کوردستانی

لەسەر بەستنی ماسک و سزادانی هاوڵاتییان روونکردنەوە دەدرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


لەسەر بەستنی ماسک و سزادانی هاوڵاتییان روونکردنەوە دەدرێت
مەودا میدیا - کاروان نوری

بەڕێوەبەری هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاندووە، هیوادارم هاوڵاتییان پابەندبن بەرێنماییەكانەوە نەك ئەوەی بەفشار بكرێت و سزا بدرێن، ئاماژەشی بۆ ئەوە کردووە، رێگە بە هیچ هاوڵاتییەک یان کارمەندێک نادریت بەبێ ماسک بچنە ناو دائیرەکانەوە.

سەبارەت بەدەرچوونی بڕیارێكی وەزارەتی ناوخۆ لەسەر بەستنی ماسك لەلایەن هاوڵاتییان و سزادانی ئەو كەسانەی پابەندی بڕیارەكە نابن، حەسەن عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە بە مەودا میدیای راگەیاند "هیوادارم هاوڵاتیان پابەندبن بەرێنماییەكانەوە نەك ئەوەی بەفشار بكرێت و سزا بدرێن، لە ئێستاشدا بە هیچ شێوەیەک رێگە بە هیچ هاوڵاتییەک یان کارمەندێک نادریت بەتایبەت بۆ ناو دائیرە و شوێنەکان بەبێ ماسک بچنە ژوورەوە، ناچار بە بەستنی ماسک دەکرێن".

ئەوەشی خستەڕوو "تا ئێستا هیچ بریارێکمان لەسەر سزادانی ئەو کەسانە نەداوە کە ماسک نەبەستن و لە بەرانبەردا سزایان بدەین بە پسوولە، هاوشێوەی پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک، بەڵام ئەگەر بڕیارێکی لەو شێوەیەش دەربچێت ئێمە پابەند دەبین بە جێبەجێکردنیەوە".

هاوکات نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید، قائیمقامی هه‌ولێر رایدەگەیاندووە، له‌سه‌ره‌تای بڕیاری جێبه‌جێكردنی غه‌رامه‌كردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی ماسك نابه‌ستن تا ئێستا كه‌ هه‌فته‌یه‌كه‌ له‌سه‌نته‌ری شار 341 هاوڵاتی سزادراون به‌هۆی پابه‌ندنه‌بوونیان به‌ ماسك به‌ستن، هه‌روه‌ها 166 شوێنیش سزادراون كه‌پابه‌ندنه‌بوون به‌ جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌ ته‌ندروستیه‌كان.
Qaiwan
Qaiwan