کوردستانی

خوێندنی ئەمساڵ.. یەکێتیی مامۆستایان و حکومەتی هەرێم دەکات بە دژ

مەودا میدیا - سلێمانی |


خوێندنی ئەمساڵ.. یەکێتیی مامۆستایان و حکومەتی هەرێم دەکات بە دژ
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان سەبارەت بە کردنەوەی دەرگای قوتابخانە و خوێندنگەکان رایدەگەیەنێت پێویستە دەوامی سەرجەم خوێندنگە و قوتابخانەکان دەستپێبکاتەوە و لە هەفتەیەکدا دوو رۆژ خوێندکاران و قوتابییان بچنەوە ناوەندەکانی خوێندن، باس لەوەشدەکات 30 رۆژ جارێک مووچەی مامۆستایان بەبێ لێبڕین دابەشبکرێت، مامۆستایانی ناڕازیش پێیان وایە حکومەت مووچەی پێنادرێت بۆیە، وادەی دەستپێکردنەوەی دەوامی رانەگەیاندووە.

عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان سەبارەت بە دەستپێنەکردنەوەی دەوامی خوێندنگە و قوتابخانەکان بە مەودا میدیای وت "پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان 30 رۆژ جارێک مووچەی مامۆستایان بەبێ لێبڕین دابەش بکات، بۆ ئەوەی پەکی خوێندن نەکەوێت".

ئاماژەی بەوەشکرد "پێویستە دەوامی سەرجەم خوێندنگە و قوتابخانەکان دەستپێبکاتەوە و لە هەفتەیەکدا دوو رۆژ خوێندکاران و قوتابییان بچنەوە ناوەندەکانی خوێندن بە جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان".

عەتا ئەحمەد باسی لەوەکرد "ئەگەر خوێندکاران دوو رۆژ بچنەوە ناوەندەکانی خوێندن دەتوانن پەیوەستبن بە خوێندنی ئەلیکترۆنی و چالاک بن لە قوتابخانەی ئەلیکترۆنی".

لە لایەکی دیکەشەوە، نوێنەرێکی مامۆستایانی ناڕازی بە مەودا میدیای وت "ئەمڕۆ هەڵوێستی خۆمان بە روون و ئاشکرا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی رادەگەیەنین".

نوێنەرەکەی مامۆستایانی ناڕازی وتیشی "راگرتنی خوێندن پەیوەندیی بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە نییە، بەڵکو حکومەت مووچەی پێ دابین ناکرێت لە ترسی بایکۆتی سەرتاسەری مانگێکی دیکە خوێندنی راگرت".

س.س
Qaiwan
Qaiwan