راپۆرت
كەركوك؛ حزبە كوردییەكان لەسەر یەك لیستی یەك دەنگ نین و "مەترسیی دۆڕان" هەیە
مەودا میدیا - سلێمانی |
بڕیارە لە مانگی 10ی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەڕێوەبچێت تاوەکو ئێستاش لایەنە کوردستانییەکانی کەرکوک لەسەر هاوپەیمانی و یەک لیستی نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی، ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی دەڵێت "یەکێتی هەمیشە لەگەڵ یەک دەنگی کورددا بووە لە شاری کەرکوک"، هەروەها ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی پارتی پێیوایە لە رووی مەعنەوییەوە یەک لیستی بۆ خەڵکی کەرکوک گرنگە".
شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە مەودا میدیای وت "هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاوازە لە جارەکانی دیکە، چونکە ئەمجارە دەنگەکان لەسەر ئاستی تاکە، بۆیە ئەگەر لە کەرکوک کورد کە بازنەی یەکەكەمە، یەک لیست نەبێت دەبێت، بەڵام بۆ بازنەکانی دیکە ئەگەر کورد یەک لیست بێت باشترە".
دڵپاک تاهیر، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بۆ مەودا میدیا ئەوەی خستەڕوو "بڕیاری حزبە سیاسییەکانی کەرکوک پەیوەستە بە بڕیاری ئەو حزبانەی کە لە ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانن کە مەکتەب سیاسی و سکرتاریەت و بەرپرسی حزبەکانی لێن، هەروەها جگە لە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بزووتنەوەی گۆڕان و حزبە ئیسلامییەکان کاری سیاسی دەکەن لە کەرکوک، بەڵام لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ چالاکییەکی نییە".
"یەك دەنگبوونی كورد گرنگە"
"لە رووی مەعنەوییەوە یەک لیستی بۆ خەڵکی کەرکوک گرنگە، هەروەها ئەوە گرنگە لەئێستادا یەک دەنگبوونی کوردە، بۆ ئەوەی ئەو دۆخەی ئێستای کەرکوک نەهێڵدرێت، چونکە دۆخی کەرکوک لە ئێستادا زۆر خراپە"، شاخەوان عەبدوڵڵا وای وت.
"كۆبوونەوەی یەكلاكەرەوە بۆ یەك لیستی نەكراوە"
دڵپاک تاهیر ئاماژەی بەوەشدا "یەکێتی هەمیشە لەگەڵ یەک دەنگی کوردا بووە لە شاری کەرکوک، تائێستا کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە بۆ دروستکردنی یەک لیستی ئەنجام نەدراوە، بۆیە دروستبوونی ئەو لیستە تائێستا دیار نییە".
بەختیار ئەحمەد، کارگێڕی محەلی کەرکوکی حزبی شیوعی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "زنجیرەیەک کۆبوونەوە ئەنجام دراوە و بەشێک لە حزبە کوردستانییەکانی کەرکوک رێککەوتنی زارەکیان کردووە لەبارەی ئەوەی بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا یەکلایی نەبووەتەوە کە کورد بە یەک لیست بەشداری دەکات".
شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت "لە ئاستی سەرکردایەتی پەیوەندیی نێوان حزبەکان باشە بەس لە سۆشیال میدیادا خراپە، بۆیە دەبێت حزبە کوردییەکان کۆنترۆڵی ئەوە بکەن و لەگەڵ حکومەتی عیراق دانیشن لەبارەی پرسی خاکی کەرکوکەوە".
بەختیار ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد "ئەگەر لایەنەکان لێکتێگەیشتنیان هەبێت و لە هەندێک لە مافەکانی خۆیان خۆشبن و لایەنی کوردی بە یەک لیست دابەزێت، بێگومان سوودی گەورەی دەبێت بردنەوە مسۆگەر دەبێت بە دڵنیایەوە".
س.س