راپۆرت

عادل موراد؛ پیاوە مەنگەکەی سیاسەت

مەودا میدیا - سلێمانی |


عادل موراد؛ پیاوە مەنگەکەی سیاسەت
مەودا میدیا - راپۆرت

چەپێک کە تا لەژیاندا بوو دەستبەرداری باوەڕەکانی نەبوو، کوردێکی فەیلی کە ستەمی دەسەڵاتدارانی عێراق بەرانبەر نەتەوە و مەزهەبەکەی هەراسانیان کردبوو، گەنجێکی خوێنگەرم بوو، کاتێک حکومەتی عیراق داوای لێکرد هاوکاری بکات، رەتیکردەوە و لەبەرانبەردا باوکیان شەهید کرد.

عادل موراد، لە 11ی دیسەمبەری 1949 لە بەغدا لە دایكبووە، خوێندکار بووە پەیوەندی بە یەکێتی قوتابیانەوە کردووە، ساڵی 1965 لە بەغدا کاتێک عەبدولسەلام عارف سەردانی ئەو خوێندنگەیەی کرد کە عادل موراد تێیدا دەخوێند، موراد هەستایە سەر پێ و وتی جەنابی سەرۆکی بۆچی شەڕی خەڵکی کوردستان دەکەن و چیتان لە کورد دەوێت؟

لە قۆناغی ئامادەیی نمرەی بەرزی بەدەستهێناوە و ویستویەتی لە کۆلێژی پزیشکی بخوێنێت، بەڵام کاتێک سەردانی زانکۆی کردووە بۆئەوەی فۆڕمی خوێندن پڕبکاتەوە راگری کۆلێژەکە پێی وتووە "بەخوا جوانە هەر ئەوە مابوو کوردێکی فەیلی ببێ بە پزیشک".

دواتر بە هۆی پشتیوانی چەند کەسایەتییەکەوە، توانی لە کۆلێژی پەروەردە دەست بە خوێندن بکات، بڕوانامەی بە کالۆریۆسی لە زانکۆی بەغدا بەدەستهێناوە.

هەواڵگری حکومەتی عیراق، کەسێک دەنێرنە لای عادل موراد، پێی دەڵێن کە دەبێت هاوکاری حکومەت بکات و زانیاریان لەسەر سەرکردە کوردەکان بۆ کۆبکاتەوە، بەڵام موراد ئەوە رەتدەکاتەوە، هەڕەشەی ئەوەی لێ دەکرێت کە پەشیما ن دەکرێتەوە، بەڵام ئەو هەر سووربوو لەسەر باوەڕەکەی، لە ئەنجامدا، وەکو تۆڵەی ئەو هەڵوێستە، حکومەتی عیراق باوکی عادل مورادیان شەهید کرد.

سەرەتای حەفتاکان بەغدای بەرەو شاخ بەجێهێشت و بوو بە پێشمەرگە، لە یەکەم دیداریدا، مەلا مستەفا دەمانچەیەکی تایبەتی بە دیاری پێ بەخشی، دوای رێککەوتنی 11ی ئازاری 1975 گەڕایەوە ناوشار و بوو بە جێگری سکرتێری یەکێتی قوتابیانی عیراق.

لە ساڵی 1975 یەکێک بوو لەو چوار کەسەی کە بڕیاری دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانیان دا و شۆڕشی نوێیان هەڵگیرساند، کاتێک بڕیاری هەڵگیرساندنی شۆڕش درا، عادل موراد سەردانی لیبیای کرد و بڕی نزیکەی 400 هەزار دیناری وەکو هاوکاری بۆ شۆڕش لەگەڵ خۆی هێنایەوە.

موراد لەبەر دەستپاکی و راستگۆییەکەی زۆر جارانی تر سەردانی وڵاتانی کردووە و هاوکاری لەگەڵ خۆی بۆ پێشمەرگە هێناوەتەوە، لەبەر هەندێک ناکۆکی لەگەڵ سەرکردایەتی یەکێتیدا، واز لەو حزبە دەهێنێت کە خۆی دامەزرێنەری بوو.

ساڵی 1981 دەبێتە سۆسیالیست، ساڵی 1993 لەگەڵ زۆرێک لە هاوڕێکانیدا لە حزبی سۆسیالیست، گەڕانەوە ناو ریزەکانی یەکێتی، لەدوای رووخانی رژێمی بەعسەوە، عادل موراد چەندین پۆستی گرنگی حزبی و حکومی هەبووە.

باڵیۆزی عیراق بوو لە رۆمانیا، بەرپرسی مەکتەبی راگەیاندن یەکێتی بوو ، سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی بوو، ئەو هەر پۆستێکی هەبووبێت بە یەک گیان و باوەڕەوە کاری کردووە، لە سیاسەتدا مەنگ و لە پەیوەندی کۆمەڵایەتییدا قسە خۆش بوو، بە یەکێک لەو سەرکردانەی یەکێتی دادەنرا کە دژی سیاسەتی پارتی بوون. 

عادل موراد رۆژی 18ی ئایاری 2018 لە ئەڵمانیا بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد، ئاواش کۆتایی بە ژیانی پیاوێک هات کە سەرتاپای باڵای لە خەبات هەڵکێشرابوو. 

https://www.youtube.com/watch?v=k8j2rqFwCX8&t=24s
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە