تەندروستی

زەردوویی منداڵی تازە لەدایکبوو

مەودا میدیا - سلێمانی |


زەردوویی منداڵی تازە لەدایکبوو
مەودا میدیا-

دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا ئیسماعیل، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان و گەشەی منداڵان لە بابەتێکدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فیسبووک بڵاویکردووەتەوە باس لە زەردوویی منداڵانی تازە لەدایکبوو دەکات.

زەردوویی بریتیە لە زەرد هەڵگەڕانی رەنگی پێست و سپێنەی چاو بەشی ناوەوەی دەم لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی ئاستی مادەیەک کەپێی دەوترێت بیلیڕۆبین، بیلیڕۆبین لە ئەنجامی تێکشکانی خڕۆکە سوورەکانی خوێنەوە بەرهەم دێت و لە جگەردا دەگۆڕدرێت بۆ مادەیەک کە بە ئاسانی لە ڕێگەی میزو پیساییەوە فڕێ دەدرێتە دەرەەی لەش.

جۆرەکانی زەردوویی
1- زەردوویی فیسیۆلۆجی (واتە نەخۆشی نییە), لە دووەم یان سێیەم ڕۆژی تەمەنی منداڵەکە دەردەکەوێت لە هەموو جۆرەکانی تر زۆرترە ٫ لە ئەنجامی باش پێنەگەیشتنی جگەری منداڵی تازە لەدایکبوو دەردەکەوێت, هەروەها هۆکارێکی تری پەیوەندی بە تەمەنی خڕۆکە سوورەکانی منداڵی تازە لە دایک بووەوە هەیە کە کەمە بۆیە زووتر تێک دەشکێن و مادەی بیلیڕۆبین بەرهەم دەهێنن, لە دوای هەفتەی یەکەمی تەمەنەوە نامێنێت لە ئەنجامی پێگەیشتنی جگەرەوە٫ بۆیە زۆربەی زۆربەیان پێویستیان بە چارەسەر نابێت.

2- زەردوویی بەهۆی نەگونجانی گرووپی خوێنی دایک و منداڵەکە ئەگەر گروپی خوێنی دایکەکە  - بوو منداڵەکە + بوو یان دایکەکە گروپی خوێنەکەی O بوو بەڵام منداڵەکە گرووپی خوێنی A یان B بوو، زۆرجار لە ڕۆژی یەکەمی تەمەنی منداڵەکەوە زەردوویی دەردەکەوێت و پێویستیان بە چارەسەر دەبێت.

3- زەردوویی بە هۆی  شیری مەمکی دایکەوە، شیری هەندێک دایک  مادەیەکی تێدایە کە ئەبێتە هۆی تەمبەڵبونی جگەر و بەهۆیەوە زەردوویی٫ لە هەفتەی دووەمی تەمەنیەوە دەردەکەوێت و هەندێکجار تا تەمەنی 10 هەفتە بەردەوام ئەبێت٫ زۆرکەم پێویست بە چارەسەر دەکات ٫ تکایە پێویست بە وەستانی شیری دایک ناکات.

4- زەردوویی بەهۆی کەم پێدانی شیر بە تایبەت لە هەفتەی یەکەمی تەمەندا٫ ئەمەش ئەبێتە هۆی ووشکبوونەوە و کەم دەردانی مادەی بیلیڕۆبین بۆ دەرەوەی لەش لە ڕێگەی پیساییەوە ٫ بەهۆیەوە زەردوویی درووست دەبێت.

5- ئەگەر کێشەیەک لە ئەنزیمەکانی  یان پەردەی دەوری خڕۆکە سوورەکانی خوێن هەبوو، ئەوا ئەبێتە هۆی شیبوونەوەی خڕۆکە سوورەکان و کۆبونەوەی مادەی بیلیڕۆبین و دەرکەوتنی زەردوویی.

 زۆر هۆکاری تر هەیە  بۆ زەردوویی، بەڵام نامانەوێت بابەتەکە زۆر ئاڵۆز بێت لاتان، لە کاتی هەستکردن بە زەردوویی منداڵەکەت پێویستە بە زووترین کات سەردانی پزیشکی پسپۆڕی منداڵانی پێ بکەیت، چونکە ئەگەر ماددەی زەردووییەکە واتە بیلیڕۆبین لە ئاستێکی دیاریکراو بەرزتر ببێتەوە ئەوا لە بەشەکانی جەستەدا دەنیشێت بە تایبەت لە مێشکداو ژیانی منداڵەکەت بۆ هەمیشە وێران دەکەیت.

 تکایە لە دوو هەفتەی یەکەمی تەمەنیدا هەمیشە لە بەر رووناکی ئاسایی بۆ زەردووی سەیری بکە چونکە لە تاریکی و ڕووناکی گڵۆپ هەست بە زەردوویی ناکەیت, بێ بڕیاری پزیشکی پسپۆڕی منداڵان هیچ دەرمانێک مەدە بە منداڵەکەت, چونکە دواتر پەشیمانی هیچ لەو کارەساتە ناگۆڕێت کە بە بڕیاری هەڵە بەسەر منداڵەکەتدا هاتووە.

هەندێک نیشانەی مەترسیدار لە کاتی زەردوویی منداڵی تازە لەدایکبوو
1- زەردوویی لە ماوەی 24 کاتژمێری یەکەمی تەمەنی.
2- ئەگەر زەردووییەکە بە خێرایی زیادی کرد و تۆختر بوو لەگەڵ کاتدا.
3-  ئەگەر منداڵەکە تای هەبوو.
4- ئەگەر منداڵەکە نەخۆش دیار بوو.
5- ئەگەر منداڵەکە شیر خواردنی باش نەبوو.
6- ئەگەر منداڵەکە هۆشی باش نەبوو یان هەستت کرد زۆرتر خەوتوو دیارە.

س.س
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

رێنوسی تابلۆی ئۆتۆمبێلەكانی هاتوچۆی هەرێم هەڵەن

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

پارستنی ئاو وەکو ئەرکێکی بنەڕەتیی ژیان

لەلایەن د.مونیرە ئەبوبەکر


News

بۆ ناهێڵن عەرەبە ئاوارەکان بگەڕێنەوە؟

لەلایەن خەڵەف غەفور


News

نەرمین عوسمان؛ خەباتگێڕێکی کۆڵنەدەر

لەلایەن هیوا محەمەد