کوردستانی

"حکومەت دەتوانێت لەماوەی 24 کاتژمێردا کێشەکانی هاوڵاتییان چارەسەر بکات"

مەودا میدیا - سلێمانی |


"حکومەت دەتوانێت لەماوەی 24 کاتژمێردا کێشەکانی هاوڵاتییان چارەسەر بکات"
مەودا میدیا-

سەرۆکی فراکسیۆنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئاشکرایکرد "حکومەتی هەرێمی کوردستان پارەی پێویستی لە بەردەستدایە و دەتوانێت نەک بە ماوەیەکی زۆر بەڵکو لەماوەی 24 کاتژمێردا سەرجەم کێشەکانی هەرێم و مووچەی فەرمانبەران و بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین چارەسەر بکات، داواکاری پزیشکان و کارمەندانی نەخۆشخانەی هیوا سەبارەت بە مووچە و شۆفێرانی تاکسی و تایبەت سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینمان گەیاندووەتە حکومەت".

کازم فاروق، سەرۆکی فراکسیۆنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە پێنەدانی مووچەی هاوکاری بە کارمەندان و پزیشکانی نەخۆشخانەی هیوا و بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و نیگەرانی هاوڵاتییان بە مەودا میدیای راگەیاند "حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پشتبەستن بە داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەکان و فرۆشتنی نەوت، بڕی پارەی پێویستی لە بەردەستدایە و دەتوانێت سەرجەم کێشەکان نەک بە ماوەیەکی زۆر، بەڵکو لەماوەی 24 کاتژمێردا چارەسەر بکات، بەڵام ئامانجی چارەسەرکردنی ئەم دۆخەی نییە، هاوڵاتییان تادێت نیگەرانتر دەبن، ئێمە نوێنەری دەنگی خەڵکین لە پەرلەمان و ئەرکی خۆمان جێبەجێ دەکەین".

ئاماژەی بەوەشکرد "لە دوو نووسراوی جیادا داوامان ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، تا ئەو بڕە هاوکارییەی بەڵێنی دابوو بیداتە کارمەندان و پزیشکانی نەخۆشخانەی هیوا لە بەرانبەر دەوامکردنی زیادە و خۆبەخشی خەرج بکات، حکومەت بەڵێنی بە کارمەندانی خۆبەخشدابوو بەپێی توانا مانگانە هاوکارییان بکات، بەڵام بۆ ماوەی شەش مانگ دەبێت هیچ هاوکارییەکیان بۆ خەرج نەکراوە، هەروەها بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین نیگەرانی شۆفێرانی تاکسی و تایبەتی لێکەوتووەتەوە و داوامانکردووە نرخی بەنزین کەمبکرێتەوە".

ئاراس محەمەد، کارمەندی نەخۆشخانەی هیوا بە مەودا میدیای راگەیاند "حکومەت بەڵێنی بە کارمەندانی خۆبەخش دابوو مانگانە مووچەی هاوکارییان بداتێ، پێم سەیرە حکومەت بەڵێنی لەو جۆرە دەدات، لەکاتێکدا ئێمەی کارمەندانی فەرمی مووچەکانمان دوادەکەوێت".

ئەمەش دوای ئەوەدێت بەهۆی خەرجنەکردنی هاوکارییەکانیان بۆ ماوەی شەش مانگ، بەشێک لە کارمەندان و پزیشکانی نەخۆشخانەی هیوا دوێنی دووشەممە 14ی حوزەیرانی 2021 لەبەردەم شەقامی نەخۆشانەکە گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی، هاوکات بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین شۆفێرانی تاکسی و تایبەت لە سلێمانی و چەند ناوچەیەکی دیکە گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان ئەنجمادا، پارێزگاری سلێمانیش رایگەیاند "ئاسانکاری بۆ هەر کەسێک دەکەین کە بیەوێت بەنزین هاوردەی شارەکە بکات".

پ.ح
Qaiwan
Qaiwan