راپۆرت

لیوای فاتمییەكان.. ئەو ئەفغانییانەی، ئێران بۆ شەڕی سوریا بەكاریان دەهێنێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


لیوای فاتمییەكان.. ئەو ئەفغانییانەی، ئێران بۆ شەڕی سوریا بەكاریان دەهێنێت
مەودا میدیا- هێمن سەعید

تائێستاش میلیشیای فاتمییەكان كە قاسم سولەیمانی سەركردەی كوژراوی ئێرانی دایمەزراند، كۆچبەرە ئەفغانییە هەژارەكان دەچنە ریزەكانییەوە سەرباری ئەوەی زۆرێكیان دەزانن لە گۆڕەپانی رووبەڕووبوونەوەكاندا دەكوژرێن و هەندێكیشیان بەڵێنی درۆینەیان لەلایەن تارانەوە پێدەدرێن.

سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر كوشتنی قاسم سولەیمانی، سەركردەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، كەچی تارمایی سولەیمانی بەسەر گەنجانی كۆچبەری هەژاری ئەفغانیدا نەڕەویووەتەوە و بە پۆل پەیوەندی بە ریزەكانی میلیشیای فاتمییەكانەوە دەكەن كە قاسم سولەیمانی دایمەزراندووە و شەڕی بەوەكالەت دەكات لە سوریا و عیراق. ئەو گەنجە ئەفغانیانە بەبێ هیچ راهێنانێك و پڕچەككردنیان بۆ شەڕ و بەرگری لە سوریا و شوێنەكانی دیكە دەخرێنە بەرەی شەڕەكانەوە و شەڕی بە وەكالەتیان پێدەكرێت كە زۆربەیان لەو شەڕانەدا دەكوژرێن.

بەگوێرەی بەڵگەنامەكان لیوای فاتمییەكان گەنجە هەژار و كرێكارە ئەفغانییەكانی كردووەتە ئامانج لە ئێران لەكاتێكدا بۆ بژێوی خۆیان و خێزانەكانیان روویان لە ئێران كردووە، بە وتەی چاودێران ئەمڕۆ ئەو میلیشایە بووە بە مەترسی و هەڕەشەی گەورە بۆ سەر ئەفغانستان و ناوچەكە.
لەگەڵ ئەوەشدا پاسەوانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانی ژمارەی بەركەوتووان لە كوژراو و بریندار لە ریزەكانی لیوای فاتمییە راناگەیەنێت، تەنها ئەوە نەبێت كە لەو بڕوایەدایە كە بە هەزاران كۆچبەری ئەفغانی كوژراون لە كاتی رووبەڕووبوونەوەكان و شەڕی بەوەكالەت لە بەرژەوەندیی ئێران.

بەگوێرەی عەلی ئەلفەونیەی، پسپۆڕی كاروباری پاسەوانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانی و دانیشتوو لە واشنتۆن بۆ رادیۆی لیبرتی ئەوروپا لە شوباتی رابردوو لە بەیانێكدا دەڵێت "نزیكەی 917 ئەفغانی لە سوریا لەنێوان كانونی یەكەمی 2012 و ئەیلولی 2019 كوژراون".

"بۆ رەگەزنامەی ئێرانی و پارە خۆیان بە كوشت دەدەن"
رێژەیەكی زۆر لە ئەفغانییەكان پەیوەندی بە لیوای فاتمییەكانەوە دەكەن لە بەرانبەر بەڵێن و بەدەستهێنانی رەگەزنامەی ئێرانی و سوود و پارەی مانگانە بۆ خێزانەكانیان، لەگەڵ مووچەی مانگانە وەك سەربازێكی میلیشیاكە.

