کوردستانی

پێنج پرۆژە لە بەرژەوەندیی جوتیاران دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


پێنج پرۆژە لە بەرژەوەندیی جوتیاران دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

 وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت بۆ ساڵی داهاتوو وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە بەرنامەیدا هەیە پێنج سایلۆی نوێ وەک تەندەر رابگەیەنێت، ئاماژەی بەوەشکرد تێچووی هەر سایلۆیەک 20 ملیار دینار دەبێت.

فەتحی محەمەد، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "لە ئێستادا سێ سایلۆمان هەیە لە قەزای کەلار و قوشتەپە و رانیە کە لە قۆناغی تەواوبووندایە ئەمساڵ گەنمی جوتیاران وەردەگرن".

ئاماژەی بەوەشکرد "بۆ ساڵی داهاتوو وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە بەرنامەیدا هەیە پێنج سایلۆی نوێ وەک تەندەر رابگەیەنێت لە شاری دهۆک و هەڵەبجە و زاخۆ و کفری و هەریر هەر یەکێک لەو سایلۆیانە تێچووی 20 ملیار دینار دەبێت، ئەوەش دەکەوێتە پرۆگرامی جێبەجێکردنی ئاسایشی خۆراک لە هەرێمی کوردستان".

ئەوەشی خستەڕوو "لە پلانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیدایە کە لە دوو ساڵی داهاتوودا بتوانێت رێژەی یەک ملیۆن تەن دانەوێڵە هەڵبگرین لە هەرێمی کوردستان".

س.س
Qaiwan
Qaiwan