راپۆرت

حەشدی شەعبی كوردی.. پیلانی مەزهەبی لە بێ پلانیی كورد

مەودا میدیا - سلێمانی |


حەشدی شەعبی كوردی.. پیلانی مەزهەبی لە بێ پلانیی كورد
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

رۆژی شەممە 11ی کانونی یەکەمی 2020 بە سەرپەرشتی ئەدهەم جومعە، فەوجی حەشدی شەعبی کوردی له‌ گوندی چه‌غماغه‌ی باشووری رۆژئاوای شاری که‌رکوک دامەزرا، فەوجەکە 120 کەس لەخۆدەگرێت و جه‌بار خاڵدانی، بەرپرسی فەوجەکەیە کە سەرجەمیان کوردن، بەرپرسی سەنتەری توێژینەوە و راپرسی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیش رایدەگەیەنێت دروستکردنی ئەو هێزە ئەنجامێکی نەرێنییە بۆ کورد، چونکە دوور نییە ململانێی مەزهەبی بگوازێتەوە بۆ ناوخۆی ماڵی کورد.

"دروستکردنی حەشدی شەعبی کوردی رەتدەكەینەوە"
عوسمان سێدەری، جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان بۆ مەودا میدیا وتی "رامان لەسەر دروستکردنی فەوجی حەشدی شەعبی کوردی نییە لە شاری کەرکوک، چونکە داهاتوویەکی باشی نییە بۆ کورد، لەبەرئەوەی ئەو هێزە لەلایەن کێوە پاڵپشتی دارایی بکرێت هەر لەو کەسانەشەوە فەرمان وەردەگرن".

"یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ دروستبوونی ئەم هێزە نین، هەروەها لیژنەی پێشمەرگە کۆبوونەوە ئەنجام بدات بەدڵنیاییەوە ئەم پرسە دەکات بە یەكێک لە بەرنامەکانی کۆبوونەوەکە، چونکە ئەم هێزە بۆ دروستکردنی درزە لەناو میللەتی کوردا"، عوسمان سێدەری بەو شێوەیە شیكردنەوەی بابەتەكەی دەستپێكرد.

جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان وتیشی "دوژمنانی کورد ئەگەر دەیانەوێت پشتیوانیی لە کورد بکەن بابێن پشتیوانیی دارایی هێزی پێشمەرگە بکەن کە بە دوو مانگ مووچەیەکیان هەیە، لە هەمان کاتدا 68 ملیار بودجەی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە، بەڵام نەیان داوە پێیان".

"خەڵك متمانەی بەهێزە كوردییەكان نەماوە بیانپارێزن"
د. فاتیح سەنگاوی، بەرپرسی سەنتەری توێژینەوە و راپرسی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لەبارەی دامەزراندنی فەوجی حەشدی شەعبی کوردی لە شاری کەرکوک بە مەودا میدیای راگەیاند "ئێمە دەبێت سەرەتا بپرسین بۆچی خەڵکی کورد ناچاربوون بچنە هێزێکی لەو شێوەیەوە، پێموایە بەهۆی ئەو رووداوانەی کە پێشتر لە کەرکوک روویانداوە وایانکردووە کە خەڵک متمانەی بە هێزە کوردییەکان نەبێت تاوەکو پشتوپەنایان بن و پارێزگارییان لێبکەن".

سەنگاوی وتیشی "لە عیراقیش بە شێوازێک لە شێوازەکان ئەم هێزانە تیایدا گەشە دەکەن کە روویەکی مەزهەبی هەیە لە راستیدا، بۆیە ئەنجامی دروستکردنی ئەم هێزە ئەنجامێکی نەرێنییە بۆ کورد، چونکە لەلایەکەوە دوور نییە ململانێی مەزهەبی بگوازێتەوە بۆ ناوخۆی ماڵی کورد، هەروەها لەلایەکی دیکەشەوە لەگەڵ نەیارەکانی تردا کە رووی مەزهەبییان هەیە ئەوانیش بەهامان شێوە لەوانەیە رق ئەستووری زیاتر دروست ببێت لایان و زیاتر ململانێ بکەن".

"کورد لە کەرکوک ئەرکی خۆی بەجێنەهێناوە و شکستی هێناوە و نەیتوانییوە مافە نەتەوەیی و خواستە گەورە نەتەوەییەکان بەدیبهێنیت، بەڵکو کورد زیاتر بە دەوری خواستە زۆر بچوک و بەرژەوەندییە تایبەتەکانیدا خولایەوە، ئەمە وایکرد بۆشاییەکی گەورە دروستبێت و خەڵکی دیکە بێتە ناوەوە و ئەم دۆخە پەرەی سەندووە وە زیاتریش دەبێت"، د. فاتیح سەنگاوی وای وت.

ئەوەشی خستەڕوو "خەڵکی نائومێدبوون لەو هێزە کوردییانە بۆ ئەوەی بتوانن ئەو بارە لاسەنگە رێکبکەنەوە، بەڵام پێموایە ئەم دۆخە پێش ئەوەی لە کەرکوک راست بکرێتەوە دەبێت لە هەرێمی کوردستان رێکبکرێتەوە بە کێشەکانی بەغداشەوە، ئەوکات دەتوانن ئەو گرفتانەی دەرئەنجامن چارەسەر بکرێن، چونکە ئەو بۆشاییەی کە بوونی هەیە بەهۆی ململانێی هێزە کوردییەکانەوە".

"لە رووی نەتەوایەتییەوە كورد پەرتەوازە دەكات"
مەریوان نەسرەدین، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بۆ مەودا میدیا باسی لەوەکرد "وەک فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بە فەرمی هەڵوێستی خۆمان لەبارەی دروستبوونی ئەو فەوجە رانەگەیاندووە، بەڵام بە رای خۆم پێم وایە ئەمە شتێکی خراپ و مەترسیدارە، چونکە ئەمە دەبێتە سەرەتایەک بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو یەک ریزیەی هەمانە".

"دروستبوونی ئەو فەوجە رێگە خۆشکەرە بۆ ئەوەی کورد لە رووی نەتەوایەتییەوە پەرتەوازە بێت، هەروەها بابەتی ناوچە کوردییەکان دۆسییەکی سیاسییە و دۆسیەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، ئەو هەموو هێزە سیاسییە کوردییەمان هەیە، ئەوان نەتوانن دۆسییەی ئەو ناوچانە یەکلابکەنەوە و ئەو ناوچانە بپارێزن، فەوجێکی کوردی ناتوانێت ئەو کارە بکات"، ئەمە بۆچوونی مەریوانە.

"کورد لە قەیرانێكی ئەمنیدایە لە کەرکوک"
هاوکات ئه‌دهه‌م جومعه،‌ سه‌رپه‌رشتیاری فه‌وجی حه‌شدی کوردی بە مەودا میدیای راگەیاند "کورد لەئێستادا لە قەیرانیكی ئەمنیدا دەژی لە شاری کەرکوک بەتایبەت گوندەکانی پشت کەرکوک کە مەترسی داعش هەیە لەسەری، بۆیە ئێمە داوامان کرد ئەو فەوجە دابمەزرێت و پاڵپشتی بکرێت لە رووی دارایی و چەکەوە، بۆ ئەوەی کورد بەرگریی لە ناوچەکانی خۆی بکات".

راشیگەیاند "حکومەتی عیراقی لە چوارچێوەی دەستەی حەشدی شەعبیدا پاڵپشتی سیاسی، ئەمنی، سەربازی و دارایی ئەو فەوجە دەکات، هەروەها ئێمە دەمانەوێت لە دوارۆژدا ئەم فەوجە زیاتر گەورەتر بکەین".

رۆژی یەکشەممە 13ی کانونی یەکەمی 2020 لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "لە بارەی بڵاوبوونەوەی هەواڵێك لە دەزگاکانی راگەیاندن سەبارەت بە دروستكردنی هێزێكی ‌‌چەكداری كورد لە پارێزگای كەركوك كە سەر بە حەشدی شەعبی بێت، بە رای گشتی رادەگەیەنین كە پاش بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە پەیوەندییمان بە سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی كردووە بۆ بە دواداچوونی بابەتەكە".

ئاماژە بەوەشکراوە "لە وەڵامی بەدواداچوونی ئێمەدا، دەستەی حەشدی شەعبی دووپاتی کردەوە، كە هیچ هێزێكی سەر بە حەشدی شەعبی بۆ كوردستانییان لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان دروست ناكرێت، ئەوان ئاگاداری دروستبوونی هیچ هێزێكی لەو شێوەیە نین لە پارێزگای كەركوك و لەلایەن خۆشیانەوە بەدواداچوون بۆ بابەتەكە دەكەن و ئەگەر هەر هەنگاوێكیش هاوێژرابێت بۆ دروستكردنی ئەو جۆرە هێزە، ئەوا لەلایەن سەرۆكایەتیی دەستەكەیانەوە کار دەکرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی".

س.س
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان