کوردستانی

سەبارەت بەو سێ بەرپرسەی لە هەولێر دەستگیرکران زانیاریی نوێ دەدریت

مەودا میدیا - سلێمانی |


سەبارەت بەو سێ بەرپرسەی لە هەولێر دەستگیرکران زانیاریی نوێ دەدریت
مەودا میدیا-

نوێنەری پارتی یەکێتیی دیموکرات لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند پاش ئەوەی دوو رۆژ پێش ئیستا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن هێزێکەوە سێ بەرپرسییان دەستگیرکراوە، تائێستا هیچ زانیارییەکیان لەسەر نییە، ئەندامێکی نوێنەرایەتیی کانتۆنەکانی رۆژئاوا لە هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، "بەرپرسەکان لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەستگیرکراون".
 
نوری ئەسعەد، نوێنەری پارتی یەکێتیی دیموکرات پەیەدە لە هەرێمی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 10ی حوزەیرانی 2021 هەر یەک لە جیهاد حەسەن، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە هەرێمی کوردستان، مستەفا عوسمان، بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی یەکێتی دیموکرات لە هەولێر، مستەفا عەزیز، ئەندامی نونێنەرایەتیی پەیەدە، لە فڕۆکەخانەی نێودوڵەتیی هەولێر دەستگیرکراون، تائێستا هیچ زانیارییەکمان لەسەریان نییە لەلایەن کێوە دەستگیرکراون و ئەوان بۆ پێشوازی لە شاندێکی ئەوروپی چووبوونە فڕۆکەخانە".
 
هاوکات فەتحوڵڵا حوسەینی، ئەندامی نوێنەرایەتیی کانتۆنەکانی رۆژئاوا لە هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی میدیاییدا باسی لەوەکردووە "ئەو سێ بەرپرسەی پەیەدە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەستگیرکراون، لەلایەن هێزێکی سەربە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەستگیرکراون، ئەوان بەمەبەستی پێشوازیکردن لە شاندێکی ئەوروپی کە پێکهاتبوون لە ژمارەیەک رۆشنبیر و ئەندام پەرلەمان سەردانی فڕۆکەخانەیان کردبوو".

ئەمەش دوای ئەوەدێت رۆژی پێنجشەممە سێ بەرپرسی پارتی یەکێتیی دیموکرات پەیەدە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن هێزێکەوە دەستگیرکران و تائێستا هیچ زانیارییەک لەبارەیانەوە نییە.

پ.ح
Qaiwan
Qaiwan