کوردستانی

وەزارەتی پێشمەرگە: هیچ جوڵه‌ پێكردنێكی نائاسایی به‌رانبه‌ر هێزه‌كانی عیراق نه‌كراوه

مەودا میدیا - سلێمانی |


وەزارەتی پێشمەرگە: هیچ جوڵه‌ پێكردنێكی نائاسایی به‌رانبه‌ر هێزه‌كانی عیراق نه‌كراوه
مەودا میدیا-

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ده‌نگۆی جوڵه‌ پێكردنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، له‌ ناوچه‌كانی مه‌خمور و قه‌ره‌چوغ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "له‌باره‌ی ده‌نگۆی جوڵه‌ پێكردنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، له‌ ناوچه‌كانی مه‌خمور و قه‌ره‌چوغ رایدەگەیەنین، هیچ جوڵه‌ پێكردنێكی نائاسایی به‌رانبه‌ر هێزه‌كانی عیراق نه‌كراوه‌و ئه‌وه‌شی روویداوه‌، به‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌كه‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی تیرۆریستانی داعش‌ له ‌ناوچه‌كانی چیای قه‌ره‌چوغ و مه‌خمور زیادبووه‌ و  زانیارییه‌ هه‌واڵگرییه‌كان ئه‌وه‌ دووپاتده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ داعش ده‌یه‌وێت كرده‌وه‌ی تیرۆریستی له‌و ناوچانه‌ ئه‌نجامبدات. وه‌ك ئاماده‌سازی بۆ هه‌ر مه‌ترسی و جموجۆڵێكی تیرۆریستان له‌و ناوچانه‌دا، به‌شێك له‌یه‌كه‌ سه‌ربازییه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ناوچه‌كانی چیای قه‌ره‌چوغ و باكووری مه‌خمور خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە".

باسی لەوەشکرد "تەنها مه‌به‌ست لەو ئامادەسازییەی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، رێگریكردنه‌ له‌ کردەوەی تیرۆریستان و پاراستنی سه‌قامگیری و ئاسایشی ناوچه‌كه‌، پێشووتریش هۆشداریمان دابوو، له ‌مه‌ترسییه‌كانی تیرۆریستان له‌و ناوچانه‌دا، كه‌ به‌هۆی بۆشایی ئه‌منی له‌نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عیراقدا هەیە، له‌ ئەمڕوه‌شه‌وه‌ به‌رده‌وام داوای هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌شی سەربازیمان كردووه‌ بۆ تێکشکانی تیرۆریستان".

س.س
Qaiwan
Qaiwan