راپۆرت

کەناڵی سوێس، رێگە گرنگەکەی بازرگانیی جیهانی لە مەترسیدایە

مەودا میدیا - سلێمانی |


کەناڵی سوێس، رێگە گرنگەکەی بازرگانیی جیهانی لە مەترسیدایە
مەودا میدیا- د.نازەنین عوسمان

کەناڵی سوێس لە میسر، درێژییەکەی (193 کم)ە و دەریای سوور و سپی بەیەکەوە گرێ دەدات. پێش ئەوەی کەناڵی سوێس بکەوێتە کار، کەشتییەکان دەبوو بەدەوری کیشوەری ئەفریقادا بسووڕێنەوە لە کاتی گەشتیان لەنێوان ئاسیا و ئەوروپا. کەناڵی سوێس رێگەکەی زۆر کورت کردووەتەوە، ئەمەش وادەکات پاشەکەوت لە کات و خەرجی و بەکارهێنانی کەشتییەکان و پیسکردنی ژینگەدا بکرێت. ئەو کەناڵە، خەونی فرعەونییەکان بووە و کەناڵێکی بچووکیان دروست کردووە، بەڵام سەرینەگرتووە.  کاتێ میسر لەژێر دەستی ناپلیۆندا بووە لە 1798، هەوڵی داوە کەناڵێک دروست بکات، بەڵام ئەندازیارەکانی پێیان وتووە دەریای سوور 10 مەتر بەرزترە لە دەریای سپی و گەر ئەو کەناڵە بکاتەوە؛ ئەوا دەلتای سینا ژێر ئاو دەکەوێت.

لە ساڵی 1854، ئەندازیاری فەرەنسی، فیرناند ماری دولەسێپ، کە لە میسر دیپلۆمات و هاوڕێی سەعد پاشای والی میسر بوو، بەدواداچوونی بۆ بیرۆکەی کەناڵی سوێس کرد و بە چڕیی ئیشی لەسەر کرد و بۆی دەرکەوت کە لێکۆڵینەوەکان هەڵە بوون و دەکرێت کەناڵێک دروست بکرێت. والی میسری رازی کرد و لە ساڵی 1854دەستیان کرد بە هەڵکەندنی ئەو کەناڵە بە بێڵ و ئامێری زۆر سەرەتایی. ژمارەی دانیشتوانی میسر لەو کاتەدا چوار ملیۆن کەس بووە، یەک ملیۆنیان لەو کەناڵەدا ئیشیان کردووە و لە کاتی کارکردندا 100 هەزار کەسی تیا مردووە.

خدێوی ئیسماعیل، لە کاتی فەرمانڕەواییەکەیدا لەگەڵ کۆمپانیای کەناڵی سوێس رێککەوت و کارەکەیان تەواو کرد. لە ساڵی 1869 هەڵکەندنەکە تەواو بوو.
بۆ کردنەوەکەی، خدێوی ئیسماعیل، زۆرێک لە ئیمپراتۆر و پاشا و ئەمیر و پیاوماقوڵانی دنیا و بەتایبەتی ئەوروپای بانگهێشت کرد. جگە لەمە گۆڕانکاریی بەرچاوی لە شاری قاهیرەشدا کردبوو، چەندین کۆشکی گەورە و پرد و گەڕەکی تازە و شاری وەکوو پۆر سەعید و پۆر تۆفیق و ئیسماعیلەی دروستکرد بەبۆنەی کردنەوەی کەناڵی سوێ.


لە ساڵی 2015 کەناڵی سوێس فراوانتر و قووڵتر کرا و زۆربەی رێگەکە بووە بە دوو ساید، ئەمە وای کرد کەشتی گەورە بتوانێ تێپەڕێت و ژمارەی پەڕینەوەکان زیاتر بێت. رۆژانە بایی نزیکەی 9.6 ملیار دۆلار کەلوپەل لە هەموو جۆرێک و نەوت بەو رێگەیەدا تێدەپەڕێت. یەکەم کەناڵە لە دنیادا بەو ڕێژەیە جووڵەی تێدابێت. لە سەدا دوانزەی هەموو بازرگانیی دنیا بەو کەناڵەدا تێدەپەڕێ.

لە ساڵی 2020، نزیکەی 19 هەزار کەشتیی بەو کەناڵەدا تێپەڕیوە، ئەمە لەکاتێکدا بەهۆی کۆرۆناوە سستیی کەوتبووە نێو مامەڵەی بازرگانییەوە.
کەشتیی ئێڤەرگڤن، کە لە ساڵی 2018 دروست کراوە و کۆمپانیایەکی یابانی خاوەندارێتی دەکات و لەلایەن کۆمپانیایەکی تایوانییەوە بەکاردێت و ئاڵای پەنەمای بەسەرەوەیە، درێژییەکەی 400 مەتر و پانیی 59 مەترە و توانای هەڵگرتنی 224 هەزار تەنی هەیە و لە کاتژمێرێکدا 181کم دەبڕێ.
لە بەرەبەیانی 23ی ئازاری 2021، لە کاتی چوونەناوەوەی بۆ نێو کەناڵی سوێس، بەهۆی چەند هۆکارێکی نەزانراو، کەشتییەکە بە خواری رێیی کرد و پێشەکەی لە زیخی رۆخی کەناڵی سوێس چەقی.

هەندێک پێیان وایە بەهۆی خراپیی رادەی بینینەوە بووە کە ئەو رۆژە خۆڵ باریوە و بایەکی بەهێزی هەبووە. هەندێکی تر بۆ هۆی تەکنیکیی دەیگەڕێننەوە، هەندێکی دیکەش بۆ هەڵەی مرۆیی و کەشتیوانەکە، ئەمە جگە لەوەی هەندێک دەڵێن بە پلان و بە ئەنقەست بووە.
پێش چوونە نێو کەناڵی سوێس، كەشتیوانەکە هەندێ جووڵەی سەیری بە کەشتییەکە کردووە و پێی سووڕاوەتەوە و نمایشی پێ کردووە تا توانای خۆی نیشان بدات. لەگەڵ ئەمانەشدا تاوەکوو ئێستا راستییەکان نادیارن و ئەم گریمانانە هیچیان پشتڕاست نەکراونەتەوە، پێدەچێت ئەم کێشەیە ساڵانێک بخایەنێ بۆ دۆزینەوەی راستییەکان. کێشەکە لێرەدا هەر هۆکارەکە نییە، بەڵکوو کێشەکە ئەوەیە لەو هەفتەیەدا کە کەشتییەکە گیریخواردبوو؛ چەندین ملیار دۆلار زیان بە کۆمپانیاکان و میسر گەیشتووە و سەدان کەشتی کە گیریان خواردبوو (نزیک 160 کەشتی، 41 هەڵگری زەبەلاح و 24 هەڵگری نەوت) لە چاوەڕوانیدا بوون تا بپەڕنەوە.

کێ بەرپرسیارێتی ئەو زیانانە هەڵدەگرێ؟ ئەو کەشتییانە هەمووی خاوەنی بیمەن، بەڵام کۆمپانیاکانی بیمە ناتوانن ئەو زیانە زەبەلاحانە لەئەستۆ بگرن.
پێش دروستکردنی کەناڵی سوێس، کەشتییەکان بە کاپتی ئەفریقا (رأس الرجا‌‌و الصالح)دا تێدەپەڕین، کە 35000کم درێژترە و 12 رۆژ دوورترە.


