عیماد ئەحمەد

عیماد ئەحمەد

جەلەوە و مسک الخیتام

لەدوا بەش و دوا پەراوێزی سەربوردە و  چیرۆکی ژیانی راستەقینەی جەلەوە، دەمەوێ باسی عەرەبە رەسەنەکانی جەلەوە بکەم کە بوون بەدوا میوانی خۆشەویستی ناو دیوەخانی یادەوەرییمان.

عەرەبەکانی جەلەوە بەشێکن لە مێژووی هاوچەرخی  خانەقی، ئەوان رۆح و هەناسەیان تێکەڵ بە ئەڵوەن و بۆنی باخەکان بووە. 

ئەمان بۆ تەعریبکردنی خانەقی نەهاتبوون، بەڵکو بۆ پەیداکردنی رزق و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خۆیان و تێکەڵبوون بە خەڵکی رەسەنی خانەقی هاتبوون.

  لە سەرەتای هاتنە ژوورەوەی گەڕەکی جەلەوە لەلای کۆپری گەورەوە لە دەستی چەپدا بە خانووەکەی حاجی مەجید دەستپێدەکات کە بینایەکی جوانی دوو قات بە خشت و گەچ و چیمەنتۆ لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابوردوو دروستکراوە، نهۆمی خوارەوەی کرابوو بە قاوەخانە و سەرەوەش حاجی مەجید و خێزانەکەی تیادا دەژیان، بۆ ئەو سەردەمە ئەم خانووە لەچاوی ئێمەوە زۆر جوان و نایاب بوو.

حاجی مەجید وەستای بیناسازی و لە هەمان کاتدا بەڵێندەری ئەو بوارەش بوو، لە دوای رووخاندنی پاشایەتی لەلایەن عەبدولکەریم قاسمەوە و بەهیمەتی عادل جەلالی خەڵکی خانەقی کە یەکێک لە ئەفسەرانی ئازادیخوازان و وەزیری کشتوکاڵی حکومەتی عیراق بوو، پردێکی ئاسنین  لەسەر ئاوی ئەڵوەن دروستکرا هەرچەندە دوای کەمتر لە ساڵێک لافاو پردەکەی برد، بەڵێندەری دروستکردنی  پردەکە حاجی مەجید بوو، خەڵکی خانەقی و جەلەوە هەزار و یەک قسەو تۆمەتیان بەناوبانگی ئەو پیاوە هەڵواسی .

 حاجی مەجید  پیاوێکی سپی رەنگ  و قەڵەو و چاو کاڵ بوو، کەوا و سەڵتە لە بەردەکرد و جامانەی دەبەست لە کاتی ئیشکردندا کەسێکی تووند و توڕە بوو، عەرەب و سوننە مەزهەب بوو.

ماڵی رەئیس کەریم لە تەنیشت قوتابخانەی هاشمیەی سەرەتایی کوڕان کە تائێستاش ئاسەوارەکەی هەر ماوە و جوانییەکی تایبەتی بە جەلەوە و خانەقی دابوو، کە خۆی و کوڕەکانی ئەفسەری دەرەجەداری سوپای عیراق بوون، ئەمان عەرەبی سوننە مەزهەب بوون؛ کوڕە بچووکەکەیان  ناوی نەبیل  و لەدایکبووی ساڵی ١٩٥١ بوو، برادەر و هاوڕێی نزیکی مامۆستا موحسین بوو، کوڕێکی باڵابەرز و دەموچاو باریک و سپی رەنگ، دڵساف بوو، حەزی لە بەخێوکردنی بولبولی خورما بوو بەردەوام بە قەفەس و بولبولێکەوە دەهات بۆ بان ئەڵوەن و شانازی بە دەنگی خۆشی بولبولەکەیەوە دەکرد. ئای چەند سحراوی بوو کاتێک دەنگی بولبول و هاژەی ئەڵوەن باوشیان بەیەکەوە دەکرد!

