کوردستانی

پەرلەمانتارێک: بۆ رێگریکردن لە دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان پێویستمان بە یاسا ھەیە

مەودا میدیا - سلێمانی |


پەرلەمانتارێک: بۆ رێگریکردن لە دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان پێویستمان بە یاسا ھەیە
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

رۆژی 12ی حوزەیرانی هەموو ساڵێک بە رۆژی جیهانی رێگریکردن لە کارکردنی منداڵان دیاریکراوە لە هەرێمی کوردستانیش رێژەیەکەی بەرچاوی منداڵان کاردەکەن و بەم هۆکارەش لە خوێندن دابڕاون، ئەندامێکی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داكۆكى لە مافی مرۆڤیش لە پەرلەمانی کوردستان هەبوونی یاسایەکی تایبەت بە کارکردنی منداڵان بە پێویست دەزانێت.

شادی نەوزاد، ئەندامی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داكۆكى لە مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "دەبێت جیاوازی لە نێوان ئەو منداڵانە بکرێت کە لەسەر شەقام و لە شوێن کارەکان کاردەکەن، چونکە بەشێک لەو منداڵانەی لەسەر شەقامەکان کاردەکەن زیاتر دەچێتە چوارچێوەی درۆزەکردنەوە، بەڵام هەردوو جۆرە کارەکە کێشەیە و پێویستی بە چارەسەکردنی خێرا هەیە".

ئاماژەی بەوەشکرد "لە ساڵی 2014 هەوڵێک هەبوو بۆ کارکردن بۆ رێگریکردن لە کارکردنی منداڵان، بەڵام لە دوای ئەو ساڵەوە بەهۆی قەیرانی ئابووری و هاتنی بە لێشاوی منداڵانی خواروو و ناوەڕاستی عیراق رێژەی کارکردنی منداڵان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە".

شادی نەوزاد وتی "بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە لەلایەن وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و رێکخراوەکانیشەوە چەند هەوڵێک دراوە، بەڵام ئەو هەوڵانەی دراون بەپێی پێویست نەبوون، هەروەها ئێمە بۆ رێگریکردن لە کارکردنی منداڵان و دەسترێژینەکردنە سەریان لەکاتی کارکردندا پێویستمان بە نووسینەوە و داڕشتنی یاسایەکە تایبەت بە کارکردنی منداڵان".

باسی لەوەشکرد "وەک لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داكۆكى لە مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان سەردانی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیمان کرد بۆ نووسینەوەی یاسای تایبەت بە کارکردنی منداڵان، بەڵام وەزارەت پێی راگەیاندن خۆیان یاساکە دەنووسنەوە و دەینێرنە پەرلەمانی کوردستان کە بەداخەوە تائێستا یاساکە نەهاتووەتە پەرلەمان".

ئەو ئەندامەی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داكۆكى لە مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان وتی "گرنگە لەو یاسایەدا تەمەنی کارکردنی منداڵان دیاری بکرێت بەشێوەیەک منداڵان لە سەروو 15 ساڵەوە بتوانن کاربکەن، هەروەها سنووری کارکردن و کاتی کارکردنی منداڵان دیاریبکرێت بە جۆرێک لە خویندن دانەبڕێن".

س.س
Qaiwan
Qaiwan