کەناڵی سوێس، لە کاتی دروستکردنییەوە تا ئەمڕۆ، چەند جارێک لە کار کەوتووە
- دوای ئەوەی جەمال عەبدولناسر کەناڵی سوێسی خۆماڵی کرد لە 1956 و شەڕی کەناڵی سوێس، کە لەمیسر پێی دەڵێن شەڕی دوژمنایەتی سێلایەنە (بەریتانیا و فەرەنسا و ئیسرائیل) تا 1958 لە کار کەوت.
- لە شەڕی ئۆکتۆبەری نێوان میسر و ئیسرائیل لە 1967  تا 1975 بەردەوام بوو، هێڵی بارلیف هاوتەریب لەگەڵ کەناڵی سوێس لە دەست ئیسرائیلدا بوو و ئەو ناوچەیە هەمووی مینڕێژ کرابوو و کەناڵی سوێس کەڵکی بەکارهێنانی بازرگانیی نەبوو.
- لە ساڵانی دوای 1975  چەند جارێک بۆ کاتی زۆر کورت وەستاوە کە لە چەند کاتژمێرێک تێنەپەڕیوە.
ئەمەی ئەم جارە روویدا و نزیکەی یەک هەفتەی خایاند، پیشانیداین کە جووڵەی بازرگانیی زۆر هەستیارە و ئاسایشی خۆراک و وزە هەموو کاتێک لەمەترسیدایە.
بەهۆی راوەستانی هاتوچۆ لە کەناڵی سوێس، نرخی نەوت بە رێژەی (4.2%) بەرزبووەوە. هەروەها پێشبینی دەکرێت نرخی زۆربەی ئەو بەرهەمە بازرگانییانەی گیریانخواردبوو، زیاد بکرێت و باجەکەی خەڵک دەیدا.

بە بۆچوونی هەندێ لایەن گیربوونی ئەو کەشتییە بە پلان بووە نەک  رووداوێکی خۆڕسک بووبێ و ئەم بۆچونەش لەبەر ئەم هۆیانەن:
ئەو کەشتییە زۆر تازەیە و بێ کێشە بووە. نەبوونی رادەی بینینی باش بەهۆی خۆڵبارین، ئەم کەشتییە تازەترین تەکنەلۆجیای هەیە؛ کەواتە دەتوانێ لە خراپترین کەشوهەوادا رێگەی خۆی بدۆزێتەوە، جگە لەمەش رێنیشاندەرەکانی کەناڵی سوێس هێندە شارەزایان هەیە کە رێگەی نیشان درابێت. هەبوونی با لەو رۆژەدا، بۆ کەشتییەکی وا گەورە و قورس زۆر زەحمەتە لە رێڕەوی لابدات.
نەزانیی کەشتیوانەکە، کەشتیوانەکە هێندە شارەزا بووە پێش چوونە ناو کەناڵی سوێس هەندێ جووڵەی سەرنجڕاکێشی کردووە و وێنەی کێشاوە بە جووڵانەوەی کەشتییەکە و بە سەتەلایت گیراوە، ئەمە وا نیشان دەدات کە کەشتیوانەکە زۆر شارەزا و بەتوانایە.
ئەو کەشتییە خاوەنەکانی چەند وڵاتێکن: یابان و تایوان و پەنەما،تا وڵاتێک  بەتەنها تاوانبار نەبێت و هەریەکە خۆی لە لێپرسراوێتی دووربخاتەوە.

هەندێ وڵات حەز دەکەن کەناڵی سوێس شکست بهێنێت، لەوانە:
روسیا، هەرچەندە روسیا زیانی زۆری بەرکەوت بەهۆی راوەستانی هاتوچۆی کەناڵی سوێس، چونکە زۆربەی نەوتی روسیا بۆ ئەوروپای رۆژئاوا بەو رێگەیەدا دەینێرێت، کە لە سەدا پێنجی هەموو بەرهەمی نەوتی روسیی بەم کەناڵەدا تێدەپەڕێت، بەڵام لە تویتێکدا کۆمپانیای روس ئەتۆمی سەر بە حکومەتی روسی، گاڵتە بە کەناڵی سوێس دەکا و دەڵێن: لێرەدا دەردەکەوێت هێڵێ باکوور چەند گرنگە.

هێڵی باکوور ؛ ئەو هێڵەیە کە  لە کەناری روسیا زەریای هادی بە زەریای ئەتلەنتی دەگەیەنێت و بە زەریای جەمسەری باکووردا تێدەپەڕێت و بە هێڵێ باکوور دەناسرێت. ئەم هێڵە، کورتترین هێڵە لەنێوان ئەوروپا و ئاسیا، نزیکەی لە سەدا سی و پێنج کەمترە لەچاو رێگەی کەناڵی سوێس. لە ئێستادا چوار مانگ لە ساڵێکدا کار دەکات و کاتەکانی تر بە بەفری ئەستوور داپۆشراوە، بەڵام بەهۆی قەتیسبوونی گەرما، ساڵانە رێژەی بەفر کەم دەکات و تەکنەلۆجیای پێشکەوتووی ئێستا دەتوانن لە رێگەی کەشتی ئەتۆمییەوە بەفرەکە بشکێنن و رێگە بکەنەوە.

