عیماد ئەحمەد
نەورۆز لە چهند وێستگهیهکی جیاوازی ژیانمدا
سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابردوو ، لە یادی نەورۆزی ئەو ساڵاندا، مێردمنداڵ بووم .لە گەرەکی جەلەوەی شاری خانەقین دەژیام . بە خهیاڵێکی کوردانهوه لە گەڵ خەڵکی گەرەکدا، بە ژن و پیاوەوە بە گەورە و بچوگەوە دوای خاڵو فرە بەهرەکەم مامۆستا موحسن ئەکەوتین و بەدەنگی بەرز ، لەقەراخ هاژەی رووباری ئەڵوەن ، هاوارمان دەکرد
(ئیمرۆ رۆژی خۆشییە،کاوە زووحاک کوشتییە )
ساڵی(١٩٧٠) هەرزەکار بووم ، یادی نەورۆز لە تەیارەخانەی شاری خانەقین سازکرا . یەکێک لە سونبولەکانی کوردایەتی لە شاری خانەقین مامۆستا عەزیز پشتیوان بوو. ئەو بە دەنگە پر سۆز و زوڵاڵەكەی بە دەستە راستە پڕ ئاماژەکەی هاواری دەکرد (یان کوردستان یان نەمان) وەکوو بروسکەیەک لە ناخماندا دەنگیدایەوە و ئهو دروشمه بووه وزیهکی هەتاهەتایی کوردایهتی بۆ خەڵکی شارەکەم
ساڵی (١٩٨٤) لە هەڕەتی گەنجایەتی بووم ،یادی نەورۆز لە سورداش ساز کرا، بە ئامادەبوونێکی جەماوەری بێوێنەی خەڵکی کوردستان و بە وتە پر جۆش و خرۆشەکەی هەڤاڵ ما مجەلال کە دەیفەرموو (جەماوەری لە بن نەهاتووی یەکێتی) دڵنیایی بەسەر خەڵکی کوردستان دەباراند و نهورۆز و پێشمهرگه و خهڵک ئاوێتهی یهکبوون.
ساڵی (٢٠١٢) قۆناغی کامڵبوونی دید و تێڕوانین و تێگەیشتنم بوو ،بۆ یادی نەورۆز ، کاک دلێری سەید مەجید، مامە خەمەی هەمووان ، کۆمەڵێک هاوڕێ و کەس وکاری هەردوولامان ، لە کانی ماسی قەراغی شاری سولەیمانیدا، میوانداری کردین و بە دیار ئاگرێکی گەورەوە و بە دەنگی زووڵاڵ و بەرزی حەسەن زیرەک سروودی (ئەم رۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە......) ئێوارەی نەورۆز مان بەسەربرد. دڵۆپ دڵۆپ خۆشەویستی و خۆشی دەڕژایە ناخی دەرونماندا
ساڵی (٢٠٢٢) لە سێبەری رەشماڵی پایزی تەمەندا ، یادی نەورۆز یادێكی یەکجار جیاواز لە جاران دەبینم
پهرتهوازهیی زۆر و یەکریزی زۆر کەم
هیوا کەم و نائومێدی زۆر!
بورجی عاجی زۆر و دادپەروەری زۆر كەم !
کاوە کەم و زووحاکیش زۆر!