کوردستانی
ماوەی دوو رۆژە حکومەت بە فڕۆکە بەدوای شێرێکدا دەگەڕێت
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا - کاروان نوری
لە سنووری ناحیەی بازیانی سەر بە پارێزگای سلێمانی، شێرێک بینراوە و هێزە ئەمنییەکانیش ماوەی دوو رۆژە بە فڕۆکە بەدوایدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی بیدۆزنەوە و لە ناوچەکە دووری بخەنەوە.
ئیسماعیل ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان بە مەودا میدیایی راگەیاند "ماوەی دوو رۆژە بە دوای ئەو شێرەدا دەگەڕێین کە لە ناوچەکە بینراوە و تا ئێستاش نەمانتوانیووە بیدۆزینەوە، بەڵام هەندێک لە شوێن پێکانیمان هەڵگرتووە و بەردەوام بەدوایدا دەگەڕێین، ئەمەش ترس و دڵەراوکێی لەلای خەڵکەکە دروستکردووە، بۆیە پۆلیسمان ئاگادارکردووەتەوە".
روونیشیکردووەتەوە "ئێستا هێزە ئەمنیەکان بە فڕۆکە بەدوایدا دەگەڕێن، ئەگەر بدۆزرێتەوە، دەیگوازینەوە بۆ شوێنێکی دوورە دەست، تاوەکو ئێستاش شێر لەو سنوورە نەبینراوە، بۆیە گومان دەکرێت لە ناوچەیەکی دیکەوە هاتبێت، یان لە باخچەی ئاژەڵان و ماڵانەوە هەڵهاتبێت".