عیماد ئەحمەد

عیماد ئەحمەد

هاوڕێم عەبدولڕەزاق فەیلی

ئەو لە ئاسمانێك دەچوو 
بەردەوام بارانی وەفا و ئەمەكی لێ ببارێت
رووبارێك بوو هەمیشە تینوێتی گەرمەسێری دەشكاند و ئاوی سازگاری ئەپرژاندە سەرلێوی هەڵقرچاوی ئەنفالكراوان!

هاوڕێیەتی عەبدولڕەزاق، دەرگایەكی هەبوو کردنەوەی ئاسان بوو، بەڵام داخستنی گران و ئەستەم بوو 

ئەو لە كۆڕی دۆستان
دەمولەبزی گەزۆی پێكەنین و 
هاتنەكەی شیلەی خۆشەوێستی بوو!
ئەو لە كوێی مەجلیس بووایە،
هەنگی رێز و تەقدیر، بەسەر شان و ملی ئەوەوە دەنیشتنەوە!
ئەو رووبارێک بوو، هەموو جۆگەلەکانی بۆ باوەشی خۆی رادەکێشا
ئەو رێبوار و تێكۆشەر و دامەزرێنەری سادەی یەکێتی بوو
هەڵپە هەڵپی کورسی و مەراقی خۆدەرخستن و دانیشتنی سەرووی خەڵك و پێشەوەی نەبوو 
ئاخر ئەو لەكوێ بووایە مەعنا و مەغزای بە شوێن و كورسی دەدا
ئەو لە كەنزی قەناعەت دەچوو
دەستی لە گەنجینەی پڕی باوك و باپیرانی بۆ کورد و یەکێتی هەڵگرت!
 ئەو سێكوچكەی چەوسانەوە و غەدر و دەربەدەری بوو
هەم كورد، هەم شیعە وهەم فەیلی بوو

رەزاق فەیلی 
یەكێك لە دەروێشەكانی جەفا و وەفای رۆژگارە سەختەكانی یەكێتی بوو
هاوڕێیەکی دانسقەی هه‌مووان بوو
وەکوو مروارییەک لە هەموو دەریایەکدا نەبوو
ئەستێرەیەکی جیاواز بوو لە هەموو ئاسمانێکدا پەیدا نەدەبوو

عەموو گیان؛ وەكو چۆن بە هێمنی ژیای، بە هێمنی خەباتت كرد، ئاواش بە هێمنی لە یاد و یادەوەریی ئێمەدا بۆ هەمیشە زیندووی.