د.نازەنین عوسمان

د.نازەنین عوسمان

باڵیۆزخانە و کونسوڵخانە و ریفراندۆم

زۆر جار تێکەڵییەک دەکرێت لەنێوان باڵیۆزخانە و کونسوڵخانە، بەتایبەتی لە رۆڵ و ئیشیان. هەندێ جار ئەو تێکەڵییە لە نەزانینەوەیە و هەندێ جاریش بۆ چەواشەکردنی خەڵکە. وەک چۆن لە کاتی ریفراندۆمەکەی کوردستان، ریفراندۆمخوازەکان بوقی پشتیوانیی دەوڵەتانیان لێدەدا لە میدیاکانیانەوە و دەیانوت "کردنەوەی ئەو هەموو کونسوڵخانەیە لە هەولێری پایتەخت، نیشانەی دانپێدانانی ئەو وڵاتانەیە و پشتگیریی ئەو وڵاتانەیە بۆ سەربەخۆیی کوردستان". وەک ئەوەی کونسوڵخانە باڵیۆزخانە بێ.
 
رۆڵی کونسوڵخانە زۆر دوورە لە رۆڵی باڵیۆزخانە. لەو کاتەی ئەو وڵاتانە کونسوڵخانەیان لە هەولێر دەکردەوە، لە هەمان کاتدا لە زۆر شاری تریش لە عیراق دەیانکردنەوە، بەتایبەتی لە بەسرا و نەجەف و هەندێ شاری تر.

گۆڕینەوەی باڵیۆزخانە، پرۆتۆکۆڵێکی دیپلۆماسیانەیە، لەنێون دوو وڵاتی سەربەخۆ ئەنجام دەدرێت و پەیوەندییەکی دۆستانە و دانپێدانانە بەیەکتری. رێکخستنی ئەو پرۆتۆکۆڵانە، لەسەر بنەمای رێکەوتننامەی ڤیەننا بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان دەکرێت کە لە ساڵی 1961 واژۆ کراوە لەنێوان وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.

تەنها یەک باڵیۆزخانەی وڵاتێک دادەنرێت لە وڵاتی میواندار و زۆربەی کات لە پایتەختی وڵاتەکە دەبێت. نوێنەری وڵاتەکە، باڵیۆزی ناوە، کە بەرزترین دەسەڵاتی دیپلۆماسیی هەیە. زۆربەی کات گۆڕینەوەی نوێنەر بەهەمان پلە دەبێت لەنێوان هەردوو وڵات، تا رێز بۆ یەکتری نیشان بدەن. گەر وڵاتێک باڵیۆزی نارد، وڵاتی دووەمیش باڵیۆز دەنێریتە وڵاتی یەکەم و خۆ ئەگەر مفەوەزی نارد؛ ئەوا وڵاتی بەرانبەر بۆ شكۆی وڵاتەکەی، ئەویش مفەوەز دەنێرێ. گەورە و بچووکی نییە لەنێوان دوو وڵاتی سەربەخۆ، بەڵکو رێزگرتنە لە یەکتری.

شوێنی باڵیۆزخانە، موڵکی خۆیەتی و وڵاتی میواندار دەسەڵاتی بەسەردا نییە و شوێنێکی موحەڕەمەیە و پارێزبەندی هەیە هەتا کاتی روودانی شەڕ لەنێوان هەردوو وڵات ناتوانێت داگیری بکات. هەر کەسێکیش دیپلۆماتکار بێت، پارێزبەندیی هەیە و پارێزراوە و وڵاتی میواندار ناتوانێت بیگرێ یان دەستبەسەری بکات.

باڵیۆز، چەند جۆرێکی هەیە، لە هەموویان باڵاتر، باڵیۆزی سەروو نەریت (سفیر فوق العادە) کە دەسەڵاتی رەهای هەیە و نوێنەری راستەوخۆی سەرۆکی وڵاتەکە یان پادشای وڵاتە و نمایشی سیاسەتی وڵاتەکەی دەکات و توانای واژۆی رێککەوتننامەی نێوان هەردوو وڵاتی هەیە. دوای ئەو، باڵیۆز دێت، کە هەموو دەسەڵاتێکی باڵیۆزی سەروو نەریتی هەیە، بەڵام ناتوانێت رێککەوتننامە واژۆ بکات.

هەندێ جار لەجیاتی باڵیۆز، باڵیۆزی مفەوەز نوێنەرایەتی وڵاتەکە دەکات. باڵیۆزی مفەوەز، دەسەڵاتی لە دەسەڵاتی باڵیۆز کەمترە و بۆ هەندێ کاری تایبەتی، دەسەڵاتی تایبەتی دەدرێتێ. دەکرێت یەک باڵیۆز نوێنەر بێت لە چەند وڵاتێکی نزیک لەیەک، بەڵام بە بەردەوامی لە باڵیۆزخانەی وڵاتێکیان دادەنیشێ و لە وڵاتەکانی تر پێی دەڵێن باڵیۆزی نانیشتەجێ (غیر مقیم).

باڵیۆز، پەیوەندی سیاسیی نێوان هەردوو وڵات بەهێز دەکات و سەردانی بەرپرسانی هەردوو حکومەت رێکدەخات و پەیوەندی ئابووری، بازرگانی، سەربازی، رۆشنبیری، هونەری و وەرزشیی پەرەپێدەدات، بەتایبەتی گەر هەندێ باڵیۆزخانە پاشکۆی بازرگانی، سەربازی یان رۆشنبیریی نەبێت؛ ئەوا باڵیۆز بەو ئەرکانە هەڵدەستێت.

یەکێکی تر لە هۆیەکانی بوونی باڵیۆزخانە لە وڵاتی میواندار، بۆ پارێزگاری و ئاسانکاریی ئیشوکاری هاوڵاتیانیەتی لەو وڵاتە. هەروەها باڵیۆز ئاگاداری وڵاتەکەی دەکاتەوە لە هەموو رووداو و رەوشێکی وڵاتی میواندار لە رووی سیاسی و زانیاری و بازرگانی و سەربازی.

هەندێ وڵات بایەخی تایبەتی هەیە لە رووی بازرگانی یان گەشتوگوزار و خوێندن و رێژەیەکی زۆر هاوڵاتی و سەردانکەری هەیە، یاخود وڵاتێکە رووبەرەکەی فراوانە و بەمەبەستی کارئاسانی؛ ئەو باڵیۆزخانانە بەشی تایبەتی دەکەنەوە لە هەندێ شار و بەو بەشانە دەڵێن کونسوڵخانە. کونسوڵخانە، زۆر بچووکترە لە باڵیۆزخانە و بایەخی کەمترە. لێپرسراوی کونسوڵخانە، کونسوڵە. پلەی لە باڵیۆز نزمترە و وەک دیپلۆمات پارێزبەندیی هەیە.

کاروباری کونسوڵخانە، زیاتر گرنگیدانە بە هاوڵاتیانی و دەرکردنی ڤیزە و کاروباری کەسایەتییەکان لە تۆمارکردنی ژنهێنان و منداڵبوون و مردن و سکولەرشیپ دەکات. ئاسانکاریی دەکەن بۆ هاوڵاتیانیان تا نەچنە باڵیۆزخانە لە پایتەخت بۆ راپەڕاندنی کارەکانیان. لە لایەکی تریشەوە، رێخۆشکەرە بۆ پەیوەندی رۆشنبیری و بازرگانی و هونەری و وەرزشیی لەنێوان هەردوو وڵات.

بڕین یان هەڵپەساردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان
هەموو وڵاتێک مافی ئەوەی هەیە پەیوەندی دیپلۆماسی ببڕێ یاخود هەڵیپەسێرێ، هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتی نییە رێگری لەوە بکات. کاتێک وڵاتێک ئەو هەڵوێستە وەردەگرێ، بێ هۆکار نییە. زۆربەی کات هۆکارەکە هەڵوێست وەرگرتنە بەرانبەر دەستتێوەردان لە سیاسەتی وڵاتەکە یان شەڕفرۆشتن و دەستدرێژییە، جا بەشێوەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر وڵاتەکە یاخود بۆ سەر وڵاتێکی دۆستی، وەک چۆن لە هەندێ وڵاتی عەرەبی بەرانبەر بە ئیسرائیل یان وڵاتانی کەنداوی عەرەبی بەرانبەر بە ئێران دەگیرێتەبەر. 

لە کاتی بڕینی پەیوەندی، دەتوانێت هۆکارەکەی ئاشکرا بکات یاخود نەیکات، بەڵام وا باوە هۆکارەکەی ئاشکرا دەکەن. هەرچەندە بڕینی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان مافی هەموو وڵاتێکە، بەڵام تا بۆیان بکرێت نایکەن، تا کار نەگاتە مریشکە رەشە. لە ئێستادا روسیا بەشێک لە خاکی ئۆکرانیای داگیرکردووە و رۆژهەڵاتی ئۆکرانیایان پڕ کردووە لە سوپا و چەک، کەچی تاکو ئێستا پەیوەندی دیپلۆماسییان هەر ماوە و ناوبەناو هەڕەشەی راگرتنی دەکەن.

بڕینی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان جیاوازە لە هەڵپەساردنی، بڕینی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان؛ کۆتاییهێانانە بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و داخستنی باڵیۆزخانە و دەرکردنی دیپلۆماتکارەکانە بۆ وڵاتەکانیان، بەڵام هەڵپەساردن، مانای راگرتنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانە بۆ ماوەیەکی کاتی، هەرچەندە بەهەمان شێوە دیپلۆماتەکان رەوانەی وڵاتەکانیان دەکرێنەوە و باڵیۆزخانەش دادەخرێت، بەڵام کۆتاییهێنان نییە و راگرتنێکی کاتییە. هەروەها دوای راگرتنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، کاتێک کە پەیوەندییەکان دروست ببنەوە لەنێوان ئەو دوو وڵاتە؛ ئەوا پێویستی بە رێککەوتننامەیەکی تازەیە لەنێوان هەردوو وڵات، بەڵام لە کاتی هەڵپەساردن، کار بەو رێککەوتننامەیەی پێش هەڵپەساردن دەکرێ. 

لە هەردوو حاڵەتی بڕین و هەڵپەساردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، وڵاتی میواندار دەبێت پارێزگاری لە مۆڵک و ماڵی نێو باڵیۆزخانەکە بکات. هەروەها دەکرێت ئەرکی باڵیۆزخانەکە بدرێتە باڵیۆزخانەی وڵاتێکی تر کە رەزامەندی هەر سێ وڵاتی لەسەر بێ و کاروباری هاوڵاتیان لەلایەن باڵیۆزخانەی سێیەم بە بریکار بەڕێوەببرێ.

ئەمەریکا لە ئەیلولی 2020 هەڕەشەی لە بەغدا کرد گەر هێرش بکرێتە سەر باڵیۆزخانەکەیان؛ ئەوا باڵیۆزخانەکەیان دادەخەن. ئەمەش دوای ئەوەی میلیشیاکان چەند مووشەکێکیان گرتە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا. ئەم هەڵوێستەی ئەمەریکا، ئابڕووچوونێکی گەورە بوو بۆ بەغدا و بێدەسەڵاتیی حکومەتی عیراق نیشان دەدات.

پاش بەردەوامیی شەڕی ساردی نێوان ئەمەریکا و چین لە ساڵی رابردوو، ئەمەریکا کونسوڵخانەیەکی چینی داخست دوای تاوانبارکردنی دیپلۆماتە چینییەکان بە سیخوڕیکردن لەسەر دروستکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا و دیپلۆماتەکانی دەرکرد. چەند کاتژمێرێکی پێ نەچوو، چینیش یەکێک لە کونسوڵخانەکانی ئەمەریکای لە چین داخست و دیپلۆماتەکانیان دەرکرد و دەستیگرت بەسەر کونسوڵخانەکەدا دوای مۆڵەتی سێ رۆژ کە دای بە ئەمەریکا. هەرچەندە ئەمەریکا داوای لە چین کرد کە ئەو هەڵوێستە نەگرێتە بەر، بەڵام چین وەک کاردانەوەی هەڵوێستی ئەمەریکا ئەو کارەی کرد و ئەمەش وەک شەڕی کونسوڵخانەی لێهات. 

لە کۆتایی ساڵی 2020 ئەمەریکا بڕیاریدا بە داخستنی هەردوو کونسوڵخانەکەی لە روسیا و تەنها باڵیۆزخانەکەی ماوەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی روسیا داوای کرد ژمارەی دیپلۆماتەکانی ئەمەریکا کەمبکرێتەوە.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan