کوردستانی

کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی هانا بۆ بەغدا دەبەن

مەودا میدیا - سلێمانی |


کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی هانا بۆ بەغدا دەبەن
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

بڕیارە بەم نزیکانە لیژنەی كاروبارى شه‌هیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی کوردستان سەردانی بەغدا بکات، سەرۆکی لیژنەکەش رایدەگەیەنێت سەردانەکەیان بە مەبەستی گەیاندنی داواکارییەکانی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و بەرکەوتووانی چەکی کیماییە بە لایەنە پەیوەندیدارەکانی عیراق.

سوسن محەمەد میرخان، سەرۆكی لیژنەی كاروبارى شه‌هیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "دەمێکە لیژنەی كاروبارى شه‌هیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی بڕیاری داوە سەردانی بەغدا بکات بە مەبەستی گەیاندنی داواکارییەکانی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و بەرکەوتووانی چەکی کیماییە بە لایەنە پەیوەندیدارەکانی عیراق بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەیان".

ئاماژەی بەوەشکرد "تاوەکو ئێستا حکومەتی عیراق قەرەبووی زیانلێکەوتووانی رژێمی بەعسی نەکردووەتەوە لە هەرێمی کوردستان، هەروەها بودجەیەکی تایبەتی بۆ دابین نەکردوون هاوشێوەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراون و زیندانیانی سیاسی عیراق".

سەرۆکی لیژنەکە سەبارەت بە کاتی سەردانەکە وتی "چاوەڕێی وەڵامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەکەین بۆ ئەوەی کاتی سەردانەکەمان دیاری بکەین".

س.س
Qaiwan
Qaiwan