کوردستانی

سالار مەحمود: سوتاندنی ئاڵای کوردستان کارێکی بەعسیانەیە

مەودا میدیا - سلێمانی |


سالار مەحمود: سوتاندنی ئاڵای کوردستان کارێکی بەعسیانەیە
مەودا میدیا - کاروان نوری

کاردانەوەکانی سوتاندنی ئالای کوردستان بەردەوامە و راوێژکاری سەرۆک کۆماری عیراقیش دەڵێت " سوتاندنی ئاڵای کوردستان، تاوان و ناجوامێری و رەفتارێکی بەعسیانەیە،  گوتارێکی جیاواز لە ریتمی رابردوو پێویستە لەلایەن هەرێمەوە، پەرلەمان بکرێتە مەرجەعی بڕیار بۆ پرسە باڵاکان".

سالار مەحمود، راوێژکاری سەرۆک کۆماری عیراق رایگەیاندووە "ئەگەر شەڕی کورد لەبەغدا هەر پلەو پۆست و پارە بێت، حەتمەن ئەوانیش شەرم لە شەهید و ئاڵاو پیرۆزیەکانمان ناکەن، سەرباری ئەو غەدرەی لە خەڵکی کوردستان دەکرێت لەلایەن حکومەتی عیراقیەوە، هێزە سیاسیەکانی عیراق وا شەقامی خۆیان تاوداوە، کە کورد بارن بەسەر عیراق و خێرو بێری دەبەن، لایان وایە کورد لەهەناودا ئەجندای پەرتکردن و جێبەجێکردنی سیاسەتی غەیرە عیراقیان هەیە".

ئەوەشی خستووەتەڕوو " تەنیا دوو کیلۆمەتر لەولای سوتاندنی ئاڵای کوردستانەوە لەبەغدا هێشتا تەرم و ئێسکو پروسکی سەدان ئەنفالکراوی گەرمیان و ئێزیدی شەنگال لە بەغدان، سوتاندنی ئاڵای کوردستان، تاوان و ناجوامێری و رەفتارێکی بەعسیانەیە،  گوتارێکی جیاواز لە ریتمی رابردوو پێویستە لەلایەن هەرێمەوە، پەرلەمان بکرێتە مەرجەعی بڕیار بۆ پرسە باڵاکان، کورد خۆی دەستبگرێ بەدەستورو یاساوەو ئەوانیش بەو ئاراستەیە کەمەنکێش بکات".

روونیشیکردووەتەوە " بابەتەکە تەنیا ئەوە نیە هۆشیار زێباری قسەیەکی ناجۆری کردوە، ئەگەر واشبێ مام جەلال گوتەنی قسە بەقسە و نوسین بەنوسین جواب دەدرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دادگا هەیە بۆ سکاڵا نەک سوتاندنی ئاڵا و بارەگا، ئەوان لە جەوهەردا بوونی هەرێم و فیدراڵیەت بە پرۆژەیەکی نا عیراقی دەزانن، ئەوان لە زۆرینەی چینە سیاسیەکەی کوردو ژیانیانەوە، دەڕواننە کۆمەڵی کوردەواریی، کە تێگەیشتنێکی هەڵەیە راستکردنەوەی ئەمەش دیدگای نوێ و کۆششی زۆری گەرەکە".

Qaiwan
Qaiwan