د.نازەنین عوسمان

د.نازەنین عوسمان

کێشەی روسیا و ئۆکرانیا و نیمچە دوورگەی کرێمیا (قرم)

دوای هەڵوەشانەوی یەکێتیی سۆڤێت، هەندێك لەو 15 کۆمارەی کە سۆڤێتی پێکدەهێنا سەربەخۆییان وەرگرت، یەکێک لەوانە ئۆکرانیا بوو کەوا لە ساڵی 1991 بوو بە وڵاتێکی سەربەخۆ. هەرچەندە ئۆکرانیا وڵاتێکی فیدراڵییە، بەڵام تاکۆ ئێستا کێشەی دابەشکردنی دەسەڵات و ئابووری هەیە.

ئۆکرانیا دەکەوێتە ناوەڕاستی ئەوروپا و لەسەر دەریای رەشە، رۆژهەڵاتی روسیایە و باکووری بیلا- روسیایە، رۆژئاوای پۆڵەندا و سلۆڤانیا و هەنگاریایە و باشووری رۆمانیا و مالدۆڤیا و دەریای رەشە. نیمچە دوورگەی کرێمیا لەناو دەریای رەشە و بە ئۆکرانیاوە نووساوە.

زۆرینەی خەڵکی رۆژئاوا و ناوەڕاستی ئۆکرانیا بە زمانی ئۆکرانی دەدوێن کە دەکەوێتە رۆژئاوای روباری دنێپرەوە، زۆرینەی خەڵکی رۆژهەڵاتی و بەشێک لە ناوەڕاست و کرێمیا بە زمانی روسی دەدوێن و خۆیان بە نزیکتر لە روس دەزانن وەک ئۆکرانی و کولتووری روسیان بەسەردا زاڵە لەو شوێنانەی دەکەوێتە رۆژهەڵاتی روباری دەنێپر.

ئۆكرانیا لەسەر نەخشە

کاتی شەڕی سارد، سۆڤێت زۆر لە بنکەی چەکی ئەتۆمی دروستکردبوو و بەشێک لەو بنکانە لە ئۆکرانیا دامەزرابوون (لە ساڵی 1986 کارەساتی تەقینەوەی تشرنۆبیل لە ئۆکرانیا بوو)، نزیک 5000 سەری ئەتۆمی لەناو خاکی ئۆکرانیا دانرابوو، دوای سەربەخۆیی ئۆکرانیا ئەو بنکە ئەتۆمییانە هەر لەوێ مانەوە، ئەم وڵاتە دەبوو بە سێیەم وڵاتی هێزی ئەتۆمی دوای روسیا و ئەمەریکا، بەڵام ئۆکرانیا نە خاوەنی تەکنەلۆژیا بوو نە توانای پارێزگاریکردنی هەبوو، بۆیە لە ساڵی 1995 بۆ روسیای گەڕاندەوە و بەرانبەر بەوە ئۆکرانیا ئازاد بێت و بتوانێت بە ئازادانە پەیوەندیی ئابووری، کولتووری و سیاسی لەگەڵ هەر وڵاتێک بیەوێ ببەستێت بەبێ گەڕانەوە بۆ رەزامەندیی روسیا.

ئۆکرانیا دوای سەربەخۆیی پەیوەندی توندی بەست لەگەڵ پۆڵۆنیا، هەنگاریا، ئیتالیا و ئەڵمانیا. لە ساڵی 2008 ریفراندۆمێک کرا بۆ ئەوەی بزانن خەڵکی ئەو وڵاتە حەز دەکەن ببن بە بەشێک لە ئەوروپای یەکگرتوو؟ زۆرینەی بەشی رۆژئاوا بە بەڵێ و زۆرینەی بەشی رۆژهەڵاتیش بە نەخێر وەڵامیان دایەوە.

لە ساڵی 2000 روسیا پەیمانێکی بەست لەگەڵ ئەوروپای یەکگرتوو کە رێگر نەبێت لە هیچ رێککەوتنێک لەنێوان ئەوروپای یەکگرتوو و ئەو وڵاتانەی کە لە روسیای سۆڤێت جیابوونەتەوە و سەربەخۆن و لەوانە ئۆکرانیا بوو.

روسیا هاوپەیمانی بازاڕی ئازادی گومرگی یەکگرتووی دروستکردووە لەگەڵ کازاغستان، ئەرمینیا، قیرغستان بەناوی یەکێتیی ئیۆروسیا (ئەوروپا و روسیای یەکگرتووی ئابووریی بێ گومرگ). لە کۆتایی ساڵی 2013 لە هەڵبژاردنی سەرۆکی ئۆکرانی، ڤیکتۆر یانۆکۆڤیتچ هەڵبژێردرا کە نزیک بوو لە روسیا، دەبوایە سەرۆکی تازە پەیوەندیی توند لەگەڵ ئەوروپای یەکگرتوو پەرەپێبدات کە پێشتر چەند رێککەوتنی ئابووری کرابوو، بەڵام لەجیاتی ئەوە هەموو پەیوەندییەکانی راگرت و پەیوەندی لەگەڵ روسیا بەست و چووە نێو هاوپەیمانیی ئیۆروسیا.

خۆپیشاندانەكانی ئۆكرانیا ساڵی 2014

لە سەرەتای ساڵی 2014 لە کیڤی پایتەختی ئۆکرانیا خۆپیشاندانی گەورە سازكرا و داوای دەستلەکارکێشانەوەی ڤیکتۆر یانۆکۆڤیتچ و کۆتاییهێنان بەو رێکكەوتنەیان دەكرد کە لە گەڵ روسیا کردبووی، ئەو بزووتنەوەیە بەناوی شۆڕشی مەیدان بوو. بەهۆی ئەم شۆڕشە ڤیکتۆر یانۆکۆڤیتچ هەڵهات بۆ روسیا و پارتی مەیدان دەسەڵاتی گرتە دەست. رۆژئاوا و بەتایبەتی ئەمەریکا پشتگیریی ئۆکرانیای دەکرد.

دوای ئەوەی پارتی مەیدانی نزیک بە ئەوروپای یەکگرتوو و ئەمەریکا حوکمی گرتە دەست، لە دوو ناوچەی نزیک بە رووس دەستیانکرد بە خۆپیشاندان. لە ناوچەی دۆبناس کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا لەسەر سنووری روسیا لە دۆنباس و لە نیمچە دوورگەی کرێمیا (قەرم).

ناوچەی دۆنباس لە 2 هەرێم پێکدێت: لۆگانسک و دانێسک. ئەم ناوچەیە چڕی دانیشتوانی زۆرە و شاری گەورەی لێیە و لە رووی پیشەسازییەوە پێشکەوتووە. ئەم 2 هەرێمە لە ساڵی 1991 دەنگیان بۆ سەربەخۆبوونی ئۆکرانیا دابوو، بەڵام لە دوای سەربەخۆیی تووشی کێشەی بێكاری و کەمدەرامەتی بوون و پشتگوێخرابوون لەلایەن دەسەڵات و ناڕازی بوون لە دەسەڵاتی ناوەند. ئەم 2 هەرێمە دژ بە نزیکبوونەوە بوون لە ئەوروپای یەکگرتوو و داوای سەربەخۆییان دەکرد و لە ساڵی 2014 خۆپیشاندانی خوێناوی روویدا دژ بە پارتی مەیدان، سوپای ئۆکرانی بە چەک بەرەنگاریان بووەوە. روسیا یارمەتی ناوچەی دۆنباسی دەدا لە شەڕ لە رووی مرۆیی، چەک و لۆجیستییەوە تا کۆتایی ساڵی 2015 شەڕی زۆر گەرم بەردەوام بوو. ریفراندۆم کرا لە دۆنباس بە هەردوو هەرێمەكەیەوە و دەنگی سەربەخۆیی بردیەوە و سەربەخۆیی خۆیان راگەیاند. هیچ وڵاتێک دانی بەو سەربەخۆییەدا نەناوە هەتا خودی روسیاش هەرچەندە روسیا و پەرلەمانی روسی بە یاسا بڕیاری یارمەتی زمان روسەکانی داوە و پشتگیری تەواویان دەکات. ئەو ناوچەیە زۆر ئاڵۆزە هەندێ شار بەدەست سوپای سەربەخۆییەکانە و هەندێکیان لە دەست دەسەڵاتی ئۆکرانیایە. لەم شەڕانە دەست نەپارێزراوە لە وێرانکردنی ئەو ناوچانە و تێکدانی ژێرخان و سەرخان و کوشتن، زیاتر لە 13 هەزار کوژراو و 25 هەزار بریندار و ملیۆن و نیوێك دەربەدەر هەن، دۆنباس دوای ئەفغانستان و عیراق دێت لە مینڕێژی. ئەم شەڕە قورس وەستاوە لەسەر ئابووریی هەردوولا بەتایبەتی ئۆکرانیا کە بودجەکەی هەموو ساڵ کورتی دەهێنێت.

هەڵكەوتەی نیمچە دوورگەی کرێمیا لەسەر نەخشە

نیمچە دوورگەی کرێمیا تەنیا لایەکی بە خاکی ئۆکرانیاوە بەستراوە، دەکەوێتە نێو دەریای رەش و دەریای رەش و دەریای ئازۆڤ پێکەوە دەبەستێتەوە. گەرویەکی تەسکی هەیە لەگەڵ روسیا؛ گەروی کرتچ.

لە رێککەوتنی پەیمانی سێڤاستۆپۆل لەنێوان ئۆکرانیا و روسیا لە ساڵی 1997، رێگا بە هێزی دەریایی روسیا دراوە کە بە ئازادی دەربەندی سێبەستیپۆل (پایتەختی نیمچە دورگەی کرێمیا) بەکاربهێنێت و ئەو بنکە سەربازییە دەریایەی کە هەیبوو لە کرێمیا هەر بمینێ کە لە سەدەی هەژدەیەمەوە بنکەی دەریایی هەبووە تا ساڵی 2047، بەرانبەر بەوە روسیا گاز بە نرخێکی هەرزان بفرۆشێتە ئۆکرانیا. ئۆکرانیا کێشەی وزەی هەیە بەتایبەتی گاز کە سەرچاوەکەی روسیایە، روسیا تاکو ئێستا چەند جار گازی لێگرتووەتەوە و تووشی قەیرانی گەورەی کردووە وەک لە ساڵی 2006 و 2009.

کرێمیا هەرچەندە بچووکە و رووبەرەکەی لە 27000 کم چوارگۆشە تێپەڕ ناکات بە بەراورد بەو رووبەرە فراوانەی روسیا، بەڵام شوێنێکی ستراتیژی گرنگی هەیە بۆ روسیا. روسیا لە زۆر لاوە دەورە دراوە بە دەریا، بەڵام دەربەندەکانی زۆربەی لەسەر ئاوی ساردە و زستانان دەیبەستێ و ئەوەی لەسەر ئاوی گەرمە ئاوەکەی زۆر قووڵ نییە. کرێمیا ئەو پێداویستییەی بۆ ئاوی گەرم و قووڵی دابین دەکات.


لە ساڵی 2014 لایەنگرانی روسیا دەستیان بەسەر پەرلەمانی کرێمیادا گرت و ریفراندۆمێک رێکخرا، لە کرێمیا 95٪ داوایانکرد بە روسیاوە ببەسترێنەوە و بوو بە کۆمارێکی سەربەخۆ لەناو فیدراسیۆنی روسی. روسیا دەستی بەسەر هەموو دامودەزگاکان و چەک و سوپای ئۆکرانیادا گرت کە لە کرێمیا بوو بەتایبەتی لە پاپۆڕەکانی دەریایی ئۆکرانی. روسیا تا زیاتر قوڕگی ئۆکرانیا بگرێت و بیخنکێنێ لەگەڵ تورکیا رێککەت تا بۆڕی گاز بە تورکیادا ببات بەرەو ئەوروپا کە پێشتر تاکە رێگەی گازی روسی بۆ ئەوروپا بە ئۆکرانیادا دەڕۆیی.

ئۆکرانیا و زۆربەی وڵاتان لە ئەوروپای یەکگرتوو و ئەمەریکا ئەم دەنگدانەیان رەتکردەوە و بە ساختەیان زانی و وتیان دەستی روسیای تیادا بووە.  تاکو ئێستا وڵاتان و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان، کرێمیا هەر بە بەشێک لە ئۆکرانیا دانراوە و ستاتوەکەی نەگۆڕاوە. گرووپی پیشەسازی 8 کە بە (G8) ناسراوە ئەندامێتی روسیای هەڵپەسارد و بوو بە گرووپی (G7)، ئەم گرووپە پێکهاتووە لە ئەڵمانیا، کەنەدا، فەرەنسا، بەریتانیا، ئەمەریکا، ئیتالیا و ژاپۆن و ئەوروپای یەکگرتوو "روسیاش پێش ئەوەی ئەندامێتی هەڵپەسێردرێت".

لە ساڵی 2014ەوە، چەندینجار لایەنە ناکۆکەکان کۆبوونەتەوە بە ناوبژیوانیی وڵاتان و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان پرۆتۆکۆلیان واژۆکردووە، بەڵام رێککەوتنەکان زیاتر لەسەر کاغەز ماونەتەوە وەک رێککەوتنەکانی  مینیسک.

ڤلادمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا

بە ‌هەڵبژاردنی ڤلادمیر زیلینسکی لە ساڵی 2019 وەک سەرۆکی ئۆکرانیا (کاری نمایشی دەکرد و لە چەند زنجیرەیەكی بەزمەسات بەشداربوو بوو) و رێژەی 73%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا، هەندێك لەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ ڤلادمیر پۆتین بەرەو پێشەوە چووە و پێکدادان زۆر کەمیکردووە، بەڵام نەوەستاوە و باری ژیانی مرۆڤەکان خراپە و مەترسی پێکدادان هەر هەیە، هەندێك رێڕەو کراوەتەوە لەنێوان هەردوو وڵات بۆ هاتوچۆی خەڵک و هەندێك دیلی شەڕ گۆڕدراوەتەوە، بەڵام ئۆکرانیا نەیتوانیوە نە ناوچەی دۆنباس بخاتەوە ژێر رکێفی و نە نیمچە دوورگەی کرێمیای وەرگرتووەتەوە و ناشتوانێ گەروی کرتچ بەکاربهێنێت و رێگری لێکراوە دەریای ئازۆڤ بەکاربهێنێت.