ماڵی رەئیس کەریم لە دوایدا لە بەغدا نیشتەجێبون، بەڵام پێیان لە جەلەوە نەبڕی و بەتایبەتی لە جەژنان بە سەردان دەهاتنەوە بۆلامان.

هەروەها لە کۆتایی گەڕەکی جەلەوەدا لەنێوان خانووکەی خاڵو سەید دارشکێن و هەردوو خانووی خاڵۆ فەتحوڵڵا زەهاوی و عەلی سەروەناز، خانوویەکی گەورە هەبوو خێزانی میم دەلە و هەردوو کوڕەکەی فازل و عەبوسی و خزمێکی بە ناو خزەیر کە عەرەبی مەعدان و شیعە مەزهەب بوون، تێیدا نیشتەجێبوون کە خاوەنی ژمارەیەک گامێش بوون گەوڕەکەیان لە دەستی راستی حەوشەکەیاندا بوو.

 ئەمانە لە ئەسڵا خەڵکی قەزای توێریجی سەر بە پارێزگای کەربەلا بون، هاتبوونە دەلی عەباس و ئینجا بۆ مەیدان، نزیک رووباری سیروان  لە دوایدا بەشێکیان هاتوون بۆ جەلەوە و بەشەکەیتریان هەر لەوێ ماونەتەوە، تائێستاش لە جێی خۆیان لە گەرمیانن بەناوی دێی عەرەبەکان کە زۆر جار لە کاتی شۆڕشدا هاوکاریی هێزی پێشمەرگەیان کردووە.

عەرەبی مەعدانی جەلەوە تایبەتمەندیی خۆیان هەبوو لە جلوبەرگ و پەیوەندیی کۆمەڵایەتییەکانیان، سەرەڕای دەیان ساڵ بە یەکەوەژیان لەگەڵ کوردی جەلەوە، بەڵام هەر لەناو خۆیان ژنخوازییان دەکرد و تێکەڵاوی کەسێکیتر نەدەبوون .

میم دەلە گەورەی خێزانەکە بوو، دوو کوڕی هەبوو بەناوی فازڵ و عەبوسی، فازڵ کەمێک گوێی گران بوو و هاوسەری جرێوە بوو، خاوەنی چوار کوڕ بوو بەناوەکانی خەلیل، موحسین، حسێن و حەسەن و سێ کچ بەناوی حورباتە، فەزیلە و کەریمە بوون، خەلیل و فەزیلە گوێگرانییەکەیان لە باوکیانەوە بۆ مابووەوە.

خەلیل لەدایکبووی ساڵی ١٩٥٠ بوو کوڕێکی گەنمڕەنگ، چاو و برۆ رەش و گوێی گران، خۆی و حسێنی برای لە شەڕی عیراق-ئێران کوژران و  لاشەکەیان بەجێ ماوە، هەندێ جار ئێمە بڵاوکراوە و شتی نهێنیمان لای حسێن عەرەب دەشاردەوە، چونکە جێی متمانەمان بوو، حەزی دەکرد یارمەتی و هاوکاری ئێمەمانان بدات. رووخاندنی دەسەڵاتی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ نزیکەی ٢٠ گەنج لەم عەرەبە رەسەنانەبوون بە پێشمەرگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

خزەیر، گامێشەوان بوو پیاوێکی باڵابەرز و ناوشان پان و دەست و مەچەک ئەستور، خاوەنی دوو چاوتیژی زەردباو، پیاوێکی کەمدوو بوو، بەردەوام بەپێپەتی بەدوای گامێشەکانەوە بوو بۆ لەوەڕگای گەرمک و ناو ئاوی ئەڵوەن، بنی  پێی درز و شەقاری سەیری تێ بووبوو هەر وەکوو خەرەند و کوچە باریکەکانی جەلەوە وا بوو!

قەیماخ و ماست و پەنێری گامێش لە خانەقی زۆربەی لای ئەمانەوە دابینیان دەکرا، بەیانیان زوو کاتی مەلا بانگدان میم جرێوە و نەزاوی کچی خزەیر مەنجەڵی گەورەی ماست و دوو سینی گەورەی پەنیر و قەیماخیان دەخستنە سەر سەریان بەرەو بازاڕ دەڕۆیشتن لە بەرانبەری چایخانەکەی خاڵو قاسم میران بە تەنیشت نان فرۆشەکان کە لەسەر سەبەتەی گەورە نانەکانیان دادەنا، ماست و پەنیر و قەیماخەکەیان دادەنا. دارندەکان بۆ ژەمی بەیانیان دەیانکڕی و هەژارەکانیش تەنها سەیرییان دەکرد و بە زمان لێوی خۆیان دەلێسیەوە و وەک دەڵێن لەدوورەوە بە لیکی تامەزرویی ناو دەمیانی تەردەکرد!

لە جەلەوە ژمارەیەکی زۆر نانەوا هەبوو کە ژنەکان نانیان دروستدەکرد، پیاوەکانیش لە بازاڕ دەیانفرۆشت وەکوو میم تەمینە و زەینەو و سەبرییە و قەشنگە و رەعنە و نەنکم هاجەر کە لەگەڵ مامۆستا موحسینی خاڵم بەسەبەتە نانەکانمان دەبرد بۆ لای کاکمان سەعدوڵڵا لە شوێنی نانفرۆشەکان.

جەلەوە بێجگە لەمانە، میوە و سەوزە و تەڕە و ماسی و هەندێ ئیشی دەستی ژنان سەرچاوەیەکی دیکەی ژیان بوو بۆ خەڵکی خانەقین دابیندەکرد.

سەربوردە و چیرۆکەکانی جەلەوە زۆرن و وا بەئاسانی بە کۆتایی نایەن، بەڵام رەنگە تائێرە و ئەوەندە بەس بێت بۆ شکاندنی تینوێتیم، بەڵام تا دوا هەناسەم عەوداڵم بەدوای عەشقی ئەبەدی کوردستان و خانەقی و جەلەوەوە.

لە کۆتاییدا دەڵێم: جەلەوە، بۆ؟

راستە جەلەوە نە ڤیزەی شنگنی هەیە و نە مەزاری رۆحانی گەورەی تێدایە کە خەڵک رەوانەی بەهەشت بکات، بەڵام جەلەوە بەشێکی رەسەنی شاری خانەقییە، خانەقیش رۆحە زیندووکەی کوردستانە!

قسەکردنی من لەسەر جەلەوە، هەڵوەستەکردنە لەسەر دیمەنە پەراوێزخراوەکانی جەلەوە، وەستانە لەناو کارەکتەرگەلێک کە جگە لە خوا و مەینەتی رۆژگار و جەلەوە کەسێکی دیکەیان نییە و نەبووە لەم ژیانەدا.

چیرۆکە غەمگینەکانی جەلەوە هەمان چیرۆکی گەڕەک و شار و دێهاتەکانی ئەم کوردستانەیە، بەڵام بۆ من یەک جیاوازیی هەیە، ئەویش ئەوەیە من لە کۆڵان و تولەڕێیەی جەلەوە هاتوومەتە دنیاوە، لەو کۆڵانە تەنگەبەرانەوە فرەوانی ئەم ژیانەم بەدیکرد، دوای ساڵانێکی دوورودرێژی دابڕان و دوورکەوتنەوە، مەیلی جەلەوە بەرینەداوم، کەبیر لەو رۆژانە دەکەمەوە دەچمە ناو خەیاڵی شاعیری گەورەی کورد حاجی قادری کۆیی و دەڵێم:

داستانی هیجری من شەرحی بە نووسین ناکرێ

پێت دەڵێم چۆنە ئەگەر چاوم بەچاوت کەوتەوە

خ.غ


Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan