عیماد ئەحمەد

عیماد ئەحمەد

باوکم، ئەستێرەی ژیانم

چەند قورسە بە سۆزی جاران و بە عەقڵی ئێستا بیرەوەریی منداڵی بنووسیتەوە و رووداوەكان شەنوكەو بكەی، چونكە ئاسان نییە رێگە لەوە بگریت سۆز و خەیاڵ بەسەر گێڕانەوەكەتدا زاڵ نەبن، بەتایبەتی بۆ من كە هێشتا تارمایی ئەو قۆناخە بەخۆشی و ناخۆشییەكانییەوە بەسەرمەوەیە و بڕواش ناكەم بەئاسانی لێم ببێتەوە.
 
هەندێ رووداو هەرچەندە گرنگ بن دەكرێ بیربچنەوە، یان لە پەراوێزی گێڕانەوە و یادەوەرییەكان جێگە بگرن، بەڵام لەلای من قۆناغی منداڵی و خانەقین بەتێپەڕبوونی زەمەن هەر ناچنە پەراوێز، بگرە زۆرجار دەبنە ئێستا. یەكێك لەو كارەكتەرانەی تێكەڵ بە ژیانی من باوكمە، ئەو كەسەی تەنیا (15) ساڵێك سێبەر و سایەمان بوو، دواتر لە سارایەكی بێ رەحمی ژیان جێیهێشتین و دایكمی بۆ ئێمە كردە چەتر و سێبەر و دایك و باوك و هەموو كەس، بۆیە هەمیشە دەڵێم دایكم كۆكەرەوەی هەموو سۆماکان بوو لە یەك سۆمادا!
 
كات: كۆتایی پەنجاكانە و سەرەتای شەستەكانی سەدەی رابردووە
 
شوێن: خانەقین و گەڕەكی جەلەوەیە
 
باوك: (ئەحمەد سەیفوور ئەمین خوداداد زەهاوی) لەدایكبووی ساڵی (1910) لە گەڕەكی (حەمیدیە)ی شاری خانەقین، لە ئەسڵدا خەڵكی زەهاوی ناوچەی رێژاو و سوننە مەزهەب بوو، تاوەکو پۆلی چواری سەرەتایی خوێندبوو.
دایك: (گەوهەر عەلی ئەكبەر قاسم) لەدایكبووی ساڵی (1937) لە گەڕەكی (جەلەوە)ی شاری خانەقین، لە ئەسڵدا كەڵهوڕی، شیعە مەزهەب و نەخوێندەوار بوو.
دایكم و باوكم لە ساڵی (1951) هاوسەرگیرییان كردووە. ئەحمەد سەیفووری باوكم پێشتر دوو ژنی دیکەی هێناوە بە ناوی (زەكیە حەیدەری)، كوڕێك و دوو كچی لێی هەبووە و (جەواهیر عەلی) كە تەنیا كچێكی هەبووە.
 
سەرەتا دایكم لە حەمیدیەی خانەقین قەفەزی بووكێنی لە ژوورێكی لاچەپ بۆ ئامادە دەكرێت لە ماڵێكی هاوبەش لەگەڵ جەواهیردا دەژین، بەڵام دایكم ماوەیەكی كەم لەوێ دەمێنێتەوە و لە دواییدا لەگەڵ باوكم بۆ هێلانەی جەلەوە دەفڕن و سەرەنجام بووە هێلانەی ئێمەمانانیش.
 
سەرەتا لەجەلەوە لەماڵی خاڵو فەتحوڵڵا كرێچی دەبن و هەوارێك پێكەوە دەنێن، هەر لەوێ من دوای نۆبەرەكەیان (سوعاد)ی خوشكم لە هەمان خانوو لە ساڵی (1955) لەدایكبووم، مانگ و رۆژی لە دایكبوونم نادیارە، بەڵام دایكم دەیگێڕایەوە لەو رۆژەدا لافاو هەستابوو، خۆریش بۆ ناو هێلانەی خۆی فڕی بوو، ئەوكاتە مژدەی لەدایكبوون دەگاتە باوكم و ئەویش دیارییەكی باش بە مژدەڕەس دەدات.
 
