کوردستانی
دەوامی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێم دەستپێدەكات
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا - کاروان نوری
ئەمڕۆ یەکشەممە، دەوامی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم دەستپێکردەوە و بەپێی رینماییەکان خوێندنی ئەمساڵ لە زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێم بە سیستەمی ئاوێتە دەبێت، بەشێك لە وانەكان لەناو كەمپەس دەخوێندرێن و بەشێكی دیكەش بە شێوازی ئۆنلاین دەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 4-10-2020، دەوامی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم بۆ ساڵی نوێی خوێندن 2020-2021، بە جێبەجێکردنی رێککارە تەندروستیەکان و رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی، دەستیپێکردەوە.
د. ئیپتیسام ئیسماعیل، راگری كۆلیجی زانسته مرۆڤایهتیهكانی زانكۆی سلێمانی لە لێدوانێکی تایبەتدا بە مەودا میدیای ڕاگەیاند "بە جێبەجێکردنی رێککارە تەندروستیەکان و رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی، دەوامی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم بۆ ساڵی نوێی خوێندن 2020-2021، دەستپێکردەوە.
ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو "بەپێی رێنماییەکانی وەزارەت، خوێندنی ئەمساڵ لە زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێم بە سیستەمی ئاوێتە دەبێت، بەشێك لە وانەكان لەناو كەمپەس دەخوێندرێن و بەشێكی دیكەش بە شێوازی ئۆنلاین دەبێت، لەكاتی خوێندنی ئەو وانانەی لەناو كەمپەس دەخوێندرێن، پێویستە مامۆستا و خوێندكاران پابەندی ڕێكکارە تەندروستیی و خۆپارێزییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بن.
روونیشیکردەوە "لەبەر سەلامەتی خوێندکاران و دروست نەبوونی قەرەباڵغی لە ناو زانکۆ و بەشەناوخۆیەکان، هەوڵی تەواو دەدەین بۆ ئەوەی لەکاتی دابەشکردنی بەشەناوخۆی خوێندکاران، وانە پراکتیکیەکان، بەپێی رەچاوکردنی رێنماییەکانی وەزارەت بێت و خوێندکاران لە هەر ئەگەرێک بۆ تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بپارێزین".
ک.ن