د.نازەنین عوسمان

د.نازەنین عوسمان

فەرەنسا و ئیسلام و کورد

زۆرجار خەڵکی خۆمان گلەیی لە خۆمان دەکەین کە کورد زوو هەڵدەخەڵەتێ و خۆشباوەڕە، بۆیە ئەو هەموو دەردەسەرییەی بەسەر دێت. هەرچەند ناکرێت ئەمە گشتگیر بکەین، بەڵام تاڕادەیەکیش راستی تێدایە. خۆشباوەڕیی زۆر جار لەوە دێت کە بەشێوەیەکی رووکەشانە سەیری رووداوەکان دەکات و ناچێتە قوڵایی و بن و بنپێچی روداو و زانیارییەکان. سەیرکردن بەشێوەیەکی رووکەشانە پەیوەندی بە رادەی زانیاری و زانستی و لێکۆڵینەوە و وردبینی هەیە. 

دیاردەیەکی زۆر زەق لەنێو کوردی باشوور هەیە ئەویش چاولێکەرییە. چاولێکەری مۆدە، جوانکاری، نێوماڵ، ئۆتومبێل، یاری، فکری، پڕوپاگەندە و دروشم. گەر سەیری پۆستەکانی سەر فەیسبووک بکەین دەبینین بۆ هەر رووداوێک چەند جار خەڵکەکە دووبارەی دەکاتەوە کە زۆرجار تۆ ئەو کەسە لە نزیکەوە دەناسی و دەشزانی ئەم پۆستە چەند لە بیروباوەڕی دوورە یان چەند نەزانە دەربارەی، بەڵام وەک چاولێکەری دووبارەی دەکاتەوە.

بەپێی ئەوەی نزیک لە بیست ساڵ لە فەرەنسا دانیشتووم و لێم خوێندووە و کارم لێکردووە، تاڕادەیەک شارەزاییم پەیداکردووە لە شێوەی بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتی خەڵکەکەی بە هەموو چین و توێژەکانی، دەزانم خوێندنگەکان و مەنهەجەکانیان چۆن بەڕێوە دەچن بەهۆی خوێندنی منداڵەکانم، رۆڵی یاسا بە چ شێوەیەکە.

لە شۆڕشی فەرەنسی و لە دامەزراندنی کۆمارەوە، دروشمی سەرەکییان بریتییە لە (ئازادی، یەکسانی و برایەتی) لەسەر هەموو دراوەکان ئەو سێ دروشمە نووسراوە. بۆ ئەوەی هەموو کات بەبیرت بهێننەوە دەبێ وا بیر بکەیتەوە. کۆمار و ئەو پرەنسیپانەی لەسەری دامەزراون پیرۆزە لەلایان. هەر لەمنداڵییەوە لەسەر ئەم پرەنسیپانە پەروەردە دەکرێن. نموونەیەکی بچوک، رۆژێک کچە بچوکەکەم کە لە تەمەنی چوار ساڵان بوو لەسەر نانخواردن کۆبووبووینەوە، بە باوکی وت بابە کەی کۆبوونەوەیەکی خێزانی دەکەین، باوکی پێکەنی و وتی ئەوە نییە کۆبووینەتەوە، کچەکەم وتی بابە گاڵتە ناکەم کۆبوونەوەیەکی راستی دەڵێم. جا بەم شێوەیە هەر لە منداڵییەوە لە خوێندنگەکان فێریان دەکەن چۆن فێری بیرکردنەوەی رەخنەگرانە و لێکۆڵەربن و فێردەکرێن لە چەشنی بەبەغا نەبن.

ئەوەی لە هەفتەی رابردوو روویدا بەسەربڕینی مامۆستایەکی مێژوو لەلایەن نەخۆشێکی چیچانی ئیسلامییەکی توندڕەوی هەژدە ساڵانی بەگێرەسەر کە لە خوێندن دابڕابوو و لەلایەن پۆلیسەوە ناسراو و بە فیتی چەند ئیسلامچییەکی توندڕەو کە یاری بە عەقڵی ئەو گەنجەیان کرد و وەحشیانە و بە دەستووری بیابان مامۆستاکەی سەربڕی.

ئێمەی کورد، کە بە هەزاران،  پشتیوانیی خۆیان دەربڕی بۆ ئەو کوشتنە، چەند کەس چوونە بنوبنچینەی رووداوەکە جگە لەوەی کە بیستیان کە ئەو مامۆستایە کاریکاتیری دژ بە پێغەمبەر هێناوەتە پۆل! چەند لەو کوردانە بە باشی گوێیان لە ماکرۆن گرتوە کە چی وتوە، چەند لەو کوردانە زانیارییان هەیە لەسەر سیستمی خوێندنی فەرەنسی و چەند لەو کوردانە لە راستی رووداوەکە زانیارییان هەبوو کاتێک کە هەشتاگ و وێنەی ماکرۆن بە ژێر پۆستاڵەوە بڵاودەکەنەوە و پۆست دەکەن؟

کاتی خۆی ئەو دوو گەنجەی هەوڵی کوشتنی رۆماننووسی گەورەی میسر نەجیب مەحفوزیان دا لەسەر رۆمانی (رۆژی حەوتەم) کە بڵاوی کردبووە و بەوەی کەوا کافرە. لە دادگا دادوەر لەو گەنجانە دەپرسی دەڵێ بۆ چەقۆتان لێ وەشاند؟ گەنجەکان وتیان لەبەرئەوەی کافرە و کتێبی کفر دەنووسێ، دادوەر دەپرسێ ئێوە چیتان خوێندبووەوە كە واتان لێبکات کە یەقین بن کە کفری نووسیوە؟ ئەو دوو گەنجە نەک هەرهیچ لە کتێبەکەیان نەخوێندبووەوە، بەڵکو دەركەوت هەر نەخوێندەوار و ئومی بوون. ئێستای کوردیش وەک ئەو دوو گەنجەن.

لە 2015 رۆژنامەیەکی تەنزئامێزی کاریکاتێری فەرەنسی هەیە بەناوی (شارلی هیبدۆ) هەندێ کاریکاتێری لەسەر پێغەمبەر بڵاوکردەوە. دوو کەس هێرشیان کردە سەر بارەگای رۆژنامەکە و 12 کوژراو و 11 برینداریان بەجێهێشت و رێکخراوی قاعیدە تەبەنی رووداوەکای کرد. ئەو مامۆستایە لە وانەیەک کە لە مەنهەجەکەیان دایە لەسەر ئازادیی رادەربڕین دوو وێنەی لە وێنەکانی ئەو رۆژنامەیە پیشانی خوێندکارەکانی دەدا و پێش ئەوە بە خوێندکارەکانی دەڵێت ئەگەر هەندێکتان کە بەم وێنانە بریندار دەبن دەتوانن سەیر نەکەن یان بچنە دەرەوە. باوکی کچێکی خوێندکار کە ئەو رۆژە کچەکە هەر نەچووەتە دەوام بۆ باوکی باس دەکات و باوکی دەکەوێتە دژایەتی و خەڵکی لێهاندەدا و فەتوای بۆ دەردەکەن و سەری دەبڕن. لە وڵێ‌تێک کە یاسا سەروەرە لە جیاتی ئەوەی مامۆستاکە راکێشنە بەر دادگا نەخێر خۆیان فەتوا دەدەن و داعشانە حوکم دەدەن. 

تابووری پێنجەم کە سەر بە تورکیایە و لەناو کوردی باشوور جێدەستی باش دیارە، ئەردۆغان و ماکرۆن بە ئاشکرا ناکۆکی بەرانبەر بەیەک دەردەبڕن و لەسەر زۆر پرس دژن لە مەسەلەی لیبیا، یۆنان، قوبرس، ئەرمەن و بەتایبەتی لەسەر سوریا و کوردی سوریا ... هەموومان دەزانین کە بەشێکی باش لە رێکخراوە ئیسلامییەکانی کورد سەر بە ئیخوانییەکانی تورکیان کە ئەردۆغان سەرۆکی رۆحییانە. لێرە ئەو دژایەتیەی کورد بەرانبەر بە ماکرۆن زەق دەبێتەوە دەنا  ماکرۆن لە کاتی بەڕێوەبردنی پرسەکەی مامۆستای سەربڕاو باسی ئیسلام ناکات، بەڵکو باسی ئیسلامی رادیکال و توندڕەو دەکات کە هەڵوێستیان دەبێت و جێگایان نابێتەوە لە کۆماری فەرەنسی.

کورد ئەگەر تۆزێ وەفاداری هەبوایە دەبوایە چاکەی فەرەنسای لەبیر با، رەنگبێ ئەوانی ژێر سی ساڵین زۆر ئاگادار نەبن کاتی رەوە ملیۆنییەکەی چی بەسەر کورد هات. بە هەزاران کورد لەبەر باران و سەرما و بێ ئاو و خواردن، بێ جل و پێخەف لەسەر ئەو چیایانەی سەر سنوور خەریک بوو لە برسان و لە سەرمان رەق ببنەوە. بڕیاری 688 کوردی لە مردن رزگار کرد کە بە پێشنیازی فەرەنسا بوو. لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان مەدام میتران بەشداربوو کە ئەو کاتە زۆر گرنگ بوو وەک دانپێدانانێک، لەگەڵ ئەوەش هەندێ کوردی خۆفرۆشی کۆیلە رێگای مەدام میتەرانیان بۆمبڕێژ کرد لەسەر رێگەی هەڵەبجە. لە شەڕی داعش تەیارەکانی فەرەنسی کاریگەریی هەبووە لەسەر بەرگریی پێشمەرگە، بە چەک و بە مەشق یارمەتی پێشمەرگەی داوە. هەر لەو چەند مانگەی دوایی ژمارەیەکی زۆری لە ئێزدییەکان وەرگرت وەک چۆن لە 1988 ژمارەیەک لە کورد لە کەمپەکانی سلۆپی کە لە ئەنفال و کیمیاباران رایان کردبوو پەناهەندەیان دا پێیان و ژیانیانی مسۆگەر کرد، ئێستاش لە شەنگال خەریکی دانانی نەخۆشخانە و قوتابخانەن. 

فەرەنسا دۆستێکی دێرینی کوردە، با بە فیتی ئیخوانچییەکان هەڵنەپەڕین و بەدوا پڕوپاگەندەکەیان نەکەوین. پشتگیریی بکوژی مامۆستاکە دەمانخاتە هەمان بەرەی داعش. ماکرۆن دۆستی کوردە و دەری بڕیوە و لە وتارەکەیدا هیچ شتێکی ناشیرنی بەرانبەر بە ئیسلام نەوتوە، راستە بەرانبەر بە رادیکالی تیرۆریستی سیاسی ئیسلامی قسەی کردووە و هەروەها دەربڕینی بیروباوەڕ لە رێگەی کاریکاتێرەوە بە ئاسایی دەبینێت کە ئەمە بەشێکە لە کولتووری فەرەنسی. 

ئایا تۆی کورد ئیسلامی یان رادیکالی سیاسیی توندڕەوی ئیسلامی؟ تکایە خۆت ساغ بکەرەوە و بزانە لە چی بەرەیەکی.

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan