عیماد ئەحمەد
ئارام، ئەستێرەی شۆڕش و فریادڕەسەکەی کۆمەڵە
ساڵی 1975 ساڵێکی شووم و کارەساتبار بوو، لەلایەک لە بەهاری ئەم ساڵەدا شۆڕشی ئەیلوول هەرەسی هێنا، لەلایەکی تریشەوە لە مانگی ئەیلوولی هەمان ساڵدا، سەرکردایەتیی کۆمەڵە و زۆربەی کادرە سەرەکییەکانی تووشی گرتن و راوەدوونان هاتن، لە کاتێکدا بزووتنەوەی کوردایەتی پێویستی بە فریادڕەسێکی وەک کۆمەڵە بوو، کە سەرکردایەتییەکەی خەریکی چالاکیی سیاسی و رێکخراوەیی بوو، بەڵام بەداخەوە زوو کەوتنە داوی رژێمی بەعسەوە.
چوونە ژێر بارێکی ناهەموار و مەترسیدار
لەو شەوە تاریک و لەو رۆژگارە دژوارەدا، ئارام (شاسوار جەلال)، لەگەڵ ئازاد هەورامی و سالار عەزیز و مەلا بەختیار، کادری گەنج و خوێنگەرم و ئازا، چوونە ژێر بارێکی ناهەموار و مەترسیداری ئەو سەردەمە و هەوڵیان دا بۆشاییەکە پڕ بکەنەوە. بێگومان کاک ئارام داینەمۆی ئەم کارە و پیاوی رۆژگارە سەختەکان و بڕوای بە خۆی و دۆزی میللەتەکەی هەبوو، پیاوێکی قسەخۆش و بە ئیرادە بوو. کاک ئارام لەگەڵ هاوڕێکانی ئارام و هێمن بوو، بەڵام بەرامبەر دوژمن سەرسەخت و دڵ پۆڵایین بوو. لەبەرئەوە بە ماوەیەکی کەم توانی لە رێگای کومیتەی هەرێمەکانەوە، سەرلەنوێ کۆمەڵە هەڵبسێنێتەوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ مام جەلال و هەڤاڵانی دیکە، شۆڕشی نوێ هەڵبگیرسێنێتەوە و بە مەبەستی هۆشیارکردنەوە و جاڕدانی شۆڕشی چەکداری، مەفرەزە سەرەتاییەکانی پێشمەرگە رەوانەی شاخ بکەن.
ئەو کات ئەرکی کومیتەی هەرێمەکان ئاسان نەبوو، لەلایەک سەرقاڵی رزگارکردنی کۆمەڵە لە سەرگەردانی و لە بەریەک هەڵوەشانەوە و لە لایەکی تریشەوە خەریکی زەمینەخۆشکردن بوو بۆ هەڵگیرساندنەوەی شۆڕش. بەندە لەو سەردەمەدا لە هەرێمی پێشڕەو کارم دەکرد، کە یەکێک بوو لە هەرێمە چالاکەکانی کۆمەڵە لە سنووری بەغدا و مەندەلی و خانەقین و گەرمیان.
یەکەم دیدارم لەگەڵ کاک ئارام
یەکەم دیداری من لەگەڵ کاک ئارام، لە کۆتایی ساڵی 1974دا بوو، ئەو کات ئەندامی لقی یەکێتیی لاوانی خانەقین بووم، بارەگامان لە دێی مەحمود قەجەری گەرمیان بوو، بۆ خولێکی تایبەت لە سکرتاریەتی یەکێتیی لاوانی کوردستان چووم بۆ چۆمانی باڵەکایەتی، لەوێ بۆ یەکەمجار کاک ئارامم بینی و هەر ئەوکاتە چووە دڵمەوە.
دیداری جاری دووەمم، زۆر جیاواز بوو؛ وەرزی پاییزی ساڵی 1976، کاتی خۆشاردنەوەی بوو لە شاری سلیمانی، لە ماڵی کاک ئاوات قارەمانی لە سەرشەقام؛ کاک ئازادی مەلا کارئاسانیی کرد تا بە دیداری شاد ببمەوە.
ئەو کات بە راستی جیاوازییەکی زۆرم بینی لە نێوان، ئارامی ئەوسای سکرتاریەتی یەکێتیی لاوانی کوردستان و ئارامی سکرتێری کۆمەڵە، وەک رابەر و سیمبول و فریادڕەسی کۆمەڵە دەهاتە بەرچاوم، لەو کاتەوە ئەو بوو بە شێخ و منیش بووم بە دەروێشی.
جیاوازییەکی زۆرم بینی لە نێوان، ئارامی ئەوسای سکرتاریەتی یەکێتیی لاوانی کوردستان و ئارامی سکرتێری کۆمەڵە، وەک رابەر و سیمبول و فریادڕەسی کۆمەڵە دەهاتە بەرچاوم، لەو کاتەوە ئەو بوو بە شێخ و منیش بووم بە دەروێشی
پیاوێکی ورد و بەسەلیقە
ئارام پیاوێکی ورد و بەسەلیقە بوو؛ دوای جێهێشتنی شار لە ناوچەی قەراغ دەستیکرد بە چالاکیی سیاسی و عەسکەری و رێکخراوەیی و هەوڵی پەرەپێدان و گەشەکردنی یەکێتی و شۆڕشی دەدا، بوونی ئارام لەو سەردەمەدا هیوابەخش بوو بۆ سەدان و هەزاران گەنجی خوێنگەرمی کوردایەتی.
کاک ئارام لەبەرئەوە قەراغی هەڵبژارد، چونکە نزیک بوو لە شاری سلێمانی و بە ئاسانی دەیتوانی سەرپەرشتیی رێکخستنەکان بکات و دەستی بە ئەرکەکان رابگات.
لەپاڵ کاری سیاسیی و پێشمەرگایەتیدا خەریکی چاپ و بڵاوکردنەوەی رۆژنامەی ئاڵای شۆڕش بوو، کە تەنها فریای دەرکردنی یەک ژمارەی کەوت، مەبەستی بوو شان بە شانی خەباتی پێشمەرگایەتی، برەو بە بواری رۆشنبیری و ئایدۆلۆژیش بدات.
لەو ماوە کەمەدا کە لە قەراغ بوو، کاک ئارام توانی بە رەفتار و کردار و گوفتاری سەرنجی زۆربەی خەڵک بۆ لای خۆی رابکێشێت و ببێت بەجێی متمانەیان. هەر لەو ماوەیەدا ویستی نەریتێکی تازە لە کاری شۆڕش و خەبات بهێنێتە کایەوە لە هەماهەنگی و یارمەتیی خەڵک و جووتیاران، کە هێز و پشتیوانی سەرەکیی شۆڕش بوون. لەم چوارچێوەیەدا هەوڵیدا چەند پڕۆژەیەکی سادە و بچووک، بەڵام بۆ ئەو سەردەمە پڕ مەغزا و پڕ جوامێری ئەنجام بدات، وەک دروستکردنی پرد یان چاککردنی هەندێ رێگا و نزیکخستنەوەی کانیی ژنان لە ئاوایی و پاککردنەوە و فراوانکردنی کانیی ئاوی دێیەکان.
پەیوەندیی لەگەڵ خەڵکی لادێ
کاک ئارام هەرچەندە خەڵکی شار بوو، بەڵام سەرکەوتوو بوو لە پەیوەندیی لەگەڵ خەڵکی لادێ و عەشایەری ناوچەکە، زوو کلیلی تەلیسمی پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی عەشایەری و گوندنشینیی دۆزیەوە و توانی بە ئاسانی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکات و حورمەتی داب و نەریتەکانیان بگرێت.
کاک ئارام جیا لە سەرکردەکانی تری یەکێتی، نەچووە ناوچە سنوورییەکانی ئێران و بەتەنیا هەر لە قەرەداغ مایەوە، تا رێکەوتی 31/1/1978 لە دێی تەنگیسەر بەدەستی جاشە خۆفرۆشەکانی رژێمی بەعسی فاشی شەهید کرا و هەر لەوێش بەبێ کەسی لەلایەن جووتیارانی دێیەکەوە بە خاک ئەسپێردرا، بەڵام کێلی گۆڕەکەی بوو بە نەزرگەی تێکۆشەران و رەش و رووتی ناوچەکە و سەرتاسەری کوردستان.
یەکێتی قوتابخانەی تێکۆشان و قوربانیدان
ئاشکرایە یەکێتی خۆی قوتابخانەی تێکۆشان و قوربانیدان بووە و هەزاران پێشمەرگە و سەدان کادر و ژمارەیەکی زۆری سەرکردەی وەک خاڵە شیهاب و جەعفەر و ئەنوەر و ئارام و عەلی عەسکەری و دکتۆر خالید و حسین بابەشێخ و ئازاد هەورامی و حەسەن کوێستانیی کردووە بە قوربانی رێی خەباتی کوردایەتی. راستە ئارام بە جەستە رۆیشت، بەڵام سێبەرەکەی هەمیشە بەسەرمانەوە بووە، بیرەوەری و بیر و بۆچوونەکانی مەشقی کۆمەڵە و یەکێتی بوون.
لە وەفاداریی خەڵک بۆ شەهید ئارام و بۆ ئەوەی ناوی ئەو سەرکردە هەڵکەوتووە هەمیشە درەوشاوە بمێنێت و بەردەوام وێردی سەر زوبان بێت، هەزاران کوڕی کورد لە کوردستان ناونران ئارام، بێجگە لە هەزارانی تریش لە گەنج و پیاوانی هاوبیر لەگەڵ ئەم رێبەرە شەهیدە ناوی خۆیان گۆڕی بۆ ئارام.
هەزار سڵاوی وەفا و دروودی ئەمەکداریی نەبڕاوەش بۆ رۆحی پاکی شەهید ئارام. هیواخوازین رۆژی 31ی یەکەم مانگی ئەم ساڵ، ببێت بە رۆژی شەهید ئارامی سەرکردە و بشبێت بە رۆژی زاخاوی خەبات و تێکۆشانی رەنجدەرانی بیر و بازوو، لە پێناوی بەدیهێنانی مافی چارەی خۆنووسینی گەلی کوردستان و خزمەتی زیاتری گەل و وڵاتەکەمان، لەسەر بنچینەی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی گەل و بەهێزترکردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پەرەپێدان بە رێبازەکەی مام جەلال و هەموو شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان.
ر.س