عیراقی

موقتەدا سەدر پشتیكردە خۆپیشاندەرانی عیراق و دەڵێن: ترساوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


موقتەدا سەدر پشتیكردە خۆپیشاندەرانی عیراق و دەڵێن: ترساوە
مەودا میدیا-

لایەنگرانی موقتەدا سەدر، سەرۆكی رەوتی سەدر مەیدانەكانی خۆپیشاندانەكانیان جێهێشت و رایدەگەیەنن بەو شێوەیە بەشداری ناكەن، سەركردەیەكی رەوتەكەش رایدەگەیەنێت كاتێك روون بووەوە سەدر پشتگیری خۆپیشاندانەكان ناكات كشانەوەیان بە باشتر زانی.

حاكم زاملی، سەركردە لە رەوتی سەدر بە ئاژانسێكی عیراقی راگەیاندووە "زۆرینەی سەرایا سەلام و لایەنگرانی سەدر و ئەوانەی هاوكاریی لۆجستیی خۆپیشاندەرانیان دەكرد كاتێك زانیان موقتەدا سەدر پشتیوانی خۆپیشاندەران ناكات، لە مەیدانەكانی خۆپیشاندەران كشانەوە".

ئەو سەركردەیەی رەوتی سەدر ئەوەشی وتووە "موقتەدا سەدر رایگەیاند بە نەرێنی یان ئەرێنی دەستوەردان لە خۆپیشاندانەكان ناكات لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەكانی عیراق"، ئەوەشی راگەیاند "ئەوەش بە واتای ئەوە دێت لەئێستادا دەست لە خۆپیشاندانەكان وەرنادات لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندیی عیراقییەكان".

لەلایەكی دیكەوە چەندین سەرچاوەی نزیك لە موقتەدا سەدر كە نەیانویستووە ناوەكانیان بڵاوبكرێتەوە ئاماژەیان بەوەكردووە "موقتەدا سەدر لە كاردانەوەی توندی ئەمەریكا ترساوە بۆیە ئەو بڕیارەی داوە و خۆی دوورخستنەوە لە پشتیوانیكردن لە خۆپیشاندەران".

دوێنی هەینی 23ی كانونی دووەمی  2020 لەسەر داوای موقتەدا سەدر خۆپیشاندانی ملیۆنی لە بەغدا و شارەكانی دیكەی عیراق بەڕێوەچوو و تیایدا خۆپیشاندەران و زۆرینەی هێزە شیعییەكان داوای دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكایان لە عیراق كرد، هەروەك لە ئاستی باڵای ئەمەریكی راگەیەندراوە هێزەكانیان لە عیراق ناكشێننەوە.  
Qaiwan
Qaiwan