کوردستانی

لایەنە سیاسییەکانی کەرکوک ناتوانن بڕیاری یەکلاکەرەوە بدەن

مەودا میدیا - سلێمانی |


لایەنە سیاسییەکانی کەرکوک ناتوانن بڕیاری یەکلاکەرەوە بدەن
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

بەرپرسی ھەڵبژاردنی مەڵبەندی چواری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لە کەرکوک رایدەگەیەنێت زۆربەی زۆری لایەنە سیاسییەکان هاوڕان لەسەر دامەزراندنی لیستێکی کوردی بۆ هەڵبژاردنی عیراق، ئاماژەی بەوەشکرد لە ئێستادا گرنگە لایەنە سیاسییەکان بەجدی دانیشن بە تایبەتی یەکێتی و پارتی تاوتوێی پرسی یەک لیستی لایەنە کوردییەکانی کەرکوک بکەن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا.

محەمەد جەلیل، بەرپرسی ھەڵبژاردنی مەڵبەندی چواری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لە کەرکوک بە مەودا میدیای راگەیاند "سەرەتا کە بڕیاردرا لە مانگی تەموزدا هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئەنجام بدرێت هەوڵێکی جدی هەبوو لەلایەن زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکانەوە، بەڵام هەندێک لایەنیش بە نمونە پارتی دیموکراتی کوردستان خۆیان یەکلانەکردبووە کە لایەنە کوردییەکانی کەرکوک بە یەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بکەن".

ئاماژەی بەوەشکرد "زۆربەی زۆری لایەنە سیاسییەکان هاوڕابوون لەسەر دامەزراندنی لیستێکی کوردی بۆ هەڵبژاردنی عیراق، بەڵام کاتێک هەڵبژاردن دواخرا بۆ مانگی 10ی 2021 لایەنە سیاسییەکان لە ئامادەکارییەکان ساردبوونەوە، هەروەها وادەی تۆمارکردنی لیستی هاوپەیمانی لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق درێژکراوەتەوە و 10 رۆژێکی ماوە".

باسی لەوەشکرد "لە ئێستادا جموجوڵی لایەنە سیاسییەکان هەیە لە ناوخۆیاندا گفتوگۆ لەسەر پرسی هەڵبژاردن دەکەن، بەڵام تا ئێستا بڕیار نەدراوە کەی سەرجەم لایەنەکان پێکەوە کۆببنەوە بەمەبەستی تاوتوێکردنی بەشداریکردنی لایەنە کوردییەکان بە یەک لیست لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، هەروەها لە ئێستادا گرنگە لایەنە سیاسییەکان بەجدی دانیشن بە تایبەتی یەکێتی و پارتی تاوتوێی ئەو پرسە بکەن، بۆی بتوانین یەک لیستی بە کرداری جێبەجێ بکەین ".

س.س
Qaiwan
Qaiwan