راپۆرت

له‌پێناو دابینكردنی كار بۆ ده‌رچووان، داوای قه‌ده‌غه‌كردنی كاری دووه‌م له‌ فه‌رمانبه‌رانی حكومی ده‌كرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


له‌پێناو دابینكردنی كار بۆ ده‌رچووان، داوای قه‌ده‌غه‌كردنی كاری دووه‌م له‌ فه‌رمانبه‌رانی حكومی ده‌كرێت
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

رێكخراوی ئاران بۆ په‌ره‌پێدانی كولتووری مه‌ده‌نی به‌ پشتیوانی سندوقی نیشتمانی ئه‌مەریكی بۆ دیموكراسی، له‌ چوارچێوه‌ی پرۆژه‌ی كلینكی یاسایی به‌ نوێنه‌رایه‌تی سه‌دان كه‌س له‌وانه‌ی خوێندنیان ته‌واو كردووه ‌و دانه‌مه‌زراون، یاداشتێكی له‌لای داواكاری گشتی پارێزگای سلێمانی تۆماركرد.

هه‌ژار بابان، به‌رێوه‌به‌ری رێكخراوه‌كه‌ به‌ مه‌ودا میدیای راگه‌یاند "یاداشته‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌بوو كه‌ رێگه‌ نه‌درێت فه‌رمانبه‌رانی كه‌رتی گشتی له‌ كه‌رتی تایبه‌ت كار بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی پێچه‌وانه‌ی ماده‌ی 6ی یاسای رێکخستنی فه‌رمانبه‌رانی ده‌وڵه‌ته‌، هاوكات بوته‌ هۆكاری بێبه‌شبوونی ده‌یان هه‌زار كه‌س له‌ ده‌رچووانی بێكار".

"ئێستا كۆمه‌ڵگە بووه‌ به‌ دوو به‌شه‌وه‌، به‌شێك فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌تن كه‌ جگه‌ له‌كاره‌ حكومییه‌كه‌یان كارێكی دیكه‌ش له‌ كه‌رتی تایبه‌تدا ده‌كه‌ن، واتا دوو كاریان هه‌یه‌، به‌شێكیش ئه‌وانه‌ن كه‌ خوێندنیان ته‌واو كردووه ‌بێكارن، كه‌ ژماره‌یان یه‌كسانه‌ به ‌ژماره‌ی فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌ت، ئه‌مه‌ش نادادپه‌روه‌رییه‌كی گه‌وره‌یه‌"، هەژار بابان بە مەودا میدیا وت.

هاوکات سۆما حەمە سەعید، دەرچووی کۆلیژی ئەندازیاری بەشی میکانیکی و نوێنەری خوێندکارانی دامەزراوی شارۆچکەی خورماڵ بۆ مەودا میدیا باسی لەوەکرد "ئەمڕۆ بە هاوکاری رێکخراوی ئاران یاداشتێکمان ئاراستەی داواکاری گشتیی کرد لە دادگای سلێمانی بەمەبەستی رەخساندنی هەلی کار بۆ ئەو گەنجانەی دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکانن، چونکە نەبوونی هەلی کار بووەتە کێشەیەکی سەرەکی گەنجان".

"دەسەڵات کەمتەرخەمی پێوەدیارە، چونکە کاتێک کۆمپانیایەک دەداتە شوێنێک با هیچ نەبێت دوو بەشی بۆ خوێندکارانی دەرچووی دانەمەزراو بێت، هەروەها حکومەت وەک پێویست هەلی کاری بۆ گەنجان نەڕەخساندووە و پێشتریش یاداشت ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کراوە، بەڵام هیچ وەڵامێکی نەبووە، بۆیە دەتوانین بڵێین لە 40% ئەگەری هەیە داواکاری گشتی بتوانێت داواکارییەکانمان بگەیەنێتە دەسەڵات"، سۆما حەمە سەعید وا دەڵێت.

له‌لای خۆشییه‌وه‌ سامی ساتی، پارێزره‌ی رێكخراوی ئاران له‌باره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌وه‌ بۆ مەودا میدیا وتی "رێكخراوی ئاران به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ هه‌وڵدان بۆئه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بریارێك ده‌ربكات ‌و كاری دووه‌م له ‌فه‌رمانبه‌رانی حكومی قه‌ده‌غه‌ بكات ‌و كۆمپانیاكانی كه‌رتی تایبه‌ت ناچار بكات گرێبه‌ستی فه‌رمانبه‌رانی حكومی هه‌ڵبووه‌شێننه‌وه‌".

وتیشی "ئه‌وه‌ش له‌ پێناو ره‌خساندنی هه‌لی كار له‌ كه‌رتی تایبه‌ت بۆ ده‌رچووه‌ بێكاره‌كان‌، یه‌كه‌م هه‌نگاوی ئه‌م كاره‌ به‌ تۆماركردنی یاداشت له‌لای داواكاری گشتی ده‌ستی پێكردو‌و داواكاری گشتی به‌لًێنیدا كاری جدی له‌سه‌ر بكات ‌و هاوسۆز‌ و هاوڕا بوو له‌گه‌ڵ رێكخراوی ئاراندا".

ده‌شڵێت "هه‌نگاوه‌كانی ئاینده‌ كۆبوونه‌وه‌ ده‌بێت له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هەرێـمی کوردستان ‌و لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانی پەرله‌مانی کوردستان، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ زووترین كات ئه‌و بڕیاره‌ ده‌ربكرێت‌، رێگه‌نه‌درێت چیتر ئه‌و ماده‌ یاساییه‌ پێشێل بكرێت‌ و كار بۆ ده‌رچووانی بێكار له‌ كه‌رتی تایبه‌تدا بڕه‌خسێندرێت".

به‌پێی داتاكان له‌ سه‌رانسه‌ری هه‌رێمی كوردستاندا به‌ هه‌زاران فه‌رمانبه‌ری حكومی له‌ كه‌رتی تایبەتدا كار ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ شوێنی كاركردن بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ نه‌مێنێته‌وه‌ كه‌ خوێندنیان ته‌واو كردووه ‌و بێكاربن.

س.س
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان