کوردستانی

عومەر گوڵپی: رێژەی هەژاری سێ هێندەی ئەوەیە کە راگەیەندراوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


عومەر گوڵپی: رێژەی هەژاری سێ هێندەی ئەوەیە کە راگەیەندراوە
مەودا میدیا - کاروان نوری

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لەسەر بڵاوکردنەوەی ئاماری رێژەی هەژاری لە هەرێمی کوردستان هاتە دەنگ و دەڵێت "ئەو ئامارانە راست نین و ئەوە داتایی ساڵانی (2011 بۆ 2013)یە رێژەی هەژاری زۆر زیاترە لەو ژمارەیەیی کە بڵاویان کردووەتەوە".

عومەر گوڵپی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "وەزیرى پلاندانانی حکومەتى هەرێمی کوردستان زانیاری ناڕاستی بڵاوکردووەتەوە لەسەر رێژەی هەژاری، باسى لە ئامارى هەژارى کرد لە هەرێمى کوردستان و بەبێ ئاماژەدان بە ساڵى وەرگرتنى ئەو ژمارە ئامارییە وتى، "رێژەى هەژارى تەنها لەسەدا پێنج(5%)ە"،  بە پێى زانیاریى من ئەم ژمارەیە هەرگیز ئاماژەیەکی راستەقینە نییە لە دۆخى ئێستاى هاوڵاتییانى کوردستان و ژمارەى هەژارەکان چەند هێندە لەو ژمارەیە زیاترە".

ئەوەشی خستووەتەڕوو "حکومەتى هەرێمی کوردستان چۆن زانیارییەکى هەڵەى لەمجۆرە دەخاتەڕوو کە دەبێتە هۆى شێواندنى راستیەکان، بە پێى زانیاریى من ئەو ژمارەیەى هەژارى لە ساڵانى 2011 بۆ 2013 وەرگیراوە، ئەو کاتەى کە بوودجە لە بەغداوە دەهات و بە داهاتى ناوخۆ و گومرگ و نەوتەوە حکومەت مووچەى مانگانەى بە پێى یاسا دابەش دەکرد، تەنانەت بۆ نزیکەى (100,000) خێزان هەریەکەیان بڕى (150,000) هەزار دیناریان بەناوى (مووچەى چاودێرى خێزان) بۆ خەرج دەکرا بەهۆى ئەوەى "هیچ مووچە و سەرچاوەیەکى داهات"یان نەبوو".

روونیشیکردووەتەوە "ئەو ژمارە و داتایانەى وەزیر و وەزارەتى پلاندانان بڵاویان دەکاتەوە راست نین، ئەوەى پرسیارە لاى من وەڵامەکەى نادیارە ئەوەیە، چۆن وەزیرێکى حکومەتى هەرێمی کوردستان، بەو سادەییە، ئامارێکى ساڵى (2012) لە (2020) بۆ رایگشتى دەخاتەروو، ئایا ئەمە تەواوکارى ئەو راستیە نییە کە هەتا ئێستاش گەورەترین کیشەى حکومەت ئەوەیە بە شێوەیەکى راستەقینە ئاگادارى دۆخ و ژیانى خەڵک نیە و ناشیەوێت لەم رووەوە راستییەکان بۆ دامەزراوەکان و رایگشتى بخاتەروو، لە کاتێکدا سەرەتاى هەموو چارەسەرێک لە زانینى قەبارەى کێشە و گرفتەکان بەشێوەیەکى زانستى و راست و دروست و دەستخستنە سەر برینەکانەوە سەرچاوە دەگرێت".

ک.ن
Qaiwan
Qaiwan