکردوە، کاتی خۆشی هەمووی بە کاک نەوشیروان وتوە و کاک نەوشیروانیش وەڵامی داوەتەوە.بۆ نمونە لە کۆنفرانسی سێی کۆمەڵەدا، مەلا بەختیار بە کاک نەوشیروانی وت بۆچی لە شەری قرناقە و پشت ئاشاندا دیلەکانی حزبی شیوعیتان کوشت؟ کاک نەوشیروان وەڵامی دایەوە و وتی: یەکێک لە پێوانەکانی سەرکەوتن بەسەر دوژمندا لە شەردا، ئەوەیە کە چەند کەس لە دوژمنەکەت دەکوژی".

باسی لەوەشکردووە "لە پەلامارەکانیاندا دژی مەلا بەختیار،گۆرانخوازان دەیانەوێت بە جەماوەری یەکێتیش بڵین، مەلابەختیار لە رابوردودا لە یەکیتی جیابۆتەوە و زیانی بە یەکێتی گەیاندووە، بەم کتێبەشی خەباتی یەکێتی لەبەر چاوی خەڵک رەشکردوە. منیش دەڵێم جیابوقنەوەکەی مەلا بەختیار هێندە زیانی بە یەکیتی نەگەیاند،لەبەر ئەوەی مەلا بەختیار لە جیابونەوەدا سەرکەوتو نەبوو، لە جیابوونەوەکە پەشیمانبووە و گەڕایەوە بۆ ناو یەکێتی، بەڵام جیابوونەوەی کاک نەوشیروان لە یەکێتی سەرکەوتوو بوو، تا دێت گۆڕانخوازان لە یەکێتی دووردەکەونەوە و لە پارتی نزیکدەبنەوە، تا ئێستا بیریان لە گەرانەوە بۆ ناو یەکیتی نەکردۆتەوە،بۆیە دەتوانم بڵیم گۆران زیانی زۆری بە یەکێتی گەیاند، یەکێتی کردە حزبی دوەمی هەرێمی کوردستان، هەروەها جیابوونەوە لە یەکێتی و رەخنەکردنی خەباتی یەکێتی و رەشکردنی خەباتی یەکێتی، تەنها خەتای مەلابەختیار و کاک نەوشیروان نییە، ئەوە سیستەمی سیاسی و رێکخستنی یەکێتیە کە زەمینەی ئەو جیابونەوانە خۆشدەکات".
 
س.س
Qaiwan
Qaiwan