عەبدولقادر كامیل، توێژەری سیاسی دەڵێت "دەسەڵاتی ئێرانی بەردەوامە لە بە سەربازگرتنی گەنجانی ئەفغانی و خستنە ریزەكانی فاتمییەكانەوە، گەنجانی بێكار و دڵشكاو هێزێكی گەورەی مرۆیی بەردەستن بۆ تاران". وتیشی "حكومەتی ئێران دەیەوێت لیوای فاتمییەكان وەك هێزێكی شەڕكەر بهێڵێتەوە و بەكاری بهێنێت لە هەر وڵاتێك بیەوێت شەڕی تیادا بكات، هەروەها پرۆسەی بە سەربازگرتن و راهێنانی سەربازانی فاتمییەكان راناوەستێت". بەم نزیكانە لیوای فاتمییەكان دەستدەكات بە شەڕ لە نیشتمانی سەربازەكانی نەك تەنها لە سوریا.
كامیل، روونیشیكردەوە كە رژێمی ئێرانی دەیەوێت لیوای فاتمییەكان بەكاربهێنیت لە ئەفغانستان بۆ پوچەڵكردنەوی بەرژەوەندیی ئەمەریكی و فراوانكردنی هەژموونی سیاسی و هەواڵگری لەسەر ئاستی هەرێمی.

زەریف لەبارەی فاتمییەكانەوە چی وت؟
محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێكەوتنێكیدا لە كەناڵێكی تەلەڤزیۆنی ئەفغانی لە 19ی كانونی یەكەم وتی "پێكهاتەی لیوای فاتمییەكان باشترین هێزیی سەربازین ئەگەر حكومەتی ئەفغانی بیەوێت بەكاریان بهێنیت".

یوسف ئەمین زازای، توێژەری سەربازی نیشتەجێی كابولی پایتەختی ئەفغانستان لە مانگی ئادار وتی "ئەفغانییەكان تائێستاش لە دڵەڕاوكێدان كە ئەگەر هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ئەفغانستان بكشێتەوە ئێران ئاژاوەی تیادا بنێـتەوە"، ئاماژەی بەوەشكرد "لە داهاتوودا لەلایەن لیوای فاتمییەكانەوە كۆنترۆڵ دەكرێـت.

بە سەربازگرتنی منداڵ

محەمەد ئیدریس، یەكێكە لە دانیشتوانی ویلایەتی هلمند و بەم دواییانە راگوێزراوە بۆ ئێران، وتی سەنتەری بە سەربازگرتنی سەر بە لیوای فاتمییەكان لە پارێزگای یەزد لە ئێران هانی گەنجانی ئەفغان دەدەن بۆ پەیوەندیكردنیان پێوەی. هەروەها وتیشی "هێزە ئێرانییەكان گەنجە ئەفغانییەكان هەڵدەخەڵەتێنن بە بەڵینی رەگەزنامە و شوێنی مانەوە لە ئێران، هەورەها بەڵێنیان دەدەنێ پاڵپشتی خێزانەكانیان دەكەن بەهەمیشەیی ئەگەر بڕۆن بۆ سوریا بۆ شەڕ".
ئیدریس ئەوەشی وتووە "هەر سەربازێكی ئەفغانی بۆ ماوەی 3 مانگ لە سوریا شەڕ بكات، ئەوا لە ئێران شوێنی مانەوەی پێدەدرێت". وتیشی "سوپای پاسدران هەر كەسێك لە سوریا بكوژرێت لە سەربازانی میلیشیاكانی لەكاتی شەڕدا لە سوریا، هەر لەوێ بە خاكی دەسپێرێت". زیاتر باسیكردووە و وتوویەتی "هەندێك گەنج لەگەڵ مندا ئیشیان دەكرد و رۆیشتن بۆ شەڕ بۆ سوریا، بەڵام بۆ هەمیشە نەگەڕانەوە، داواشیان لە من كرد بڕۆم بۆ سوریا بۆ شەڕ، بەڵام رەتمكردەوە".

محەمەد سەردار "تەمەن 15 ساڵ و خەڵكی پارێزگای بامیان"ە، لە كاتی راگواستنیان بۆ ئێران لەم دواییانە لە خێوەتەكانی پەنابەرانی سەر بە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەژی لە شاری هرات. بەخۆشحاڵییەوە رزگاری بووە لە دوو جەولەی ترسناكی لەگەڵ لیوای فاتمییەكان، سوپای پاسداران بەڵێنەكانیان بۆ جێبەجێ نەكردووە. وتیشی "ساڵی رابردوو هاوڕێكەم رۆیشت بۆ سوریا بۆ شەڕ،  هەرچەندە تەمەنی 16 ساڵ بوو، بەڵام دوای 3 مانگ گەڕایەوە بۆ ئێران". ئاماژەی بەوەشكردووە "پاش چەند مانگێك هاوڕێكەم حسێن یان نارد بۆ سوریا و پاش دوو مانگ گەڕایەوە، ئێستا لە شاری قوم لە ئێران دەژی". هەروەها وتیشی"لەگەڵ ئەوەی حكومەتی ئێرانی بەڵینی بە هاوڕێكەم دابوو كە خانویەك و رەگەزنامە بە خۆی و هەموو ئەندامانی خێزانەكەی دەدات لە ئیران و پارەیەكی زۆریان دەداتێ لە بەرانبەر خزمەتەكەی لە سوریا، بەڵام بەڵێنەكەیان نەبردە سەر و درۆیان لەگەڵ كرد".
سەردار روونیشیكردەوە پێش ئەوەی بینێرن بۆ سوریا، 45 رۆژ پێش ئەوە پەیوەندی كردووە بە لیوای فاتمییەكانەوە و لە تاران راهێنانی پێكراوە پێش ئەوەی بینێرن بۆ سوریا.
بە ئامانجی خستنە ڕیزی لیوای فاتمییەكان دەسەڵاتدارانی ئێرانی زۆربەی جار كۆچبەرە ئەفغانییەكان دەستبەسەر دەكەن و بەتۆمەتی جیاواز بەبێ سەرپێچی كە گوایە یاسای كۆچیان شكاندووە.

عەبدوللەتیف، ئەفغانییەكی راگوێزراوە و بەم دواییانە و ئێستا لە شاری هرات دەژی، وتی "دەسەڵاتی ئێرانی سزایان داوم بە یەك ملیار ریاڵی ئیرانی، كە ئەوە رێژەیەكە هیچ ئەفغانییەكی كۆچبەر ناتوانێت بیدات".  وتیشی "دەسەڵاتی ئێرانی داوای رێژەیەك پارە لە ئەفغانی دەكەن كە ئەو رێژە پارەیان نییە، ئەوەش واتە هەموو ئەفغانییەك یان دەبێت 25 ساڵ بچێتە زیندانەوە یاخود لە سوریا شەڕ بكات.

تاوان دژی مرۆڤایەتی
مۆریس ئەمینی، بەڕێوەبەری نووسنگەی هەرێمی لیژنەی ئەفغانی سەربەخۆ بۆ مافەكانی مرۆڤ لە كەرتی هرات وتی "ناردنی منداڵ بۆ شەڕ شكاندنی رێككەوتنامەی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانە بۆ مافەكانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەكانی تر". هەروەها وتیشی "ئەو دەوڵەت و حكومەتانەی منداڵ بەكاردەهێنن بۆ ململانێكان، زیاتر رووبەڕووی سزا نێودەوڵەتییەكان دەبنەوە". ئەوەشی روونكردووەتەوە "هەر لایەنێك منداڵ ناچار بكات كە بەشدار بێت لە ململانێكان، تاوانی جەنگی ئەنجامداوە و هەروەها تاوانە دژی مرۆڤایەتی".
محەمەد ئیدریس، چالاكی مافەكانی مرۆڤ وتی "بەكارهێنانی گەنجان و منداڵانی ئەفغانی لە سوریا كارێكی نامرۆڤانەیە و تاوانێكی گەورەیە".
هەروەها وتیشی "زۆرینەی ئەو ئەفغانییانەی كە پەیوەندییان بە لیوای فاتمییەكانەوە كردووە لە خوار تەمەنی گونجاوەوەن و دەربارەی جەنگ هیچ نازانن و لەوانەیە بەئاسانی بكوژرێن".
وتیشی "دەزگاكانی یاسای نێودەوڵەتی داوایان لە پاسەوانی شۆڕشی ئێرانی كردووە كۆتایی بە بەكارهێنانی گەنجانی ئەفغانی بهێنیت."
ئەوەشی روونكردەوە "منداڵانی ئەفغانی لە خێزانەكانیان دادەبڕن و دەیاننێرن بۆ جەنگ بەبێ هیچ ئاگادارییەكی خێزانەكانیان و پێدانی هیچ هاوكارییەك، ئەوەش بەرزترین توندوتیژی و تاوانە.

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان