راپۆرت

پۆپۆلیزم و كردار لەلای نوێنەرانی پارێزگای سلێمانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق

مەودا میدیا - سلێمانی |


پۆپۆلیزم و كردار لەلای نوێنەرانی پارێزگای سلێمانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق
مەودا میدیا- هێمن سەعید

رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان بۆ پەرەپێدانی دیموكراسی، لە دووتوێی كتێبێكدا كاروچاولاكییەكانی هەر 18 نوێنەرەكەی پارێزگای سلێمانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەماوەی ساڵێكدا ئاشكرا كردووە.

بەپێی راپۆرتەكە، دكتۆرە جوان ئیحسان، لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و ئەندامی كاروباری رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لەكۆی 18 نوێنەرەكەی پارێزگای سلێمانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق چالاكترین نوێنەری پارێزگاكەیە و ژمارەی چالاكییەكانی لەماوەی ساڵێكدا گەیشتووەتە 48 چالاكی و لە پلەی یەكەمدا دێت.

 لەكاتێكدا سەركەوت شەمسەدین، لە فراكسیۆنی ئایندە و ئەندامی هەمان لیژنە ژمارەی چالاكییەكانی 24 چالاكییە و لە پلەی شەشەم دایە و دكتۆر یوسف محەمەد، لە فراكسیۆنی گۆڕان و ئەندامی هەمان لیژنە ژمارەی چالاكییەكانی تەنها 20 چالاكییە و لە پلەی هەشتەم دێت.

لەدوای دكتۆرە جوان ئیحسان، ئارەزوو مەحمود لە فراكسیۆنی یەكێتی و ئەندامی لیژنەی وەرزش و لاوان لە پلەی دووەمدا دێت و ژمارەی چالاكییەكانی گەشتووەتە 41 چالاكی، بەدوای ئەمیشدا رێزان شێخ دلێر لە هەمان فراكسیۆن و ئەندامی لیژنەی ژنان و منداڵان و خێزان بە 32 چالاكی لە پلەی سێیەم دایە.

دكتۆر موسەنا ئەمین لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی و ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە پلەی چوارەمدا دێت و ژمارەی چالاكییەكانی گەشتووەتە 29 چالاكی، لەكاتێكدا هەر یەكە لە دانا محەمەد جەزا لە فراكسیۆنی پارتی و هەمان ئەندامی لیژنە و دكتۆر رێبوار كەریم مەحمود لە فراكسیۆنی سەربەخۆ و ئەندامی هەمان لیژنە ژمارەی چالاكییەكانیان تەنها 20 چالاكییە و لە پلەی هەشتەمدا دێن.

لە پلەی پێنجەمیشدا، دكتۆر غالب محەمەد لە فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان و ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز، ژمارەی چالاكییەكانی گەشتووەتە 28 چالاكی، بەدوای ئەمیشدا شیروان میرزا لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتیمانیی کوردستان و ئەندامی لیژنەی دارایی بە 24 چالاكی لە پلەی شەشەم دایە، لەكاتێكدا هەریەكە لە هۆشیار عەبدوڵا لە فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان و ئەندامی هەمان لیژنە ژمارەی چالاكییەكانی تەنها 17 چالاكییە و لە پلەی دەیەمدا دێت و ئەحمەدی حاجی رەشیدیش لە فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی و ئەندامی هەمان لیژنە ژمارەی چالاكییەكانی 23 چالاكییە و لە پلەی حەوتەمدا دێت.

لە پلەی نۆیەمدا، بەهار مەحمود، لە فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان و ئەندامی لیژنەی یاسا ژمارەی چالاكییەكانی 18 چالاكییە و حەسەن ئاڵی، لە فراكسیۆنی یەكێتی و ئەندامی لیژنەی هەرێمەكان و پارێزگاكانی رێكنەخراو لە هەرێمێكدا، ژمارەی چالاكییەكانی تەنها 15 چالاكییە و لە كۆتا 3 پلەی كۆتایدایە.

هەریەكە لە یوسرا رەجەب كەمەر، لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ و ئەندامی لیژنەی شەهیدان و مافەكانی مرۆڤ، ژمارەی چالاكییەكانی 14 چالاكییە و لە دووەم كۆتا پلەكەدایە و كۆتا پلە و لەهەر 18 نوێنەرەكەی پارێزگای سلێمانی لە ئەنجومەنی نوێنەری عیراق سستر و ناچالاكترینیان، بڵێسە جەبار فەرمان، لە فراكسیۆنی یەكێتییە، كە بە هەمان شێوە لە لیژنەی شەهیدان و مافەكانی مرۆڤە و ژمارەی چالاكییەكانی تەنها 13 چالاكییە.

 بەگوێرەی راپۆرتەكەی رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان كە رێكخراوێكی سەربەخۆی بێلایەنی ناحكومییە دەردەكەوێت ژنان لە لوتكەی نوێنەرە چالاكەكانی پارێزگاكەدان و پلەكانی 1 و 2 و 3 یان گرتووە و سەرجەمیان سەربە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانن.

فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كە تەنها یەك نوێنەری هەیە، دووەم چالاكترین فراكسیۆنە، فراكسیۆنی ئایندەش كە تەنها یەك نوێنەری هەیە لە پلەی سێیەمی چالاكترین فراكسیۆنەكاندا دێت.

فراكسیۆنی نەوەی نوێ، كە تەنها یەك نوێنەری لە پارێزگای سلێمانیدا هەیە لە لیستی كۆتا ناچالاكترین نوێنەرایەتی فراكسیۆنەكانە، بە دوای ئەمیشدا فراكسیۆنی گۆڕان لە پلەی دووەم ناچالاكترین فراكسیۆن دێت كە ژمارەی نوینەرەكانی 4 ئەندامن.

بەسەرنجدان و وردبوونەوە لە راپۆرتەكەی رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان، دەردەكەوێت ئەو ئەندام پەرلەمانانەی كە هەمیشە لە راگەیاندنەكانەوە وەك پاڵەوان لەسەر شاشەی تیڤییەكان و تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی وەك كەسێكی چالاك و رەخنەگر و بوێر دەردەكەون لە پلەكانی كۆتا و ناوەڕاستدان، ئەو نوێنەرانەشی كە گوم ناون و دەرناكەون لە لوتكەی چالاكترین نوێنەرەكانی سنوری پارێزگای سلێمانیدان.

س.س
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان