کوردستانی

محەمەد ئەمین پێنجوێنی پلانێکی مەترسیدار لەسەر ھەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات

مەودا میدیا - سلێمانی |


محەمەد ئەمین پێنجوێنی پلانێکی مەترسیدار لەسەر ھەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات
مەودا میدیا-

سیاسەتمەدارێکی دیاری باشووری کوردستان رایگەیاندووە پرۆسەی سیاسیی قەوارەی ھەرێمی کوردستانی عیراق لە قۆناغێکی زۆر مەترسیداردایە و باس لەوەش دەکات بچووکردنەوە و پووکانەوەی قەوارەکەی هەرێمی کوردستان و دوورخستنەوەی کورد لە دۆسیەی نەوت و غاز بە پیلانی دەزگا ھەواڵگرییەکانی سێ دەوڵەت دەکرێت.

محەمەد ئەمین پێنجوێنی، سیاسەتمەداری دیاری باشووری کوردستان لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە و دەڵێت " پرۆسەی سیاسیی قەوارەی ھەرێمی کوردستانی عیراق لە قۆناغێکی زۆر مەترسیداردایە".

 پێنجوێنی دەشڵێت "ئەو مەترسییانەش بە پیلانی دەزگا ھەواڵگرییەکانی  سێ دەوڵەتە، ئەو پیلانانەش کە بریتییە لە بچووکردنەوە، پووکانەوەی قەوارەکە و دوورخستنەوەی کورد لە دۆسیەی نەوت و غاز".

ئەو سیاسەتمەدارە چەند مەترسییەکی دیکە باس دەکات لەوانەش "ھەوڵدان بۆ ئەوەی پەرلەمانی عیراق بڕیارێک وەربگرێت کە چەمکی فیدراڵی لە سیاسەتی عیراقدا نەمێنێت و کردنی دۆزی کورد بە مەسەلەی ھاوڵاتیبوون لە چۆراچێوەی پارێزگاکاندا". 

ئاماژەی بەوەش کردووە "ھەر ھێز و گرووپ و کەسایەتییەکی کورد بەشداری لەم پیلانەدا بکات مێژوویەکی جیاواز بۆ خۆی دەنووسێتەوە!!. ئەم پیلانە چەند ساڵێکە خەریکی داڕشتنین وە ئێستا جێبەجێ دەکەن". 

روونیشی دەکاتەوە "تاکە رێگەش بۆ رزگاربوون لەم پیلانگێریە تەنھا یەکڕیزی ھێزە سیاسییەکانی کوردە و پێکھێنای یەک وتاری سیاسییە بۆ رزگاربوونی پرۆسەی سیاسیی باشووری کوردستان". 

ک. ر
Qaiwan
Qaiwan