کوردستانی

سەرکۆ ئازاد: بەشێکی زۆری داهاتی خاڵە سنوورییەکان بە کۆمپانیاکان دەدرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


سەرکۆ ئازاد: بەشێکی زۆری داهاتی خاڵە سنوورییەکان بە کۆمپانیاکان دەدرێت
مەودا میدیا - کاروان نوری

ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، راپۆرتێکی وردمان ئامادەکردووە لەسەر سەرجەم ئەو بەفیڕۆدانانەی کە لە داهاتی خاڵە سنوورییەکاندا دەکرێت و داومانە بە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان.

سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، بە مەودا میدیای راگەیاند "دوای ئەوەی لیژنەیەکمان بۆ بەدواداچوون بۆ داهاتی خاڵە سنوورییەکان پێکهێنا، راپۆرتێکی وردمان ئامادەکردووە لەسەر سەرجەم ئەو بەفیڕۆدانانەی کە لە داهاتی خاڵە سنوورییەکاندا دەکرێت و داومانە بە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و داوای ئەوەمان کردووە دانیشتنێکی تایبەتی لەبارەوە ئەنجام بدرێت".

ئەوەشی خستەڕوو "لە راپۆرتەکەدا بە وردیی باسمان لە تەواوی ئەو داهاتانە کردووە کە بە فیڕۆ دەدرێت، کە بەشێکی زۆری داهاتەکان بە کۆمپانیاکان دەدرێت کە رێژە تەنها 10% بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کارێکی زۆرمان کردووە بۆ ئەوەی پشکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داهاتی خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ رێژەی 30% زیاد بکرێت".

سەرکۆ ئازاد کە هاوکات ئەندامی لیژنەی داراییە لە پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "تا بەغدا بەشە بودجەی هەرێم نەنێرێت مووچە دابەش ناکرێت و تەنها چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت بەغدا 320 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت".

روونیشیکردەوە "دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران زیاتر لەسەر فرۆشتنی نەوت وەستاوە، بەداخەوە لە فرۆشتنی نەوتیشدا جارێکی دیکە داهاتێکی زۆر بە فیڕۆ دەدرێت و بەشێکی زۆری ئەو داهاتەیی کە لە فرۆشتنی نەوت هەرێمی کوردستان دەستی دەکەوێت دیار نامێنێت و نازانرێت چی لێدێت".

ک.ن
Qaiwan
Qaiwan