راپۆرت

كورد و هاوپەیمانێتی؛ هەدەپە لە پرۆژەی كامیاندا سیاسەت وازی دەكات؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


كورد و هاوپەیمانێتی؛ هەدەپە لە پرۆژەی كامیاندا سیاسەت وازی دەكات؟
مەودا میدیا- خەڵەف غەفور
ساڵی 2020؛ دوو سیاسەتڤانی نزیك لە رەجەب تەیب ئەردۆغان پارتی نوێیان دامەزراند و بەوەش زەنگەكانی مەترسی بۆ سەر ئەو زیاتر بوون، روونتر بڵێم پرۆسەی سیاسی لە توركیا وردە وردە خەریكە رەنگی ئەردۆغانی لەسەر كاڵ دەبێتەوە، بەڵام ئەمە مانای روخانی بەئاسانی نییە. لەگەڵ ئەوەشدا دامەزراندنی پارتی ئایندە لەلایەن ئەحمەد داود ئۆغڵو، پارتی دیموكراسی و پێشكەوتنی توركیا لەلایەن عەلی باباجان-ەوە بەتەواوی ئاسۆی گۆڕانكاریی لە نەخشەی سیاسیی توركیا دەباتە قۆناغێكی جیاوازترەوە.

باباجان و ئۆغڵو لە كەسە نزیكەكانی سەرۆك ئەردۆغان بوون، یەكەمیان لە سەرەتا وەكو راوێژكاری باڵای ئەردۆغان بۆ كاروباری دیپلۆماسی، دواتر بووە وەزیری دەرەوە و كۆتا پلەشەی كە ئەردۆغان پێیدا سەرۆك وەزیرانی توركیا و سەرۆكی پارتی داد و گەشەپێدان بوو. هەرچی عەلی باباجانە، سێ خول پەرلەمانتار بووە، بەدوای یەكیشدا وەزیری دارایی، وەزیری دەرەوە و ماوەیەكیش جێگری سەرۆك وەزیرانی توركیا بوو.

لەبارەی هۆكاری جیابوونەوەشیانەوە لە ئەردۆغان و ئەكەپە هەردوو سیاسەتڤان ئەردۆغان بە قۆرخكاری سیاسی و دەسەڵاتخوازی و تەسككردنەوەی مەوداكانی ئازادیی سیاسی و رۆژنامەوانی تۆمەتبار دەكەن و پێیانوایە لە ئامانجە بنەڕەتییەكانی ئەكەپە دووركەوتووەتەوە.

رۆژی شەممە 10/10/2020 عەلی باباجان یەكەمین كۆنگرەی پارتەكەی لە ئامەدی باكووری كوردستان سازكرد، ئەمە دوو ئاماژەی لێ دەخوێنرێتەوە:

یەكەم: دەنگی كورد لە باكووری كوردستان بۆ سەركەوتنی هەر حزبێك گرنگە، ئامەد چەقی ململانێی كۆی حزبە سیاسییەكانی توركیایە، بەبوونی دەیان هۆكاریش زۆرینەی حزبە سیاسییەكانی توركیا لە ئامەد خاوەن دەنگن.

دووەم: ئامەد بۆ ئایندەی سیاسی و هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتی توركیا لەنێوان ئۆغڵو و ئەردۆغان و باباجاندا ژمارەیەكی یەكلاییكەرەوە دەبێ، لەگەڵ ئەوەشدا لای هیچ یەكێك لەو سێ سەركردەیە پرۆژەی سیاسی بۆ چارەسەركردنی دۆزی كورد نییە. كە دەڵێم ئامەد مەبەستم دەنگی كورد لە باكوور.

نەخشەی سیاسیی توركیا
لەئێستادا نەخشەی سیاسی توركیا، بلۆكبەندیی جیاوازی لەخۆگرتووە، پارتی داد و گەشەپێدان "ئەكەپە" بە سەرۆكایەتیی ئەردۆغان لەگەڵ پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی توركیا "مەهەپە" بە سەرۆكایەتیی دەوڵەت باخچەلی هاوپەیمانن، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا زۆر شار و ناوچەیان لەدەستدا دیارترینیان شارەوانی ئەنقەرە و ئیستانبوڵ بوو، بۆیە بلۆكی ئەردۆغان- باخچەلی كێشە و مەترسیی زۆری لەپێشە.

لەهەمان هەڵبژاردن بلكۆبەندیی پارتی گەلی كۆماری "جەهەپە" بە سەرۆكایەتیی كەمال كڵیچدار ئۆغڵو لەگەڵ پارتی دیموكراتی گەلان "هەدەپە" بە سەرۆكایەتیی سزایی تەمەللی هەبوو، تاڕادەیەكی زۆر ئەم بلۆكە سەركەوتوو بوو و چاوەڕاندەكرێت لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا هەر لەیەكەوە نزیك بن.

بلۆكی نوێ كە رەنگە دژبوونی ئەردۆغان كۆیان بكاتەوە بریتین لە پارتی ئایندەی ئەحمەد داود ئۆغڵو لەگەڵ پارتی ئاشتی و دیموكراسیی توركیا "دێڤا" كە عەلی باباجان سەرۆكی دەبێت، بەڵام هەریەك لەو دوو كەسایەتییە ئاسان ناچنە ژێرباری بەرنامەی ئەو دیكە، لەگەڵ ئەوەشدا كاركردنی هاوبەشیان لەناو ئەكەپە بۆ ماوەی چەند ساڵێك دەرفەتی باشیشیان دەخاتە پێش بۆ هاوپەیمانێتی و كاری پێكەوەیی، هەروەك لە  هەموو كەس زیاتر شارەزای سروشتی ئەردۆغانن و دەتوانن خاڵە لاوازەكانی بەكاربهێنن.

لێرە دوو وێنەی روون هەیە:
یەكەمیان: رەجەب تەیب ئەردۆغان لەو سیاسەتڤانانەیە بە ئاسانی بە شكست رازی نابێت، بەتایبەت دەیەوێت لە یادكردنەوەی 100 ساڵەی دامەزراندنی توركیا لە ساڵی 2023 هێشتا سەرۆك بێت و بنەماكانی كۆماری دووەم بەتەواویی بچەسپێنێ‌. بۆ ئەوەش ئەردۆغان جگە لە مەهەپە پێویستی بە هاوپەیمانی ترە، بەتایبەت دۆخی خراپی ئابووری و بێكاری و تێوەگلانی توركیا لە چەندین شەڕی دەرەكی و بەرتەسككردنەوەی ئازادییەكان كارتی باشن لەدەست نەیارەكانی و لەسەر ئاستی دەرەكییش ئێستا ئەردۆغان دڵمەند نییە، دەگونجێ دەرفەتێكی دیكە لەلایەن ئەردۆغانەوە بۆ چارەسەریی دۆزی كورد بڕەخسینرێ، بەڵام ئەمە ئەگەرێكی لاوازە و هەدەپە وائاسان رازی نابێت و دوابڕیاریش لای قەندیلە.
دووەم: دوو بلۆكبەندیی جیاوازی وەكو "باباجان- ئۆغڵو" ئەگەر دروستت ببێت، لەگەڵ بلۆكبەندیی "هەدەپە- جەهەپە" ناتوانن بەسەر ئەردۆغاندا سەربكەون، بەڵام هاوپەیمانێتی ئەو چوارەیان دەرفەتی گەورە بۆ شكستی ئەردۆغان دەڕەخسێنێ‌، بەڵام ئایا ئەوەش ئاسان دەكرێت؟

هەدەپە، كە بڕیاری گرنگی بۆ چوونە هەر هاوپەیمانێتییەك لەدەست خۆی نییە و پێویستە لە قەندیلەوە بڕیاری لەسەر بدرێت لەسەر ئاستی تیۆر، هەڵبەت وەكو ئەگەری سیاسی چاوەڕوانكراویش دەكەوێتە بەردەم خۆساغكردنەوەی لەبەردەم سێ داوای هاوپەیمانێتیدا:

یەكەم: دەنگی كورد بۆ ئەردۆغان گرنگە، بەڵام نزیكبوونەوەی لە هەدەپە، دەوڵەت باخچەلی توڕەدەكات و دەنگی بەشێك لە نەتەوەییە توندڕەوەكانی توركیش لە ئەردۆغان دەكات. 
دووەم: دوای هاوپەیمانیی بوونیان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان، جەهەپە سەركەوت و پرۆژەیەكی سیاسی گرنگی بۆ چارەسەركردنی دۆزی كورد نەخستەڕوو، بەشێكی لە شەقامی كوردی لەمە توڕەن، ئایا هەدەپە دەتوانێت بەو شێوەیە لەگەڵ جەهەپە بەردەوام بێت و هیچ قازانجێكی سیاسی لێوە دیار نەبێت؟
سێیەم: باباجان و ئۆغڵو پرۆژەی سیاسییان بۆ كورد نەخستووەتەڕوو، بەڵكو تێچێنیان لەسەر سیاسەتەكانی ئەردۆغان بەرانبەر كورد هەیە، بۆ نموونە باباجان دەڵی دژی دانانی قەیومەكانی ئەردۆغانیان لە شارەوانییە كوردییەكان، ئەمە نە بەسە و نە پرۆژەیە، پێشتر ئەردۆغان هەنگاوی زیاتری بۆ چارەسەركردنی دۆزی كوردنا، بەڵام دڵمەند نەبوو و دواتر لێی كشایەوە.

بە جەختكردنەوە لە گرنگی دەنگدەری كورد بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی توركیا، ئیتر چی پێشوەخشت ئەنجامبدرێ یان لەكاتی خۆیدا، هەدەپە پێویستی بە ستراتیژێكی واقیعی و هەڵسەنگێندراوە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵی، دەگونجێت كارتی كوردی ئەمجارەیان بە باشی بەكاربهێندرێت.


Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان