تەندروستی

چەند راستییەک دەربارەی بەرزی فشاری خوێن

مەودا میدیا - سلێمانی |


 چەند راستییەک دەربارەی بەرزی فشاری خوێن
مەودا میدیا-

دکتۆر عارف گۆران، پسپۆڕ و راوێژکاری ھەناو لە بابەتێکدا باس لە چەند راستییەک دەربارەی بەرزی فشاری خوێن (Hypertension) و چەند خاڵێک دەخاتەڕوو.

1- بەرزە فشاری خوێن (زەختی خوێن) نەخۆشییەکی زۆر بڵاوە نزیکەی 104 بلیۆن کەس لە سەرانسەری جیھان کێشەی بەرزە فشاری خوێنیان ھەیە، ژمارەیەکی بەرچاوی تووشبووان لە وڵاتە ھەژارەکانن، بەشێوەیەکی گشتی لە ھەر چوار پیاو و لە ھەر پێنج ژن یەکێکیان کێشەی بەرزە فشاری خوێنیان ھەیە، ھەر کەسێک فشاری خوێنی 140/90 (لە کوردستان بە 14/9 دەناسرێت) یان زیاتر بێت ئەوە دەگەیەنێت، کە بەرزە فشاری خوێنی ھەیە, لەم حاڵەتەدا وا باشترە سەردانی دکتۆر بکات، بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە و ئەگەر پێویست بکات چارەسەر وەرگرێت، ھەندێک له‌ ناوەندە زانستییەکان لەو باوەڕەدان، کە پێویسته‌ رێژه‌ی 130/80 وەک بەرزە فشاری خوێن دابنرێت و نەخۆش دەبێت گۆڕانکاری لە ژیانی بکات.

2- بەرزە فشاری خوێن یەکێکە لە ھۆکارە سەرەکیەکانی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان و دەبێتە ھۆی جەڵتەی دڵ و مێشک، یاخود خوێن بەربوونی خوێنبەرەکانی مێشک، ئه‌گه‌ر له‌كاتی خۆیدا نەخۆش چاره‌سه‌ری وه‌رنه‌گرێت، له‌ ئاینده‌دا دەبێتە ھۆی پەککەوتن و سستبوونی دڵ و گورچیلەکان، هه‌ندێک جار ده‌بیته‌ هۆی خوێن بەربوون لە خوێن بەرەکانی چاو و کاریگەری نێگەتیڤی لەسەر تۆڕی چاو و دەماری چاو دەبێت.

3- لە زۆربەی حالەتەکاندا بەرزە فشاری خوێن ھیچ نیشانەیەکی نییه‌، ھەر بۆیە بە کوژەری بێدەنگ دەناسرێت (silent killer)، خەڵکانێکی زۆر ھەن فشاری خوێنیان بەرزە بێ ئەوەی ھەستی پێبکەن، بۆیە زۆر گرنگە خەلک چاودێری فشاری خوێنی خۆیان بکەن و لە ئەگەری بەرزی فشاری خوێن سەردانی دکتۆر بکەن، ئەگەرهاتوو فشاری خوێن زۆر بەرزبێتەوە بۆی ھەیە ھەندێک نیشانە درووست بکات وەک سەرئێشە، خوێن بەربوونی لووت، گێژبوون، سینگ ئێشان و دڵەکوتێ.

 4- لە زۆربەی حالەتەکاندا ھۆکاری سەرەکی بەرزی فشاری خوێن دیار نیە ( Essential Hypertension)، بەلام ئه‌وه‌ دەزانین، کە چوونە ناو تەمەن و رەقبوونی خوێنبەرەکان دەبنە ھۆی بەرزی فشاری خوێن . ھۆکاری بۆماوەیش رۆلی خۆی ھەیە، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك له‌ خێزانێكدا بێت، كه‌ فشاری خوێنیان هه‌یه‌، ئه‌گه‌ری تووشبوونی له‌ خه‌ڵكانی تر زۆرتره‌. له‌پاڵ ئه‌مانه‌ کۆمەلێک ھۆکاری تر ھەن، کە ئەگەری بەرزە فشاری خوێن زیاد دەکەن، وەک بەکارھێنانی بڕێکی زۆر لە خوێ ، خواردنەوەی ئەلکھول ، جگەرە کێشان ، قەلەوی و وەرزش نەکردن، لە 10%ی حاڵەتەکانی بەرزە فشاری خوێن دەتوانرێت ھۆکارەکانی دیاری بکرێت (Secondary Hypertension)، ئەو ھۆکارانەش بریتین لە تەسکبوونەوەی خوێنبەری گورچیلە و ھەوکردنی درێژخایەنی گورچیلە و کۆمەلێک نەخۆشی تری کوێرە رژێنەکان، ئەگەری ئەو ھۆکارانە له‌ گه‌نجێك زیاتر به‌دیارده‌كه‌وێت، كه‌ کێشەی بەرزە فشاری خوێنی ھەیە، بۆیە زۆر گرنگە ئەو نەخۆشانە لە لایەن پزیشکی پسپۆڕ پشکنینیان بۆ بكرێت و چارەسەری گونجاو وەرگرن.

5- هه‌ندێك ئافره‌ت ته‌نیا له‌كاتی دووگیانیدا دووچاری حاله‌تی به‌رزه‌ فشارری خوێن ده‌بن کە پێویستە‌ زوو ده‌ستنیشان بكرێت و چاره‌سه‌ری بۆ بكرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی زیانی زۆری بۆ کۆرپەلە ھەیە و ئەگەر کۆنترۆل نەکرێت ئەگەری ئەوە ھەیە ژیانی دایکه‌كه‌ و کۆرپەلەكه‌ی بخاتە مەترسیه‌وه‌، چارەسەری ئافرەتی دووگیان ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌ك بێت سه‌لامه‌تی كۆرپه‌له‌كه‌ بپارێزێت، بۆئه‌مه‌ش پێویسته‌ ره‌چاوی ئه‌و ده‌رمانانه‌ بكرێت، كه‌ به‌كاریده‌هێنێت، بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌و نه‌خۆشانه‌ لە ژێر چاودێری دکتۆری ئافرەتان چارسەری وەرگرن و لە ھەندێک کاتیشدا پێویستە راوێژ بە دکتۆری ھەناو بکرێت.

 6-له‌به‌ر به‌ربڵاوی نه‌خۆشییه‌كه‌ ھەر ماڵێک پێویستە ئامێرێکی پێوانی فشاری خوێنی ھەبێت لە ماڵەوە، دوو جۆر لەو ئامێرانە لە بازاڕدا ھەن، یەکێکیان جیوه‌ی ھەیە و بەکارھێنانی ھەندێک شارەزایی دەوێت، ئه‌وه‌ی تر ئەلیکترۆنیە و بەکارھێنانی ئاسانترە ، لە جۆری ئەلیکترۆنی باشتر وایە، کە ئەو جۆرەی لە قۆل ده‌به‌سترێت بەکاربھێنریت، چونکە زۆربەی ئەو جۆرانەی لەمەچەک ده‌به‌سترێن، زۆر ھەستیار نین و متمانەیان پێناکرێت.

7- زۆر جۆری ده‌رمان بۆ چارسەری فشاری خوێن لە بازاڕەکانی کوردستان ھەیه‌، ھەر جۆرێك لەو دەرمانانە چەندان جورعەی جیاوازیان ھەیە، ھەر یەکێک لەو دەرمانانە لە لایەن کۆمەلێک کۆمپانیای جیاواز دروست دەکرێت، بۆیه‌ زۆر گرنگە نەخۆش بزانێت بەرزە فشاری خوێن حالەتێکی درێژخایەنە و دەبێت بەردەوام لە ژێر چاودێری پزیشک ده‌رمان به‌كاربهێنێت و هه‌موو  دکتۆرێکی ھەناو دەتوانێت چارەسەری ئه‌و نه‌خۆشییه‌ بكات، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش کۆمەلێک پرۆتۆکۆل ھەیه‌، کە دەبێت پەیڕەوبکرێت و پزیشک بڕیار لەسەر بەکارھێنانی جۆری دەرمان و جورعەکەی بدات، دەرمانەکانی چارەسەری فشاری خوێن بۆی ھەیە وەک ھەر دەرمانێکی تر ھەندێک کێشە بۆ نەخۆش دروست بکات، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر نه‌خۆش هه‌ستی به‌هه‌ر كێشه‌یه‌ك كرد پێویسته‌ دكتۆرەکەی له‌مباره‌یه‌وه‌ ئاگادار بكاته‌وه. 

8- ئه‌وانه‌ی به‌رزه‌ فشاری خوێن یاخود هه‌ر نه‌خۆشیه‌كی تری درێژخایه‌نیان هه‌یه‌، باشتر وایە لە ژێر چاودێری یەک پزیشک چارەسەر وەرگرن، به‌رله‌وه‌ی نەخۆش سه‌ردانی دكتۆر بكات به‌چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك، وا باشە له‌كاتی جیاوازدا چه‌ند جارێك فشاری خوێنی خۆی لە مالەوە بكات، بۆ ئەوەی دكتۆر بتوانێت به‌ئاسانی بڕیار له‌سه‌ر ھەر گۆرانکاریەکی پێویست‌ بدات، بە ھەمان شێوە ده‌بێت نەخۆش لیستی ئه‌و ده‌رمانانه‌ی لابێت کە بەکاردەھێنێت، ئەو کەسانەی بە تەمەنن و خوێندەواریان نییە، ئەندامێکی خێزانەکەیان دەبێت ئەو ئەرکە بگرنە ئەستۆ .لێکۆلینەوەکان وا نیشان دەدەن کە نیوەی ئەو کەسانەی بەرزە فشاری خوێنیان ھەیە لە ژێر کۆنترۆڵدا نین، ئه‌وانه‌ن، كه‌ چاره‌سه‌ریه‌كه‌یان به‌ ته‌واوی وه‌رناگرن و له‌كاتی پێویستدا سه‌ردانی دكتۆر ناكه‌ن، دەبێت ئەوە بزانین کە ھەندێک نەخۆش پێویستی بە چەند دەرمانێکە لە گروپی جیاواز بۆ ئەوەی بەرزە فشاری خوێن کۆنترۆل بکرێت.

9- دڵه‌ڕاوکێ و ترس به‌شێوه‌یه‌كی كاتی فشاری خوێن به‌رزده‌كاته‌وه‌ (White-coat Hypertension)، بۆیە بەشێک لە نەخۆشەکان کاتێک سەردانی نەخۆشخانەو دکتۆر دەکەن فشاری خوێنیان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات و کاتێکیش لە مالەوەن و لە دۆخێکی ئارام دان فشاری خوێنیان نۆرماڵە، ئەو نەخۆشانەدا لە ڕێگای بەکارھێنانی ئامێری پێوانی فشاری خوێن بۆ ماوەی 24 کاتژمێر دەتوانرێت ئەو حاڵەتە دەسنیشان بکرێت، ئەو ئامێرە بۆ ئەو کەسانەش بە سوودە، کە کێشەیان لە کۆنتڕۆلکردنی فشاری خوێن هه‌یه‌، چونکە بە ھۆی ئەو ئامێرە دەتوانین خوێندنەوەی کۆمەلێک فشاری خوێنمان دەستبکەوێت لە ماوەی 24 کاتژمێردا.

10- ئەوانەی بەرزە فشاری خوێنیان ھەیە دەبێت به‌كارهێنانی خوێ زۆر کەم بکەوە، بەشێوەیەکی گشتی لە رۆژێكدا له‌ كه‌وچكێكی چای زیاتر به‌كارنه‌هێنن، ئه‌وانه‌ی جگه‌ره‌ ده‌كێشن و به‌رزه‌ فشاری خوێنیان هه‌یه‌ وا باشتره‌ واز له‌جگه‌ره‌كێشان بێن، چونکە جگەرەکێشان و بەرزەفشاری خوێن لە یەک کاتدا ئەگەرەکانی تووشبون بە جەلتەی دل و مێشک زۆرتر دەکات ، بەھەمان شێوە ئەوانەی ئەلکھۆل دەخۆنەوە دەبێت زۆر کەمی بکەنەوە، وەرزش کردن رۆلێکی زۆر گرنگی ھەیە بۆ باشبوونی فشاری خوێن، ئەوانەی کێشیان زیادە، ئەگەر بتوانن کێشیان دابەزێنن زۆر سوودی ھەیە، تەنانەت لێکۆلینەوەکان پێمان دەڵێن، بە دابەزاندی ھەر 10 کیلۆگرام لە کێش 10 پلە لە فشاری خوێن دادەبەزێت.

س.س
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن


News

ئیتر براکان دەستی یەکتر ناگرن

لەلایەن سۆزان حەمەتاتە