گێتی
رووحانی: کورۆنای گۆڕاو لە عیراقەوە هات بۆ ئێران
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
حەسەن رووحانی، سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، شەپۆلی چوارەمی کۆرۆنا لە عیراقەوە هاتووەتە ئێرانەوە، ئاماژەی بەوەشکرد سەفەرکردنەکانی نەورۆزی هاوڵاتییان هۆکاری بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای گۆڕاو بووە لە ئێراندا.
حەسەن رووحانی، سەرۆک کۆماری ئێران، ئەمڕۆ شەممە 10ی نیسانی 2021، لە لیژنەی نەتەوەیی بەرەنگار بوونەوەی کۆرۆنا، وتی "سێ شەپۆلی کۆرۆنا لە ئێران روویدا و ئێمە هەموو هەوڵێکمان بۆ رێگری لە هاتنی شەپۆلی چوارەم بوو، بەڵام بەداخەوە ئەوە بەهۆی هاتنی ڤایرۆسی گۆڕاو لە عیراقەوە روویدا".
رووحانی، وتیشی "هۆکارەکانی تری ئەو شەپۆلە، سەفەر کردنەکانی سەری ساڵی ئێرانی و سەردانەکان بووە، ئێمە پێش هاتنی سەری ساڵ رامانگەیاند کە چوون بۆ شارە سوور و پرتەقاڵییەکان قەدەغەیە، بەڵام هەندێک کەس ئەوەیان پێشێل کرد".
سەرۆک کۆماری ئێران، ئاماژەی بەوەشکرد "ئەبێ پابەندی هەموو رێکارەکان ببین، لەوانەیە هەندێک کەس بڵێن کە ئێوە ئەبوایە لەسەر سنوورەکان هەستیارتر ببوایەن تا ڤایرۆسی گۆڕاو نەیەتە ناو وڵات، مەگەر وڵاتانی ئەوروپی توانیان رێگری لە ئەوە بکەن".
ه.ع