کوردستانی

زانیاری نوێ سەبارەت بە بەشە بودجەی هەرێم ئاشکرا دەکرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


زانیاری نوێ سەبارەت بە بەشە بودجەی هەرێم ئاشکرا دەکرێت
مەودا میدیا-

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاشکرایکرد "بەغدا مەرجی بۆ حکومەتی هەرێم داناوە داهاتی نەوتی و نانەوتی حەوت ساڵی رابردووی بە داتا بخاتەڕوو، هەولێر و بەغدا پێویستییان بە میکانیزمی نوێ هەیە سەبارەت بە ناردنی بەشە بودجەی هەرێم، داهاتی فرۆشتنی نەوت حزبەکان لێی بەشداربوونە، هەربۆیە بەشی دابینکردنی مووچەی تەواوی فەرمانبەران بەبێ لێبڕین ناکات".

رێزان شێخ دلێر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق سەبارەت بە یاسای بودجە و ناردنی لەلایەن بەغداوە زانیاری نوێی ئاشکراکرد و بە مەودا میدیای راگەیاند "رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عیراق لەسەر یاسای بودجە مادەی 11 لە کۆمەڵێک بڕگە پێکهاتووە، بێگومان پێویستی بە میکانیزمی نوێ هەیە تەنها ئەوە بەس نییە حکومەتی هەرێم بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوت بە نرخی سۆمۆ رادەستی بەغدا بکات، دەبێت حکومەتی هەرێم داهاتی نەوتی و نانەوتی لە ساڵی 2014 تا 2021 بە داتا بخاتەڕوو کە ئایا چەندی دەستکەوتووە، دەبێت لیژنەی دارایی هەردوولا دانیشتن بکەن تا بزانن ئەو پێداویستییانە چییە کە بەپێی یاساکە هاتووە".

ئاماژەی بەوەشکرد "حکومەتی هەرێم وەک خۆیان باسی دەکەن تێچووی زۆریان هەیە و داهاتەکەیان بەشی مووچە و پێداویستییەکان ناکات، کاتێک ئەم قسەیان دەکرد کە نرخی نەوت نزمبوو و عیراق بە 40 دۆلار دەیفرۆشت، بەڵام ئەوان بە 20 دۆلار دەیان فرۆشت، بەپێی ئەوەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەنگمان بەوەداوە هەرێمی کوردستان بتوانێت سەربەخۆ نەوت بفرۆشێت، بێگومان رێژەی فرۆشی نەوتی هەرێم بەرزبووەتەوە".

باسی لەوەشکرد "بێگومان داهاتی هەرێمی کوردستان بەشی ئەوەی کردووە مووچە بەبێ لێبڕین بدرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی حزب بەشێکی زۆری بردووە و حزب هاوبەش بووە لە داهاتەکەی کە بەداخەوە ئەمە دەڵێم، نەتواندراوە مووچەی تەواوەتی فەمانبەران بدرێت".

پ.ح
Qaiwan
Qaiwan