ئەحمەد سەیفوور خوشكێكی گەورەتر لەخۆی بە ناوی (جەمیلە) و برایەكی بچووكتری بە ناوی (محەمەد) هەبووە، لە سەرەتادا هەردوو برا خەریكی بەقاڵی دەبن و لەگەڵ خاڵو (حەمید) و خاڵو (نەجیم عەرەب) و خاڵو (سەعدوڵڵا) شەریك دەبن، دوایی جیادەبنەوە و هەریەكەو دوكانی خۆی دەبێت، سەرەڕای بەروبوومی خۆماڵی زستانان خورمای (جەلە) و سێو و پرتەقاڵ و مۆزیان لە بەغداوە دەهێنا، هاوینانیش شووتی و كاڵەكی موسڵ-یان دەهێنا، دوكانی باوكم لە تەنیشت دەرگای خانی (فایق ئەفەندی) و نزیكی چایخانەكەی (بەخشی) بوو.
 
باوكم پیاوێكی سپی، باڵا مامناوەند و تۆکمە و تێكسمڕاو بوو، سەر و سمێڵ ماش و برنجی، ناوشان پان، چاو رەشی تاڕادەیەك  قووڵ، برۆ ئەستوور، سمێڵ هێتلەری، قژزبر و پێشی سەر رووتاوە، دەست و پەنچە ئەستوور و خرپن بوو. ئەوكات دانی كەم لە دەمدا مابوو، هەمیشە كەواو چاکەت یان دشداشەی لەبەردەكرد، كڵاشی (هەرسینی) ئێرانی لەپێ دەكرد، جامانەی دەبەست و قایشی پان و ئەستووری لە ناوقەدی خۆی قایم دەكرد.
 
مەلەوانێكی باش و ناودار بوو، كە خەڵك لە ئەڵوەن بەتایبەتی لە (باوەگەزی) دەخنکان ئەو هەوڵی دەرهێنانی دەدان، توانای راکردن و پشووی هەناسە لە بن ئاوی زۆر بوو، دەیتوانی تاوەکو ماوەیەکی زۆر لە ژێر ئاودا بمێنێتەوە، جاروبار دەهۆڵ و زوڕنای ئامادە دەبوو بۆ (چەمەری) لێدان.
 
باوکم هەر لە منداڵییەوە فێری مەلەوانیی كردم، لە هاوینان منی دەخستە سەر شان و لە قەراغی رووباری ئەڵوەن مەلەوانی پێدەكردم، تاوەکو ئێستاش هەست بە نەرمی و بۆنی تووكی سەر شانی دەكەم، ئەو بۆنە لە مێشكم ئۆغر ناكات. لە ساڵی 1962 ئەوکات تەنیا تەمەنم 7 ساڵان بوو، چووین بۆ کەربەلا و نەجەف، لە پردی ئەعزەمیە کە ئەودیوی پردەکە کازمیە بوو، لەناو ئاوی دیجلە مەلەم کرد، دایکم و خوشکەکانی دەترسان، بەڵام باوکم رێگەی دام و وتی مەترسن ناخنکێ.
 
باوكم پیاوێكی سەخی تەبیعەت و دڵ و دەروون فراوان و دەستبڵاو بوو، تاوەکو حەدی ئیسراف، درێغی لە ماڵ و منداڵی نەدەكرد و چی دەستكەوت و نسیب بووایە سەرفی دەكرد بەبێ ئەوەی بیر لە داهاتوو بكاتەوە، فەلسەفەی ژیانی ئەوەبوو: (ئەمڕۆ بژی، خوا كەریمە بۆ سبەینێ) جگەرەكێش بوو، رۆژانە دوو پاكەت جگەرەی لۆكسی دەكێشا.
 
باوكم پیاوێكی كراوە و دڵپاك بوو، جاروبار هەموومانی بە دایك و باوەژن و خوشك و براوە دەبرد بۆ سینەما، حەزی لە خواردن و دەعوەت و سەیران بوو، تەنانەت كەسوكار و دراوسێكانیشی بێبەش نەدەكرد، بۆیە ئەحمەد سەیفوور بە قسەخۆش و رەفیق دۆست و جێی متمانەی خزمان دەناسرایەوە.
 
لە ساڵی (1961) خوشكە گەورەكەمان (مەکییە) خۆی سووتاند، وابزانم یەكەم رووداوی خۆکوشتن بوو لە خانەقین، كارەساتەكە بەهۆی دەمەقاڵی بوو لەگەڵ دایكی لەبارەی منداڵەكانی (دوو كوڕ و كچێك)ی هەبوو، ئیتر دوای ئەو كارەساتە باوكم لە شادی و خۆشی بێبەش و هەمیشە چاو بە فرمێسك بوو، وای لێهات بە بینینی كچێكی هاوتەمەن و هاوشێوەی كچە لە ژیان یاخیبووەكەی فرمێسك سەر روومەتەكانی تەڕدەكرد، دوای جوانەمەرگبوونی كچەكەی، مەولوودێكی گەورەی بە قورئان خوێندن و زیكری دەروێشان لە گەڕەكی (تێلخانە) سازكرد.
 
روداوێكی سەیر لە ژیانی منداڵیی مندا هەیە، كە ئێستاش بیرمە، جاران  هەندێ (بەربەر) بە جانتای دەستییەوە لە كۆڵان و گەڕەکەكاندا دەگەڕان بۆ سەر و ریش تاشین و سوننەتكردنی منداڵان.
 
لە هاوینی ساڵی (1960) بەبێ ئاگاداریی باوكم، محەمەد دەلاک، زڕباوکی محەممەد دلگ (دوون کیشۆت)ی خانەقینم بانگكرد بۆ ماڵەوە بە زۆری زۆرداری خۆم، دایكم ناچاركرد رازی بێت بە سوننەتكردنم، بەبێ ئەوەی بگریم یان هاوار بكەم، (محەممەد دەلاك) كارەكەی ئەنجام دا، ئەمەش بووە داستان و وێردی سەر زمانی منداڵانی گەڕەك، كە چەند ئازا و نەترس و گیان قایم بووم!
دوایی كە باوكم زانیبووی كیسەیەك چوكلێتی هێنا و هەڵیڕشت بە سەرمدا و دایكیشم هەلهەلەی لێدەدا، منیش وەكو پاڵەوانی تازە لە شەڕێكی سەركەوتوو گەڕاوەتەوە و لەسەر دۆشەكی پاشایی پاڵكەوتبووم.
 
بە منداڵی بەهۆی هاروهاجیم و عەجوولیم سەرئێشەی زۆرم دروستدەکرد بۆ دایكم و باوكم و نەنكم (هاجەر) قیبلەنومای ماڵ و (تاتشەری) گەڕەك بوو، هەرچەندە ئەو هاروهاجییەم ببووە مایەی سەرئێشە بۆ ئەوانی دیکە، بەڵام جاروبار خۆشم باجەكەیم دەدا. جارێكیان لەسەر پردی ئاسنی نێوان هەردوو بەری رووباری ئەڵوەن لەگەڵ كوڕێكی ئەوبەری ئەڵوەن بەناوی (سەفا) بەشەڕ هاتم، دوای زۆرانبازییەكی زۆر ئەو دەرەقەتی من هات و لەسەر پردەكەوە هەڵیدامە خوارەوە و كەوتمە كەناری ئاوەكە، سەرو گوێلاكم شكا و جەستەشم زۆر ئەزیەتی پێگەیشت، چەند رۆژێك لەسەر جێ كەوتم، بەڵام دواتر باوكم لێیان خۆشبوو.
 
هەر لە درێژەی سەركێشییەكانی منداڵیم لە نزیك ماڵی نەنكم، خاڵۆ (عەبدە)ی تەنوورچی کە تەنووری گڵی دروستدەكرد، چەند هەفتەیەكی دەخایاند تاوەکو تەنوورێکی تەواو دەکرد، منیش كەی لە ماڵەوە داواكارییەكم بۆ جێبەجێنەکرایە، رامدەكرد و تەنوورێكی خاڵۆ عەبدەم دەشكاند، ئەو قوڕبەسەرەش هاواری دەكرد و دەیوت: هاجەر وەرە ئەم بەڵایەم لە كۆڵ بكەرەوە ماڵی وێرانكردم، ئێوارەكەشی كە باوكم دەهاتەوە و خەبەری بەفیڕۆدانی رەنجی خاڵۆ عەبدەی دەبیست بە قایشە ئەستوورەكەی قایشبارانێكی نەرمی دەكردم.
 
ئەو ماوەیەی كە باسی دەكەم لە چوار خانووی جیاواز (نزڵ) كرێچی بووین، دوایین خانووی کرێچیمان خانووی (موسا دێو) بوو كە خاڵی دایكم بوو، لە ژوورێكی درێژی بێ پەنجەرە و بەر هەیوانێكی بچووكدا بووین، لەوسەری ژورەكەش دۆڵابێكی دوڵدوڵی هەبوو و چەند پێخەفێكی لەسەر دانرابوو، راخەرێك و چوارپایەكی ئاسن كە چواردەوری بە پەردەكوولە گیرابوو، وێنەیەكی ئیمامی عەلی و ئیبراهیمی برا گەورەكەمان بە دیواری ژوورەكەدا هەڵواسرابوو، بۆ رووناكیش فانۆسێك و چرایەكی لاڵەمان هەبوو، چونكە وەك باسم كرد باوكم هیچ بایەخی بە ناوماڵ نەدەدا، هەموو خەمی خواردن و سەیران و دەعوەت بوو.
 
