کوردستانی

رێبوار بابکەیی: لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا نزیکەی 450 هەزار کەس کۆچیان کردووە

مەودا میدیا - سلێمانی |


رێبوار بابکەیی: لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا نزیکەی 450 هەزار کەس کۆچیان کردووە
مەودا میدیا – کاروان نوری

سەرۆکی لیژنەی په‌یوه‌ندییه‌كان و ره‌وه‌ندى كوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکردووە "لە شەش ساڵی رابردوودا، نزیکەی 450 هەزار کەس، عیراق و هەرێمی کوردستانیان بەجێهێشتووە، ئەگەر بەو فراوانییە کۆچ بەردەوام بێت لە ماوەیەکی دیکە ناتوانین بڵێین کۆمەڵگای کوردستان کۆمەڵگایەکی گەنجە و هێزی کار و هێزی بەرگریی و هێزی ئاوەدانی و بنیاتنان نامێنێت".

رێبوار بابکەیی، سەرۆکی لیژنەی په‌یوه‌ندییه‌كان و ره‌وه‌ندى كوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان بە مەودا میدیا راگەیاند "ئەوەی ئێستا لە بەردەستمانە نزیکەی 14 هەزار و 500 گەنج سەریان هەڵگرتووە و بەرەوو رۆژئاوا کۆچیان کردووە و 27 کەسیش بێ سەروشوێنن، لە شەش ساڵی رابردوودا، نزیکەی 450 هەزار کەس، عیراق و هەرێمی کوردستانیان بەجێهێشتووە".

رێبوار بابکەیی ئەوەشی خستەڕوو "چوونی گەنجان بە لێشاو و پۆل بە پۆل بۆ دەرەوەی وڵات کاریگەرییەکی نەرێنی دەکاتە سەر ئاسایشی مرۆیی، چونکە گەنج سەرمایەیەکی مرۆیی گەورەیە و ئەگەر بەو فراوانییە کۆچ بەردەوام بێت لە ماوەیەکی دیکە ناتوانین بڵێین کۆمەڵگای کوردستان کۆمەڵگایەکی گەنجە و هێزی کار و هێزی بەرگریی و هێزی ئاوەدانی و بنیاتنان نامێنێت لە هەرێمی کوردستاندا".

روونیشیکردەوە "سەرەکیترین هۆکارەکان، لایەنی ئابووری، دۆخی سیاسیی، ناتەبایی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان، نادادپەروەری و گەندەڵی گەنجی ئێمەی تووشی نامۆبوون و بێ ئومێدی کردووە و هەستی نەتەوەخوازی و نیشتمانخوازی لاواز کردووە، بۆیە روو لە دەرەوە دەکات".

ک.ن
Qaiwan
Qaiwan