کوردستانی

ئاڵای کوردستان لابرا و ئاڵای عیراق شنگال داگیر دەکات

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئاڵای کوردستان لابرا و ئاڵای عیراق شنگال داگیر دەکات
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

ئەمڕۆ داگرتنی ئاڵای بارەگای حزبە جیاوازەکان لە قەزای شنگال لەلایەن پۆلیسی فیدڕاڵی عیراقەوە دەستیپێکرد، قایمقامی قەزای شنگالیش رایدەگەیەنێت داگرتنی ئاڵای بارگەکان لە چوارچێوەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدایە.

مەحما خەلیل، قایمقامی قەزای شنگال بە مەودا میدیای راگەیاند "پۆلیسی فیدڕاڵی عیراق لە قەزای شنگال دەستیکردووە بە داگرتنی ئاڵا لەسەر بەشێک لە بارەگای حزبە جیاوازەکان لە چوارچێوەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا و ئاڵای عیراق لە شوێنیان هەڵکراوە".

ئاماژەی بەوەشکرد "هەر لە چوارچێوەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا هێزی فیدڕاڵی لە ناوچەکە و لە خاڵە سنووریەکانی بڵاوەی پێکراوە، هەروەها هێزی بەرگریی عیراق لە چیای شنگال دانراوە و هێزێکیش لەناو سەنتەری شنگال دانراوە ئەمەش وایکردووە تاڕادەیەک ئەمنی و ئارامی بۆ ناوچەکە گەڕاندووەتەوە".

لە وەڵامی پرسیاری مەودا میدیا لەبارەی ئەوەی تاچەند رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لە بەرژەوەندیی هاوڵاتییانی شنگالە قایمقامی شنگال وتی "رێککەوتنی هەرێم و بەغدا لەبارەی شنگالەوە لە رووی ئەمنی و خزمەتگوزاری و ئیداریەوە رێککەوتنێکی باشە بۆ شنگال و دانیشتووانەکەی".

بەپێی زانیارییەکان مەودا میدیا، لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەدا بەغدا و هەولێر رێککەوتوون لەسەر ئەوەی کە ئاڵای کوردستان لە شنگال هەڵنەکرێت و بە تەنیا ئاڵای عیراق لەسەر دامەزراوە رەسمی و حزبییەکان هەڵکرێت.

س.س
Qaiwan
Qaiwan