یەكەم قۆناغی خوێندنم لە قوتابخانەی (النهچە) بوو، تەنانەت بێ دەفتەرنفووس وەرگیرام، لێرەش هەر هاروهاج، بەڵام زیرەك بووم، بەهۆی زیرەكیمەوە زۆرجار دەبوومە چاودێری پۆلەكەش. خوێندن و تەمەنی منداڵیی ئەوكاتم لەسایەی ئەو ژیانە سادەیەی ئەو سەردەمە بە ئاسایی دەڕۆیشت تاوەکو لە ئێوارەی رۆژێكی پاییزی ساڵی (1966) تووشی نەگبەتییەكی گەورە هاتم، بیرمە هەموومان لە حەوشەی بەردەم هەیوانەكە لەسەر حەسیر و (مەندەر) كه دۆشەکەڵەیەک بوو، بە قوماشی كۆن لە ماڵان دروستدەكرا دانیشتبووین، باوكم خەریكی ریشتاشین بوو و دایكیشم بەدیار پەرەمێزێكی زەردباوی دووكەڵاوی خەریكی لێنانی قوبڵی بوو، لەگەڵ تەواوبوونی ریشتاشینەكەی، باوكم بەدەم كۆكەیەكی قووڵ و بەرزەوە بەلاداكەوت و دایكیشم قیژاندی و هاواری كرد، دراوسێكان هاتن و بە شڵەژاوییەوە خەریكی باوكی لە پەلوپۆکەوتووم بوون. 
 
دوای نزیكەی (54) ساڵ قەت ئەو دیمەنانەم لەبیر ناچن، چۆن باوكم بەم شپرزەییە دەیڕوانییە هەمووان و كە گەیشتە سەر من چاوەكانی قەتیس مان، لەو چركەیەدا گۆمێكی قووڵی بێ ئەمان سۆمای چاوی باوكمی قوتدایەوە، تێنەگەیشتم باوكم داوای نەجاتدان و فریادڕەسی لێدەكردم یان ئەمانەتی بەخێوكردنی دایكمی خستە ئەستۆم! منیش وەكو شێت هاوارم دەكرد، دوایی رامكرد بۆ لای مامم لە گەڕەكی حەمیدیە بۆ ئاگاداركردنەوەی، لە گەڕانەوەمدا خواخوام بوو لە دەوری ماڵمان قەرەباڵغی دروست نەبووبێت، بەڵام دیاربوو كارلەكار ترازابوو، لە دوورەوە قەرەباڵخ و شین و شەپۆڕەكەم بینی و بە هاوار و گریانەوە خۆم كرد بە حەوشەدا و بەدەنگی هەیواشێرە و باوكەڕۆ و لاوانەوەی دایكم وەکو دێوانەیەک نوقمی دونیای بێهۆشی بووم!
 
هەر ئەو شەوە دوای كفن و دفن بەدوای تەرمی باوكی ئازیزی لەدەستچووم و داهاتووی نادیارەوە بەرەو گۆڕستان بەڕێكەوتم، دەستێكم بە دەستی مامۆستا موحسینی خاڵمەوە بوو بە دەستەكەی دیکەش لە سەری خۆم دەدا و باوكەڕۆم دەكرد، لە گۆڕستانی ئیمام عەباس، بە دەنگی " كل نفس ژائقە الموت " و "منها خلقناكم وفیها نعیدكم ومنها نخرجكم تارە اخری" هەریەكەو مشتێك خۆڵی بەسەر ئەلحەدی قەبرەكەی دەكرد، لەگەڵ هەر مشتێكی ئەوان، مشتێكی ئاگر بەسەر سینەی منیشدا دەڕژا.
 
بەمەش لە ژیانی منداڵیمدا وێڵ و سەرگەردان و بێناز كەوتم، چونكە ئەوانەی وەكو من بە تەمەنێكی ناسكی مێردمنداڵییەوە بێ باوك دەكەون، ئەوان لەئێش و ئازاری ئەو كارەساتە تێدەگەن، ئیتر ئەو بیرەوەرییانە بوونەتە تارمایی و لێم نابنەوە، بەڵام سەرەڕای نەهامەتی و دەردەسەری ئەوكاتانە، رەنگە فێری ئەوەیان كردبم کە قایمتر و بەهێزتر و خۆڕاگرتر لەبەردەم رەشەبای ژیان و ئازارەكانی بووەستم و لە هەویری نەهامەتی نانی خۆڕاگری و كامەرانی و مانەوە دروستبکەین.

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan