راپۆرت

ویژدانت بۆ قوربانییەكان دەهەژێ.. ئیزرائیلی ئەشكەنجەدان لە توركیا كێیە؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


ویژدانت بۆ قوربانییەكان دەهەژێ.. ئیزرائیلی ئەشكەنجەدان لە توركیا كێیە؟
مەودا میدیا-
بەڵگە رەسمییەكان كە بەو دواییانە بڵاوكرایەوە ناسنامەی ئەو فەرماندەیەی پۆلیسی توركیا كە بە "ئیزرائیل" ناسرابوو دەردەخەن كاتێك بەرپرس بووە لە بەڕێوەبردنی كارەكانی ئەو زیندانییانەی لە ساڵی 2016 و دوای كودەتا شكستخواردووەكە دەستگیركرابوون و "ئیزرائیلە توركییەكە" بە قورسی ئەشكەنجەی دەدان.

بەپێی سەدان بەڵگەنامە كە لە زاری زیندانی و قوربانییەكانەوە تۆماركراون دەریدەخەن تاهیر دارباز ئۆغڵو، فەرماندەی پۆلیس كە لە ئەنقەرە كارەكانی دەكرد و بەرپرس بووە لە زیندانییە راگیراوەكان، بەتوندی ئەشكەنجەی داون و فەرمانەكانیشی لە رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە وەردەگرت.

پێگەی "نۆردیك مۆنیتۆر" بەشێك لەو بەڵگەنامانەی بڵاوكردووەتەوە كە چۆن بەپێی سیاسەتێكی بەرنامە بۆ دانراو و پشت ئەستوور بە ئەشكەنجەدان مامەڵەیان لەگەڵ زیندانیكراوەكاندا كردووە.

دارباز ئۆغڵو، بەرپرسی راسپێردراو بووە لەلایەن دەسەڵاتدارانی توركیاوە بۆ ئەشكەنجەدانی زیندانیكراوەكان بەمەبەستی "دانپێدانانی درۆ" كە بەشداربوون لە پیلانی كودەتا شكستخواردووەكەی 15ی یۆلیۆی ساڵی 2016.

بەپێی ماڵپەڕە سویدییەكە كە بەڵگەی زۆری خستووەتەڕوو دەركەوتووە پرۆسە سەربازییەكەی هاوینی 2016 هیچ نەبووە جگە لە "بزووتنەوەیەكی دروستكراو" بۆ زیاتر خۆسەپاندنی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا و رزگاربوونی لەو ژەنڕاڵ و فەرماندە سەربازییانەی دژی دەستتوەردانی توركیا بوون لە سوریا.

مامەڵەی ئەو فەرماندەیەی پۆلیسی تورك كە بە ئیزرائیل ناسراوە و تیمێكی لە ئەفسەری پۆلیس كە هاوكات تیمێكی دەزگای هەواڵگریی توركیای ناوبانگ خراپ هاوكارییكردوون، ئەشكەنجەی كچ و ژنەكانی داعشیشیان داوە و وتوویانە كە ئەوانە "دەستكەوتی شەڕ"ن و بە زۆر سێكسیان لەگەڵ كردوون.

راپۆرتەكان ئاماژە بەوە دەكەن دارباز ئۆغڵو و تیمەكەی دەستیان دەگرت بەسەر شتە تایبەتەكانی زیندانیكراوەكانیشدا وەكو پارە، زێڕ و زیو تەنانەت ئەنگوستیلەی هاوسەرگیرییش، ئەمە جگە لەوەی لاقەیان دەكردن و بە زۆر سێكسیان لەگەڵ دەكردن.

دارباز ئۆغڵو تەنها بەوەندە نەدەوەستا كە تیمەكەی بە درێژایی رۆژ و شەو ئەشكەنجەی زیندانیكراوەكان بدەن، بەڵكو خۆشی بەشداریی ئەشكەنجەدانی دەكرد و بەوپەڕی توندی لێی دەدان و هەموو شێوازەكانی توندوتیژیی و ئەشكەنجەدانی لەسەریان تاقیدەكردەوە.

پێگەی نۆردریك مۆنیتۆر لە راپۆرتەكەیدا لەبارەی ئیزرائیلە توركییەكە و ئەشكەنجەدانەكانییەوە نووسیویەتی "زیندانیكراوەكان بەتوندی لێیان دەدرا، جلەكانیان لەبەریان دادەكەند، بۆ ماوەی چەندین رۆژ و شەو نان و ئاویان نەدەدانێ‌، ناچاریان دەكردن بۆ ماوەی چەندین كاتژمێر لە دۆخێكی نامرۆڤانەدا بمێننەوە، زۆریان لە كارەبا دەدان و پەتیان دەكردە ملیان هەتا دەمردن".

بەپێی فەرمانی دارباز ئۆغڵو زیندانیكراوەكان لە دوو شوێنی سەرەكی لە گەڕەكی باخچەی ئەنقەرە دەهێڵدرانەوە، یەكەمیان هۆڵێكی وەرزشیی تایبەت بە تۆپی دەست بوو.

ژمارەی زیندانیكراوەكان چەندبوون؟
بەڵگەنامەكان روونی ناكاتەوە چەند كەس لەو دوو شوێنەدا زیندانیكرابوون، بەڵام بەپێی قسەی قوربانییە رزگاربووەكان بەنزیكەیی لەنێوان 600 بۆ 1000 زیندانیكراودا دەبوون، ئەمە لەكاتێكدا بەردەوام زیندانیكراوی نوێیان دەهێنا و هەندێك لەوانیشیان بۆ شوێنی دیكە دەگواستەوە.

شوێنی دووەمی ئەشكەنجەدان لە گۆڕەپانی وەستانی ئۆتۆمبێلەكان لە زیندانی سینكان لە ئەنقەرە بوو كە زیندانیكراوەكانیان لە ژێر خێمەدا هێشتبووە و لەسەر زەوییەكەی راخراو بە قوماشی ئاسایی دەژیان.

دارباز ئۆغڵو لەنێوان راگیراوەكان و شوێنەكانیاندا بەردەوام لە هاتوچۆدا بوو، هەروەها راستەوخۆ سەرپەرشتیی چۆنیەتی ئەشكەنجەدانەكانیانی دەكرد، لەگەڵ ئەوەی ناوی لەخۆی نابوو ئیزرائیل، بەڵام بەمەبەستی شاردنەوەی ناسنامەی راستەقینەی خۆی، چەندین ناوی خوازراوی دیكەی وەكو فەیسەڵ، بایرام و كافێری بەكاردەهێنا.

"وتی كچەكەت دەكەمە لەشفرۆش"
رائید ئۆكان ئەتا ئۆغڵو "تەمەن 39 ساڵ" كە ئەفسەر بووە لە سەرۆكایەتیی ئەركانی سوپا لە دانپێدانێكیدا لە رۆژی 20ی نۆڤەمبەری ساڵی 2017 لەبەردەم دادگای باڵای تاوانەكان لەبارەی دارباز ئۆغڵو وتی "پیاوێكی تەمەن 51 ساڵ بوو، بەنزیكەیی باڵای لەنێوان 160 بۆ 165 سانتیمەتر و رەشئەسمەر بوو".

دارباز ئۆغڵو لەكاتی قسەكردنی لەگەڵ راگیراوەكاندا وتبووی شانازی دەكات سەربازی كۆماندۆ بووە لە ناوچەی سیرت لەكاتی خزمەتی سەربازییدا.

ئەتا ئۆغڵو دەڵێت "ئەو رووداوەی ئازاربەخشەی كە هەرگیز بیرمناچێتەوە ئەوەیە؛ ئەو پیاوە تەمەن 51 ساڵەیە بەسەرمدا نەڕاندی و وتی تۆ دەبیتە هۆكاری لەناوچوونی خێزانەكەت و كۆتاییهاتن بە ژیانت، منداڵەكانت دەبەم و ئەو كچەت كە لامە دەیكەم بە لەشفرۆش".

"داوای لێبوردن لە هەمووتان دەكەم لەم هۆڵەی دادگا كە ئەمە دەبیستن، بەڵام پێویستە هەموو شتەكان بەئاشكرا باسبكەم".

ئەو ئەفسەرە ئەوەشی گیڕاوەتەوە "وشەی پێویست نییە بۆ وەسفكردنی ئەوەی لە زیندان روویدەدا، زیندانەكە پڕبوو لە خوێن، نە ئاو هەبوو نە خواردن، نزیكەی 800 بۆ 900 كەس تەنها دوو گەرماومان بەبێ پاككەرەوە بەكاردەهێنا، بەردەوام لێیان دەداین، لە چارەسەریی پزیشكی بێبەشكرابوون و بەردەوام هەڕەشەی كوشتمان لێدەكرا".

"دەستدرێژییان كردە سەر ژنێك بە بەرچاوی پیاوەكەیەوە"
نەقیب ئیردەم ئەرسەلان "تەمەن 39 ساڵ" باس لە دارباز ئۆغڵو دەكات و دەڵێت "دارباز ئۆغڵو پرۆسەی ئەشكەنجەدانی لە هۆڵی وەرزشی بەڕێوەدەبرد".
ئەرسەلان بەهەمان شێوەی ئەتا ئۆغڵو باسی تایبەتمەندییە جەستەییەكانی دارباز ئۆغڵو دەكات و دەڵێت ئەو پیاوە فەرمانی ئەشكەنجەدانی راگیراوەكانی دەردەكرد، بەرپرسی بوو لە شوێنەكانی راگیراوەكان و بەردەوام ناوی خۆی وەكو "ئیزرائیل" دەهێنا.

ئەرسەلان لەبەردەم دادگادا وتی "گوێم لەناوهێنانی دارباز ئۆغڵو بوو لەو كاتەی ئەفسەرەكانی پۆلیس لەناو خۆیاندا گفتوگۆیان دەكرد".

ئەو ئەفسەرە نموونەیەكی ئەشكەنجەدان باس دەكات و دەڵێت "دوو هاوسەری گەنج لە زیندانەكە بوون، جلەكانی ژنەكەیان لەبەردەم پیاوەكەیدا داكەند، دوایی ئاویانكرد بەسەریدا بەئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆری پۆلیس، دواتر ژنەكەیان ناچاركرد پەنجەكانی پێی ئیزرائیل ماچ بكات. چەندین جار بەقسە و كردەوە دەستدرێژییانكردە سەر ژنەكە بە بەرچاوی پیاوە داماوەكەیەوە".

"بەهەشت ئەفسەر لێیاندان و وتیان ئەوە دیاری پێشوازیكردنە"
نەقیب كینان شیمشەك "تەمەن 40 ساڵ" زیندانیكراوێكی دیكەیە كە "ئیزرائیلە توركییەكە" دەناسێت بەو پێیەی بەڕێوەبەری ئەشكەنجەدانیان بووە و رۆژی 2ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2018 لەبەردەم دادوەردا شایەتی دا.
 
شیمشەك ئەو ئەزموونە ترسناكە دەگێڕێتەوە كە لەماوەی 8 رۆژی زیندانیكردنی لە هۆڵی وەرزشەكە بینیویەتی؛ دارباز بەردەوام دەیوت ژن و منداڵەكان دەستكەوتەكانی شەڕن لای ئێمە بڕۆن هەموویان، واتە ژن و منداڵەكان كۆبكەنەوە و بیابنبەن و وایان لێبكەن "بەئاماژە دەیوت لاقەیان بكەن و دەستدرێژیی سێكسی بكەنە سەریان".

شیمشەك دەگێڕێتەوە و دەڵێت "كاتێك بۆ یەكەمجار بردمیانە هۆڵە‌كە، لەبەردەم دەرگاكەدا بە حەوت بۆ هەشت ئەفسەری پۆلیس لێیاندام و وتیان ئەوە دیاری پێشوازیكردنتە، دوایی بردمیانە لای زیندانیكراوەكان كە نزیكەی 1000 كەس دەبوون و ناچاریانكردبوون لەسەر ئەژنۆ بووەستن و دەستیان بخەنە پشتەوەی خۆیان و تەنها جلی ژێرەوەیان لەبەردابێت".

"بە ئازاری ئەشكەنجەدانەوە بۆ ماوەی سێ رۆژ بەبێ هیچ هاوكاریكردنێك مامەوە، ئاومان نەبوو، نەمدەتوانی لەسەر ئەژنۆ بووەستم بەهۆی ئازار و لێدانمەوە"، نەقیب شیمشەك لەبەردەمدا دادگادا بەو شێوەیە باسی ئیزرائیلی كردووە.

دەیان چیرۆك و دانپێدانی دیكە لەبارەی تاهیر دارباز ئۆغڵو "ئیزرائیل" هەن، رەنگە بەردەوامیش بن....

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان