کوردستانی

کاسبکارێک و دوو کۆڵبەر دەکرێنە ئامانج

مەودا میدیا - سلێمانی |


کاسبکارێک و دوو کۆڵبەر دەکرێنە ئامانج
مەودا میدیا-

 لە رۆژانی رابردوودا کاسباکرێکی خەڵکی سەقز لە پارێزگای خوراسانی رەزەوی کوژراوە، هەروەها دوو کۆڵبەری خەلکی بانە و سەردەشت لە سنوورەکانی ئەو شارانە پێکراون.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردووەتەوە، دوێنێ دووشەممە 30ی کانونی یەکەمی 2020، هێزەکانی پاسەوانی سنووری کۆماری ئیسلامی ئێران لە خاڵی سنووری نۆکانی سەردەشت تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە و لەئاکامدا کۆڵبەرێکی خەڵکی ئەو شارە بە ناوی "شیروان مەولانپەناه" بە سەختی بریندار بووە, ئەو کۆڵبەرە بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان گوازراوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە و هەمان رۆژ، کۆڵبەرێکی خەڵکی بانە بە ناوی "خدر رەسوڵی" لە کاتێکدا لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە راونرابوو و تەقەی لێکرابوو، لە هەڵدێرێکەوە بەربووەتەوە و بە سەختی بریندار بووە.

هەروەها، رۆژی هەینی رابردوو کاسبکارێکی خەڵکی سەقز بە ناوی سیامەک کەریمی تەمەن 30 ساڵ لە شەقامی فوومەن بۆ سەبزەوار سەر بە پارێزگای خوراسانی رەزەوی بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی ئێران کوژراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئینتزامییەکان بە گومانی هەڵگرتنی کەلووپەلی قاچاخ تەقەیان لە ئۆتۆمبێلی ئەو کاسبکارە کردووە، ئەمە لە حاڵێکدا بووە کە ئەو ئۆتۆمبێلە هیچ بارێکی پێ نەبووە.

س.س
Qaiwan
Qaiwan