کوردستانی

كاتى هێنانەوە‌ى رووفاتى ئه‌نفالكراوان ئاشكراكرا

مەودا میدیا - سلێمانی |


كاتى هێنانەوە‌ى رووفاتى ئه‌نفالكراوان ئاشكراكرا

مه‌ودا میدیا-

وه‌زاره‌تى كاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، كاتى هێنانه‌وه‌ى رووفاتى ئه‌نفالكراوانى ئاشكراكرد و رایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ ئاسایی بوونه‌وه‌ى دۆخى كۆرۆنا رووفاته‌كان ده‌هێنرێنه‌وه‌.

وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا له‌ ساڵیادى 33هه‌مینى تاوانى ئه‌نفالدا، ده‌ڵێت "دوابەدواى پڕۆسەی ئازادی عیراق لە ساڵی 2003 حكومەتی هەرێمی كوردستان كەوتە سۆراغ و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی جینۆسایدکراوانمان و هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی بیابانەكانی باشوری عیراق".

ده‌شڵێت "لە درێژەی هه‌وڵه‌كانمان توانیومانه‌ ژمارەیەکى زۆر گۆڕی بە كۆمەڵ هەڵبده‌ینەوە و كاری جددیش بكه‌ین بۆ هێنانەوەی رووفاتی 3737 شەهیدی جینۆسایدكراو كە دواهەمین گۆڕی بە كۆمەڵیان لە ساڵی 2019 لە بیابانەكانی پارێزگای سەماوە بوو".

وه‌زاره‌تى كاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان، ئاشكراشیكرد  "له‌و گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌ى سه‌ماوه‌ 171 رووفاتی ئەنفالی تیادا بوو، لە پاش رێكارە ئیداری و یاساییەكان ئامادەكاری كرا بۆ هێنانەوەیان و سپاردنەوەیان بە خاكی پیرۆزی كوردستان، هەرچەندە بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆناوە دواكەوت، بەڵام لەگەڵ ئاسایی بوونەوەی بارودۆخەكەداو لە كاتێكی گونجاودا بە مەراسیم و شكۆوە دەیانهێنینەوە كوردستان و بە خاكی کوردستانیان دەسپێرینەوە".

ئه‌مساڵ 33 ساڵ به‌سه‌ر تاوانى ئه‌نفالدا تێده‌په‌ڕێت، كه‌ تیایدا هه‌زاران كورد راگواستران بۆ ناوچه‌كانى خوار و ناوه‌ڕاستى عیراق و زینده‌ به‌چاڵكران، تائێستاش ژماره‌یه‌كى زۆرى رووفاتى ئه‌و ئه‌نفالكراوانه‌ له‌ بیابانه‌كانى ناوچه‌كانى خوار و ناوه‌ڕاستى عیراقن، به‌ وته‌ى كه‌سوكارى ئه‌نفالكراوانیش حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كارى جددى نه‌كردووه‌ بۆ هێنانه‌وه‌ى رووفاته‌كان.

هـ.ع


Qaiwan
Qaiwan