کوردستانی

پەڵەی داوە، چەند ملیم باران باریوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


پەڵەی داوە، چەند ملیم باران باریوە
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانی سلێمانی رایدەگەیەنێت کۆی گشتی باران بارین لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی تاوەکو ئەمڕۆ 80 ملیمە، ئاماژەی بەوەشکرد کاریگەری ئەم شەپۆلە سبەینێ چوارشەممەش بەردەوام دەبێت و زۆربەی کاتەکان ئاسمان هەور دەبێت  و ئەگەری باران بارین هەیە لەکات و شوێنی جیاجیادا.

ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانی سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "لە چەند رۆژی رابردووەوە بەهۆی ئەو کاریگەرییە پاڵەپەستۆیەی بەشێوەیە گشتی هەموو هەرێمی کوردستان گرتەوە، هەروەها لەم چەند رۆژەدا کاریگەری زیاتری لە شاری سلێمانی و ناوچەکانی دەوروبەری هەبوو".

ئاماژەی بەوەشکرد "کۆی گشتی باران بارین لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی تاوەکو ئەمڕۆ 80 ملیم باران باریوە بەراورد بە ساڵی پار تاوەکو ئەم کاتانە 72 ملیم باران باریبوو، بۆیە ئەمەش رێژەیەکی دڵخۆشکەرە کە کاریگەری باشی لەسەر بوژانەوەی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەبێت".

هەروەها ئاسۆ کەمال وتی "کاریگەری ئەم شەپۆلە سبەینێ چوارشەممەش بەردەوام دەبێت و زۆربەی کاتەکان ئاسمان هەور دەبێت  و ئەگەری باران بارین هەیە لەکات و شوێنی جیاجیادا، بەڵام لە درەنگانی سبەینێوە کاریگەری ئەو شەپۆلە تاڕادەیەکی زۆر لاواز دەبێت و لە کۆتایی هەفتە کەشوهەوا بەرەو جێگری دەڕوات".

جێگای ئاماژەیە، بشارەزایانی بواری کشتوکاڵ پێیان وایە، رێژەی باران بارین لە 60 ملیم زیاتر بێت واتە پەڵەی داوە و جوتیاران دەتوانن لە دوای کۆتایی هاتنی باران بارین گەنم و جۆی پایزە بڕوێن.

س.س
Qaiwan
Qaiwan