کوردستانی

خوێندنی ئۆنلاین چارەنووسی خوێندکاران بەرەو کوێ دەبات؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


خوێندنی ئۆنلاین چارەنووسی خوێندکاران بەرەو کوێ دەبات؟
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی هەڵکشانی رێژەی تووشبوون بە کۆرۆنا بڕیاریدا پرۆسەی خوێندن بکرێت بە ئۆنلاین، یەکێتیی مامۆستایانی کوردستانیش رایدەگەیەنێت شێوازی خوێندنی ئۆنلاین ئەو ئامانجە ناپێکێت کە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت.

عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لەبارەی بڕیاریدان لەسەر کردنی خوێندن بە ئۆنلاین بە مەودا میدیای راگەیاند "هەڵکشانی رێژەی تووشبووانی کۆرۆنا کاریگەری هەبووە لەسەر بە ئۆنلاینکردنی پرۆسەی خوێندن لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کە بەپێی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی ئەو بڕیارە دراوە".

باسی لەوەشکرد "یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان چەند تێبینییەکەی هەیە لەسەر ئەو بڕیارەی کە وەزارەتی پەروەردە داویەتی، یەکێک لەوانە ئەوەیە کە دەوامی قوتابخانەکان درەنگ دەستیپێکردەوە، هەروەها بڕیارەکە کەموکورتی تێدایە، چونکە قوتابخانەکانی دەرەوەی شار ناتوانن پابەندبن بەو بڕیارە، لەبەرئەوەی بەشێک لە گوندەکان مۆبایل و لاپتۆپ و هێڵی ئینتەرنێتیان نییە، هەتا کەناڵی پەروەردەش لە هەندێک شوێن وەرناگیرێت، بۆیە دەکرا رەچاوی ئەو خوێندکارانە بکرایە".

جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد "یەکێکی دیکە لە کێشەکان ئەوەیە کە خوێندکارانی 1 و 2 و 3ی بنەڕەتی ناتوانن سوود لە خوێندنی ئۆنلاین وەربگرن، هەروەها وەک یەکێتیی مامۆستایان داوامان کردووە کە هەفتەی رۆژێک مامۆستا و خوێندکار یەکتری ببینن".

ناوبراو وتی "پێمان وایە شێوازی خوێندنی ئۆنلاین ئەو ئامانجە ناپێکێت کە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت، بۆیە ئێمە وەک یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان چەند خاڵێکمان پێشنیازکردووە بۆ وەزارەتی پەروەردە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکیان نەداوینەتەوە".

وتیشی "پرۆسەی خوێندنی ئەلیکترۆنی نابێت تا کۆتایی ساڵبێت دەبێت لەگەڵ کەمبوونەوەی رێژەی تووشبووانی کۆرۆنا بڕیاری نوێ بدرێت، هەروەها نابێت هەرگیز بیر لەوە بکرێتەوە کە خوێندن بە وەرزێک کۆتایی پێبێت، چونکە خوێندکار زەرەرمەند دەبێت و ئاستی زانستی زۆر دادەبەزێت".

س.س
Qaiwan
Qaiwan