کوردستانی

وادەی دەستپێکردنی باران بارینی ئەمساڵ راگەیەندرا

مەودا میدیا - سلێمانی |


وادەی دەستپێکردنی باران بارینی ئەمساڵ راگەیەندرا
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

ماوەی زیاتر لە مانگێکە لە وەرزی پایزداین و تاوەکو ئێستا باران نەبارییوە بە بەراورد بە ساڵەکانی رابردوو وادەی باران بارین دواکەوتووە، بەڵام بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانی سلێمانیش رایدەگەیەنێت  پێشبینی دەکەن لە مانگی داهاتوودا باران ببارێت و گۆڕانکاری لە کەشوهەودا رووبدات.

ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانی سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "وەرزی پایز یەکێکە لەو وەرزانەی کە گۆڕانکاری بەسەر کەشوهەدا دێت بە وەرزێکی گواستراوە ناسراوە، لەبەر ئەوەی دەکەوێتە نێوان وەرزی هاوین کە پلەی گەرمی تیادا بەرزە و وەرزی زستان کە پلەی گەرمی تیادا نزمە".

ئاماژەی بەوەشکرد "وەرزی باران بارین لە هەرێمی کوردستان لە مانگی 10وە دەستپێدەکات بۆ مانگی 5ی ساڵی دواتر، بەڵام رەگەزی باران بارین تایبەتمەندی ئەوەی هەیە لە وەرزێکەوە بۆ وەرزێکی دیکە دەگۆڕێت بەپێی کاتی و شوێن، بۆ نمونە لە وەرزی 2015 و 2016 لە 6ی ئەیلولەوە باران بارین دەستیپێکردووە، بەڵام لە وەرزی 2017 و 2018 لە 30ی 10 باران بارین دەستیپێکردووە".

باسی لەوەشکرد "ئەمساڵ وا زیاتر لە مانگێکە لە وەرزی پایزداین تاوەکو ئێستا باران نەبارییوە، بەڵام پێشبینی دەکەین لە مانگی داهاتوودا باران ببارێت و گۆڕانکاری لە کەشوهەودا رووبدات".

بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانی سلێمانی  ئەوەشی خستەڕوو "مانگی ئەیلولی ئەمساڵ لە هەموو زۆربەی وڵاتانی جیهان بە گەرمترین مانگ دانرا لەچاو ساڵەکانی رابردوودا".

س.س
Qaiwan
Qaiwan