دوو وڵات ئەم رێگەیەیان زۆر پێ باشە، روسیا، خاوەنی رێگەکە و کەناری دەریاکەیە، هەروەها چینیش زۆری پێ باشە، یەکەم لەبەرئەوەی نزیکە، دووەمیش پێویستی بە رێگەی تر هەیە و نایەوێت تەنها کار بە یەک رێگە بکات.


پەیوەندییەکانی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل
ئیمارات دوای دروستکردنی دەربەندێکی زۆر گەورە بەناوی دەربەندی (جەبەل عەلی) هەڵدەدا رێگایەک لەو بەندەرە بۆ نێو دەریای سوور و لەوێ بە دەربەندی عەقەبە بگەیەنێت و لەوێوە بۆ ئیسرائیل. ئیسرائیلیش خۆی دەمێکە هێڵێکی بۆری نەوتی هەیە لەنێوان  ئیلات  لەسەر عەقەبە و دەربەندی عەسقەلان لەسەر دەریای سپی. ئیمارات بەخشکەیی هەڵدەدا ئەو خەتە دروست بکا هەر بۆیەش هەوڵیداوە زۆربەی ئەو بەندەرانەی دەکەونە قۆچی ئەفریقی بیخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی تا نەوت لە ئیماراتەوە بۆ ئیسرائیل و لەوێوە بۆ سەر دەریای سپی بنێرێ. راستە پەیوەندی میسر و ئیمارات بەهێزە، بەڵام هەوڵی دروست کردنی هەیمەنەی خۆی دەدا.

جگە لەم هێڵە، ئیمارات خەریکی دروستکردنی هێڵی شەمەندۆفێرە کە بە حەیفاوەی ببەستێتەوە.  ئەمانە هەمووی بۆ کێبڕکێیە لەگەڵ کەناڵی سوێس.
ئیسرائیل بیرۆکەی هەیە کە کەناڵێک هەڵکەنێ لە دوورگەی عەقەبە و بیبەستێتەوە بە دەریای سپی هاوتەریب بۆ کەناڵی سوێس. ئەم بیرۆکەیە لە ساڵانی کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە هەیە، کە تاکوو ئێستا جێبەجێ نەکراوە بەهۆی زۆریی بڕی تێچووەکەیەوە.

وڵاتێکی تر کە حەزبکا لە نرخی کەناڵی سوێس کەمبکاتەوە ئێرانە. ئێران هەوڵ دەدات ئەو کەشتییە بارهەڵگرانەی لە رۆژهەڵاتی ئاسیاوە دێن بەتایبەتی لە هیندەوە، بێنە بەندەری  چەپهاری ئێران و بە هێڵی زەمینی بیگەێنێتە دەریای قەزوین و روسیا و لەوێشەوە هەر بە هێڵی زەمینی بیگەێنێتە ئەوروپا. ئەم رێگەیە، لە سەدا سی کورتترە لە رێگەی کەناڵی سوێس. کە دەڵێین کورتتر، مانای تێچووی کەمتر. ئەم رێگەیە لەلایەن هیند و چین و روس پشتگیری لێ دەکرێت.

لەگەڵ ئەوەی ئەم هەموو رێگەیانە هەن، بەڵام تاکو ئێستا رێگەی کەناڵی سوێس خەرجیی لە هەموو رێگەکانی تر کەمترە، چونکە پێویستی بە گۆڕینی هەڵگرەکان نییە و لە شوێنی بارکردنییەوە تا داگرتنی، بە یەک جار دەکرێت، هەر بۆیە کەناڵی سوێس لە هەموویان گونجاوترە و بەکارهێنانی ئاسانترە. 

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

جەلەوە و مسک الخیتام

لەلایەن عیماد ئەحمەد


News

وڵاتانی ناوچەكە كامیان هەڵدەبژێرن؟

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن