کوردستانی

گەرمیان بە دەرکردنی رۆژنامەیەک ساڵیادی تاوانی ئەنفال دەکاتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


گەرمیان بە دەرکردنی رۆژنامەیەک ساڵیادی تاوانی ئەنفال دەکاتەوە

مەودا میدیا- هه‌ردی عوسمان

سبەینێ ساڵیای 33هەمینی تاوانی ئەنفالە، لەو ساڵیادەدا ژماره‌یه‌ك رۆژنامه‌نوسى گه‌رمیان رۆژنامه‌یه‌ك به‌ناوى پرس ده‌رده‌كه‌ن و سه‌رنوسه‌رى رۆژنامه‌كه‌ش ده‌ڵێت رۆژنامه‌كه‌یان‌ به‌شێوه‌ى مانگانه‌ ده‌رده‌چێت.

كاروخ عومه‌ر، سه‌رنوسه‌رى رۆژنامه‌ى پرس، به‌ مه‌ودا میدیاى راگه‌یاند "سبەینێ لەیادی 33 ساڵەی تاوانى ئەنفالدا رۆژنامەى پرس بڵاودەکرێتەوە، وەک رۆژنامەیەکی سەربەخۆی تایبەت بە پرسی جینۆساید و کۆمەڵکوژی و گەیاندنی دەنگی نەبیستراوی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال بەنەفەسێکی جیاوازی کارکردن بڵاو دەبێتەوە".

راشیگه‌یاند "رۆژنامه‌كه‌ هەوڵێک دەبێت بۆ خستنەڕووی دیوە شاراوەکانی تاوانی ئەنفال و تێپەڕاندنی قۆناغی کولاندنەوەی برینی کەسوکاری ئەنفالکراوان و رێگریکردن لە بەکارهێنانی کەیسی ئەنفال بۆ دەستکەوتی حیزبی و سیاسی، موزایەده‌ی سیاسیەکانی کورد، لێرەوە ئەرکی رۆژنامەی (پرس) دەستپێدەکات".

كاروخ عومه‌ر، ئاشكراشیكرد "رۆژنامه‌كه‌ له‌ مانگه‌كانى داهاتووشدا ده‌رده‌چێت و گرنگى به‌ته‌واوى پرسه‌كانى دیكه‌ ده‌دات".

سبه‌ىنێ 14ی نیسانی 2021 ، 33 ساڵ تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر تاوانى ئه‌نفالدا، ساڵانى پێشوو به‌ چالاكى تایبه‌ت یادى ئه‌و تاوانه‌ ده‌كرایه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئیداره‌ى گه‌رمیان رایگه‌یاند به‌هۆى ڤایرۆسى كۆرۆناوه‌ سبه‌ى هیچ یاد و چالاكییه‌ك به‌ڕێوه‌ناچێت.







Qaiwan
Qaiwan