کوردستانی

کەجەکە: هێرش کردنە سەر چیای گارە، هێرشە بۆ سەر تەواوی کوردستان

مەودا میدیا - سلێمانی |


کەجەکە: هێرش کردنە سەر چیای گارە، هێرشە بۆ سەر تەواوی کوردستان
مەودا میدیا-

کۆنسەی بەڕێوبەری کۆما جڤاکێن کوردستان "کەجەکە" لە راگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆسەر چیای گارە رایگەیاند بۆ جاری یەکەمە کە تورکیا لە رێگەی زەوییەوە هێرش دەکاتە سەر گارە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "دوابەدوای سەردانی وەزیری بەرگریی تورکیا و بەرپرسانی سوپا بۆ عیراق و هەرێمی کوردستان، لە سەرلەبەیانی رۆژی 10 ئەم مانگەوە هێرشێکی بەرفراوان لەسەر گارە دەستیپێکردووە و تورکیا بە فڕۆکە هێز دادەبەزێنێت لەو هەرێمانە و شەڕێکی قورس لە نێوان گەریلاکان و سوپای تورکیاند لە ئارادایە".

ئاماژەی بەوەشکرد "بۆ جاری یەکەمە کە تورکیا لە رێگەی زەویییەوە هێرش دەکاتە سەر گارە، بەهۆی ئەوەی لەسەر سنووری باکووری کوردستانەوە دوورە، پێشتر تەنها بە فڕۆکەی جەنگی بۆردوومان دەکرا، بە بێ هاوکاریی و پشتیوانی پەدەکە، سوپای تورکیا ناتوانێت هێرش بکاتە سەر گارە بۆ ئەم مەبەستەش ماوەی سێ مانگە پەدەکە بە رەوانە کردنی هێزەکانی سەر بەخۆی، گارەی بە تەواوەتی گەمارۆ دابوو، مەسرور بارزانیش ڕۆژێک پێش هێرشەکە، داگیرکەریی تورکیای رەوا نیشاندا".

ئاماژە بەوەشکراوە "تورکیا دەڵیت ئەو هەڵەیەی، کە لە باکووری عیراق کردوومانە بۆ رۆژئاوای کوردستان دووبارەی ناکەیەنەوە هەر بۆیە لە 22مین ساڵیادی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی لە دژی ئۆجالان دەیانەوێت پەکەکە پاکتاو بکەن و دەستکەوتەکانی رۆژئاوای کوردستان لە بار ببەن".

باس لەوەشکراوە "بە هێرش کردنە سەر گەریلا دەیانەوێت قەوارەی فیدراسیۆنی هەرێمی کوردستانیش لەبار ببەن، ئەگەر بتوانن خۆیان بگەیەننە گارە کە لەسەر سنوورەکانی تورکیاوە دوورە، ئەوا بە سانایی دەتوانن خۆیان بگەیەننە کەرکوک و موسڵ بەو پێیەش تورکیا بڕواتە کوێ لەوێ ناچێتە دەرەوە".

کەجەکە دەڵێت "هێرش لەسەر گارە، هێرشە بۆسەر تەواوی کوردستان و ژیانی ئازاد و دیموکراتیک، ئەگەر بەم شێوازە نەبینریت ئەوا ئەستەمە، کە کوردستان بە تەواوەتی ڕزگار ببێت، دەبێت سەرجەم توێژەکانی کۆمەڵگا لە کوردستان و جیهان لە دژی ئەم داگیرکارییە بە شێوەیەکی چالاک هەڵوێست نیشان بدەن و لە چوار چێوەی هەڵمەتی "بەسە بۆ گۆشەگیریی، فاشیزم و داگیرکاریی، کات کاتی ئازادییە" چالاکی ئەنجام بدەن".

ئەوەش هاتووە "هاوشێوەی هێرشی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک لەسەر زاپ لە ساڵی 2008 چۆن گەلی کورد لە ئامێدییە، دێرەلووک و شیلادزێ هەڵوێستیان نواند لەدژی داگیرکەران، دەبێت گەلی باشووری کوردستان بە گشتیی لە دژی داگیرکاریی تورکیا هەڵوێست بنوێنن، هاوشێوەی راپەڕینی شیلادزێ گەل لە دژی داگیرکەریی تورکیا راپەڕن و ڕێگە نەدەن باشوور داگیر بکرێت".

کەجەکە لە کۆتایی پەیامەکەی خۆیدا جەختی کردووەتەوە "دەوڵەتی تورک لە هەر شوێنێک لەدژی پاکتاوکردنی کوردان و لەباربردنی دەستکەوتەکانی کوردانە و نایەوێت گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیچ دەستکەوتێک بەدەست بێنن، هەر بۆیە گەلی کورد بۆ گەیشتن بە ژیانێکی ئازاد و دیموکرات پێویستە لە دژی ئەم سیاستە پاکتاوکارانەی دەوڵەتی تورکیا هەستنە سەر پێیان".

س.س
Qaiwan
Qaiwan