گێتی

بەشێك لە سەرۆكان و بەرپرسانی باڵای ئەمەریكا ئیدانەی دۆناڵد ترەمپ دەكەن

مەودا میدیا - سلێمانی |


بەشێك لە سەرۆكان و بەرپرسانی باڵای ئەمەریكا ئیدانەی دۆناڵد ترەمپ دەكەن
مەودا میدیا- هێمن سەعید

بە شێك لە بەرپرسانی باڵا و سەرۆكەكانی پێشووتری ئەمەریكا، لەسەر رووداوی هێرشكردنە سەر باڵەخانەی كاپیتۆڵ هاتنە دەنگ، هەریەكە لە بیل كلینتۆن و جۆرج بوش و باراك ئۆبامای سەرۆكانی پێشووی ئەمەریكا بە تووندی ئیدانەی هەڵكوتانە سەر باڵەخانەی كاپیتۆڵیان كرد و بە كارێكی ئاژاوەگێڕی و هاندانی ترەمپ ناویانبرد.

بیل کلینتۆن، سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا رووداوی هێرشكردنە سەر باڵەخانەی كاپیتۆڵی بە كارێكی نەشیاو و نادەستووری ناوبرد و هێرشەكەی بە هێرشێکی بێ پێشینە بۆ سەر کاپیتۆڵ و دەستوور و وڵات ناوبرد. هەروەها جەختی لەوەشکردەوە کە گواستنەوەی دەسەڵات بەشێوەیەکی ئاشتییانە پەیڕەو بكرێت.

بەدوای ئەویشدا، جۆرج بوش، سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا و ئەندامی پارتی كۆمارییەكان، رایگەیاند "لە سەرەتای هەڵبژاردنەکانەوە رەفتاری نابەرپرسیارانەی بەشێک لە سەرکردە سیاسییەکان و ئەو بێڕێزییەی کە ئەمڕۆ بەرانبەر دامەزراوە و نەریت و هێزە ئەمنییەکانمان کردیان شۆكیان كردم". هەروەها وتیشی "دیمەنی هەڵكوتانە سەر باڵەخانەی كاپیتۆڵ دیمەینێكی ناخ بزوێنە و ئەو رەفتارانە نایەتەوە لەگەڵ ئامانجەكانی هەڵبژاردن".

لەولاشەوە، باراك ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا رایگەیاند "روودانی هەڵكوتانە سەر باڵەخانەی كاپیتۆڵ پێشبینیكراو بوو"، ئۆباما هێرشیكردە سەر ترەمپ و وتی "ئەو بەردەوامە لەسەر درۆكانی لەبارەی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانەوە". هەروەها باراك ئۆباما ئەو هێرشانەی بە كارێكی شەرمنانە ناوبرد.

لەلایەكی دیكەوە، بەشێک لە بەرپرسە باڵاکانی ئیدارەی ترەمپ ئیدانەی هێرشی لایەنگرانی ترەمپیان بۆ سەر کۆنگرێس كرد.

 مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە ئیدارەی ترەمپ، ئیدانەی هێرشەكانی لایەنگرانی ترەمپی کرد و رایگەیاند "نابێت بەکارهێنانی توندوتیژی لە هەڵبژاردنەکاندا قبووڵ بکرێت". هەروەها وتیشی "خۆپیشاندان مافێكی ڕەوایە و هەمیشە جەختی لەسەر دەكەمەوە، بەڵام توندوتیژی كە ببێتە هۆی هەڕەشە بۆ سەر ناوخۆ و دەرەوە قبوڵكراو نییە."

جەیمس ماتیس، وەزیری بەرگریی پێشووتری ئیدارەكەی ترەمپ سەرکۆنەی گرژییەکانی کرد و وتی "ئەو هێرشانە لەلایەن ترەمپەوە هاندراوە". هەروەها وتیشی "ترەمپ سەرۆکایەتی خۆی بۆ نەهێشتنی متمانەی هەڵبژاردنەکانمان و ژەهراویکردنی رێزگرتنمان بۆ هاوڵاتییانمانی بەکارهێناوە".

 جگە لەمانیش، جۆ بایدن، سەرۆكی تازە هەڵبژێردراوی ئەمەریكا بەزوویی كاردانەوەی خۆی بەرانبەر رووداوەكە راگەیاند و داوای لە ترەمپ كرد بەخێرایی كۆتایی بەو خۆپیشاندانە بهێنێت. بایدن رایگەیاند "دەبێت ترەمپ بەزوویی بێتە سەر تەلەڤزیۆن و ئەو سوێندەی بۆ پارێزگاری لە ئەمەریكا خواردوویەتی پەیڕەوی لێبكات و داوا لە لایەنگرانی بكات ئەو ناوە چۆڵ بكەن".

جیاواز لە مانیش، بەشێك لە بەرپرس و داواكارانی گشتی ئەمەریكا، داوای لێپێچینەوە و سزا دەكەن بۆ ترەمپ و بەشێكیش لە بەرپرسانی ئیدارەكەی ترەمپ بەهۆی هێرشی لایەنگرانی ترەمپەوە بۆ سەر باڵەخانەی كاپیتۆڵ دەستیان لەكار كێشایەوە.

جێگەی ئاماژەیە، شەوی رابردوو بەكاتی هەرێمی كوردستان، بەشێك لە خۆپیشاندەر و لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ لە دژی كۆبوونەوەی ئەندامانی كۆنگرێس بۆ متمانە بەخشین بە جۆ بایدن لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمەریكا رژانە سەر شەقامەكان و دواتریش توندوتیژی لێكەوتەوە و بەشێكیان هێرشیان كردە سەر باڵەخانەی كاپیتۆڵ كە بەهۆیەوە زیانی مادی و گیانی لێكەوتەوە.

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان