کوردستانی

ئەمساڵ ساڵێکی باش نابێت بۆ بەرهەمی هەنار

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئەمساڵ ساڵێکی باش نابێت بۆ بەرهەمی هەنار
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

ساڵانە پارێزگای هەڵەبجە بەرهەمێکی باشی هەناری هەیە و بۆ ئەمساڵیش بەهامان شێوەی ساڵانی دیکە لە ئێستادا وەرزی هەنارە لەو پارێزگایە،  بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای هەڵەبجەش رایدەگەیەنێت لە رووی بڕەوە بۆ ئەمساڵ بەپێی ئەو پێشبینییەی بۆمان هەیە بەرهەمی هەنار لەچاو ساڵی پاردا کەمتر دەبێت.

ستار مەحمود، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای هەڵەبجە سەبارەت بە بەرهەمی هەناری ئەمساڵی هەڵەبجە بە مەودا میدیای راگەیاند "لە رووی بڕەوە بۆ ئەمساڵ بەپێی ئەو پێشبینییەی بۆمان هەیە بەرهەمی هەنار لەچاو ساڵی پاردا کەمترە بەهۆی کەشوهەواوە".

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای هەڵەبجە ئاماژەی بەوەشکرد "بەرهەمی ئەمساڵی هەنار لە رووی کوالێتییەوە تاڕادەیەک باشە، چونکە کەشوهەوای هاوین ئەمساڵ باشتربوو لە ساڵانی دیکە".

ستار مەحمود باسی لەوەشکرد "دانانی باج یان قەدەغەکردنی هێنانی ئەو بەرهەمانەی کە وەرزی پێگەیشتنیانە لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە کارێکی باشە، هەروەها وەزارەتی کشتوکاڵ دراسەی بەرهەمەکە دەکات ئەگەر بزانێت بەرهەمەکە باشە ئەوا ماوەی قەدە‌غەکردنەکە درێژ دەکاتەوە".

جێگای ئاماژەیە، بەپێی بڕیاری وەزارەتی کشتوكاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوردەکردنی هەنار لە 15/8/2020 تاوەکو 15/12/2020 راگیرایوە و هەر شوێنێکیش سەرپێچی بکات و هەنار هاوردە بکات سزای یاسایی دەدرێت، هەروەها ئەگەر بزانرێت ئەمساڵ بەرهەمی هەنار باش دەبێت ئەوە ماوەی راگرتنی هاوردەی هەنار درێژدەکرێتەوە.

س.س
Qaiwan
Qaiwan