عیراقی
سوپای عیراق و حەشدی شەعبی لە حەمرین ئۆپەراسیۆن دەکەن
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا- هەردی عوسمان
سوپای عیراق و حەشدی شەعبی لە ناوچەکانی دەوروبەری ناحیەی قەرەتەپە و قەزای خانەقین، ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ لەناوبردنی داعش دەستیپێکردوو بەرپرسێکی کورد دەڵێت، بڕیارە سێ رۆژ بەردەوام بێت.
محەمەد نارێنی، بەرپرسی کۆمیتەی قەرەتەپەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە مەودا میدیای راگەیاند "ئەمڕۆ یەکشەممە 11ی نیسانی 2021، ئۆپەراسیۆنی نێوان سوپای عیراق و حەشدی شەعبی بەمەبەستی لەناوبردنی پێگەکانی داعش لە ناحیەی قەرەتەپە و دەوروبەری و قەزای خانەقین و جەبەل حەمرین دەستیپێکرد".
راشیگەیاند "ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمڕۆ لە دوو قۆڵەوە بووە کە قۆڵێکیان بۆ ناوچەی شێخ باوە بووەو قۆڵەکەی تریش ناوچەی حەمرین بووە، بڕیاریشە بۆماوەی سێ رۆژ بەردەوامی هەبێت".
راشیگەیاند "لە ئۆپەراسیۆنەکەدا فرۆکەی جەنگی بۆردوومانی ئەو ناوچانەی کردووە گوماندەکرێت داعش خۆی تیا حەشاردابێت، بەڵام زیانەکان تا ئێستا نەزانراون".
ئەو ناوچەیەی ئەمڕۆ ئۆپەراسیۆنی تیادا ئەنجامدرا مۆڵگەی داعشە و تیایدا خۆیانی تیا رێکدەخەنەوە.
ه.ع